لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، مەترسییەکانی تیرۆر لە تورکیادا بوە بە بەشێک لە روداوەکان. لە ساڵی ٢٠١٦ دا، پەلاماری خۆکوژیی و تەقینەوەی بۆمب لە ئەستەمبوڵ و ئەنقەردا بونە هۆکاری کوشتنی نزیکەی ٢٠٠ کەس و هەستکردن بە ترسێکی قوڵ هاتۆتە ئاراوە. یاریی تۆپی پێی نێوان یانە سەرەکییەکانی ئەستەمبوڵ و پێشانگا هونەرییەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی لە رۆژنامەکاندا لەهەمبەر هەبونی هەوڵی خۆکوژییدا. کەرتی گەشتیاریی تورکیا بەڕێژەی لە سەدا ١٠ کەمی کردوە، ئەمەش گەورەترین رێژەیە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردودا.
هاوڵاتییەکی ئەستەمبوڵ لەکاتی پیاسەکردنماندا بە شەقامێکی چۆڵی ئەو شارەدا کەناوی ئیستیقلالە و شەقامێکی سەرەکییە لە ئەستەمبوڵدا لە شەوێکی هەینیدا پێی وتم: “ئەمە سەرنجڕاکێشە و مایەی دڵتەنگییشە. هەرگیز شەقامی ئیستیقلالم بەو بێدەنگییە نەبینیوە. هەرگیز”.
سەرەڕای ئەوەش کاتێک کە ئەستەمبوڵ بێدەنگ دەکرێت، ئەو شارە بەردەوام هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت.
ئەنقەرە پایتەختی تورکیایە، بەڵام تورکیا بەهۆی گرنگی ئەستەمبوڵەوە وەردەچەرخێت، چونکە ئەستەمبوڵ دڵی تورکیایە و بزوێنەری ئابورییە و یەک لەسەر پێنجی ژمارەی دانیشتوانی تورکیا لە ئەستەمبوڵدا نیشتەجێن و داهات و باجی لە سەدا چلی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. لە ساڵی ١٩٧٠ دا، ئەستەمبوڵ تەنها دو ملیۆن خەڵکی تێدا دەژیا. بەهۆی گەشەی ئەم چەند دەیەی دوای ژمارەی دانیشتوانی ئەستەمبوڵ گەشتۆتە شانزە ملیۆن کە لە مەودای ٢٠٠٠ میلی (یەک میل ١٦٠٩ مەترە) چوار گۆشەدا نیشتەجێن و شەش ئەوەندەی قەبارەی شاری نیو یۆرکە لە ئەمریکا. ژمارەیەکی کەم لە شارە گەورەکانی جیهان بەو ڕێژەیەی ئەستەمبوڵ لە سەردەمی ئێستادا زیادیان کردوە و هەندێک ناوچەی شاری ئەستەمبوڵ بە تەواوی گۆڕاون و حکومەتیش نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری بۆ هەندێک پرۆژەی زەبەلاح تەرخانکردوە.
بەڵام شاری ئەستەمبوڵ لەوە زیاترە تەنها لە گەشەکردنەکەیدا کورت بکرێتەوە. ئەستەمبوڵ ئەو شوێنەیە کە تیایدا دەتوانرێت چاودێریی سەردەمی ئێستای جیهانی تێدا بکرێت بە هەمو شکۆ کارەسات-ئامێزەکانییەوە، لەوانەش: گەشەکردنی هیلاککەری شار، بەرتەسکردنەوەی ئازادیی، پاشەکشەی دیموکراسیی، کۆششی پەنابەران بۆ دەستکەوتنی لانکەیەکی ئارام، پێکدادانی ئیسلام و مۆدێرنێتە و بەرزبونەوەی ئاستی تیرۆریزم. پیتەر فرانکۆپانی مