گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکسانا چێلوشێڤا
ئامادەکردنی: بنار مستەفا:
ئۆکسانا چێلوشێڤا ڕۆژنامەنووسێکی ناوداری ڕووسیایە، کە لە ڕۆژنامەو گۆڤارە گەورەکانی ڕووسیا، ئوکرانیا، بلاڕووس، کازاکستانو کیرگستان کاری کردووە. هاوڕێی نزیکی ئاننا پۆلیتسکۆیڤا ، کە لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکر. خۆشی بە هۆی هەڕەشەی بەردەوام ئێستا لە فینلاندا وەک پەنابەر دەژیو درێژە بە کاری ڕۆژنامەنووسی خۆی دەدات. بە پێویستمان زانی گفتوگۆەیکی لەگەڵدا ڕێک بخات.
“بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ڕووسیا هەر خراپتر و خراپتر دەبێت!” ئەمە دەربڕینی ئەو ڕۆژنامەنووسەیە، کە پتر لە دەهەیەک لە دۆسییەکانی مافی مرۆڤ کاری ڕۆژنامەنووسی کردووەو بابەتی جۆراوجۆری ئامادە کردووە.
ئەو لە شاری زەپۆڕۆژیای ئوکرانیا لە دایک بووە. هەر لە منداڵییەوە ماڵی باوکی چوونەتە ڕووسیاو لەوێ خوێندنەکانی سەرەتایی تا زانکۆی خوێندوە. پاش کۆتایی هاتنی خوێندنەکانی، کاری ڕۆژنامەگەری کردووە. هەر لە سەرەتاوە بوارەکانی مافی مرۆڤ جێگەی بایەخی بووەو لە چەندین ڕۆژنامەو گۆڤاری جیاوازدا کاری کردووە. بە جیا لە ڕووسیا، هاوکات بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی کازاکستان، ئوکرانیا، بلاڕووسو کیرگستان بابەتی ئامادە کردووەو بڵاوکردۆتەوە.
لە پەیوەند بە کارەکانی سەرەتایەوە دەگیڕتێەوەو دەڵێت: “لە کازاکستان کاتێک کرێکارانی نەوت دەستیان دایە مانگرتن، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوەکەوتە بەر هێرشو سەرکوت کران. کاتێک کە چووین بۆ لێکۆڵینەوەی زیاترو ئامادەکردنی ڕاپۆرت، بەهەمان شێوە ئێمەش کەوتینە بەر هیرشی دەسەڵات. بۆم دەرکەوت کە کارکردن لەم بوارەدا ئاسان نییەو پڕە لە ئاستەنگی.”
لە ساڵی ٢٠٠٣وە کارەکانی تایبەت بە چیچانستان دەبێت. لەوێدا بە زۆر بوارو سیاسەتی دەسەڵاتدارانو بە تایبەتی لە پەیوەند بە پیشێلکردنی مافی مرۆڤەوە ئاشنا دەبێت، کە لە ئامادەکردنی بابەتەکانیدا ڕەنگ دەداتەوەو دواتر دەبێتە مایەی شەپۆلێک لە هەڕەشەکردن لە ژیانی، کە تا ئێستاش بەردوەامی هەیە. هەروەها ئاشنا دەبێت بە یەکێک لە ناودارترین ڕۆژنامەنووسی جیهان، کە دواتر تیرۆر دەکرێت، ئاننا پۆلیتسکۆڤا.
“بۆ یەکەم جار کە ئاننام بینی، پایزی ٢٠٠٢بوو. پاش تەقینەوەیەکی تیرۆریستی، ڕقو قینە بەرامبەر چیچینیەکان بڵاوبۆوە، زۆر جار ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە تەواو بێ تاواننو وەک هەموو کەسێکی تر ئەوانیش نیگەران بوون بە ڕووداوەکە. لە جێگەیەکدا ئاننا بوتلی ئاوی دابەش دەکرد بەسەر قوربانیەکاندا. دواتر بیستم، کە ئەو لەسەر حسابی خۆی ئەو ئاوانەی کڕیبوو. ئەوە یەکەم جار بوو کە ئانام بینی.”
زیاتر دەربارەی دیداری خۆیو ئاننا دەگێڕێتەوەو دەڵێت: “هەر لە کارکردنم لەسەر مەسەلەی چیچانیستان، زوو لە نزیکەوە ئاشنای ئاننا بوومو بووینە هاوڕێ. ئاننا کەم ڕێگەی دەدا خەڵکی لێی نزیکی بێتەوە، بەڵام من ئەو شانسەم بوو ببمە هاوڕێی. کەسایەتییەکی گەورەو مەزن بوو.”
ئاننا پۆلیتسکۆێڤا لەسەر کۆمەلێ بابەت هەڕەشەی لێ دەکرێتو دواتر تیرۆر دەکرێت. تا ئێستا دۆسیەکەی کراوەیەو تەنها یەک کەس دادگای کراوە، کە بە بۆچوونی زۆرێک، ئەو کەسە تاوانباری سەرەکی نییە. ئۆکساناش تیڕوانینی خۆی هەیە لەسەریو دەلێت “بکوژانی ئاننا ئاشکرانو ڕۆشنیشە لەسەر چی تیرۆرکرا. بە بۆچوونی من داوای کوشتنەکەی لە لایەن سەرۆکی چیچانستان، رامزان کەدیرۆڤەوە ئۆردەر کراوە. باوەڕی زۆرم بە ڕێکەوت نییە: تیرۆری ئاننا لە ڕۆژی لە دایک بوونی ڤلادمیر پوتیندا، وەک دیاریەک لە لایەن کادیرۆڤەوە بۆ پوتین بوو.”
گێڕاندنەوەی ئەم بیرەوەریانەو قسەکردن لەسەریان، دەیباتەوە بۆ چەندین سەردەمی جیاوازو چەندین یادگاری تاڵو شیرین دەهێنێتەوە یادی. بۆ چرکەیەک لەسەری ڕادەوەستێو بۆ چرکەیەکیش سوپاسی شانسی خۆی دەکات، کە تا ئێستا هەڕەشەکان تەنها لە ئاستی هەڕەشەدا ماونەتەوە. “بۆ یەکەمجار کە هەڕەشەی جددیم لێکرا، پشتیوانەیکی زۆر کرام لە لایەن کەسو کارو بە تایبەتی دراوسێکانمانەوە. هەستم دەکرد کە ئەوان پاسەوانیم دەکەنو دەمپارێزن.”
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، ئایا هیچ کات ئەو هەڕەشانە بوونەتە مایەی ئەوەی سانسۆڕ بخەیتە سەر خۆتو ئەوەی بتەوێت بەو شیوەیە بەیانی نەکەیت؟ گوتی “من هیچ کات سانسۆڕم نەخستۆتە سەر خۆم. چونکە ئەوانەی هەڕەشە دەکەن، ئەوەیان لە ئێمە دەوێتو بە مانای سەرکەوتنیان دێت. گەر بە پێی ئەو هەڕەشانە بێت کە دێتە سەرم، دەبوو وازم لەم پیشەیە بهێنایە.”
“لەمڕۆدا، هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی فراوان لە ڕووسیادا سەربەخۆ نییە.” ڕەنگە ئەمە تەنها تێڕوانینی ئۆکسانا نەبێت، بەڵکو ڕاستییەک بێت، کە لە ڕاگەیاندنی ڕووسیادا لە ساڵانی ڕابروودا ڕوویداوە. دەزگا ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان لە ئاستێکی بچوکدا قەتیسکراونەتەوەو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەسەلات بەردەوام گەشە دەکەنو فراوانتر دەبنو مۆنۆپۆڵی ڕاگەیاندنی ڕووسیایان کردووە.
سەبارەت بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان دەلێت: “توشی شۆک بووم، کاتێک چیرۆکی سەردەشت عوسمان، ئەو خوێندکارە ڕۆژنامەنووسە لاوەم خوێندەوە. تیرۆری چەندین ڕۆژنامەنووس لە ماوەیەکی کەمدا، بە مانای ڕەوشێکی خراپو سنووردانان بۆ کارەکەیان دێت. تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە ڕووسیا بیت یان لە کوردستان، بە مانای سەرکوتی دەنگی ڕاستییەکانە. ئێمە لە پاڵ کارەکانمانو بە جیا لە هەر باکگراوەندێک کە هەمانە، مرۆڤین. واتە کەسو کارمان هەیەو بە نەمانمان کەسانێکی زۆر دڵگران دەبن. ئەوانەی تیرۆر دەکەنە ئامانج، ئەم بەها مرۆییانە لە بەرچاو ناگرن، تەنها گەشتن بە ئامانجەکانیان بۆ مەبەستە.”
لە دوا وەڵامی پرسیارەکان، کە پێویستە چ بکرێت، ئۆکسانا دەڵێت: لانی کەم خۆ بە دەستەوەدان ڕێگە چارە نییە. پیویستە بەردوام بین لەسەر کارەکنمانو هاوپشتیو هاوکاری یەکتر بین. تا بتوانین سنوور بە هێرشو هەڕەشەو بەربەستیەکانی ڕۆژنامەنووسان ببینەوە.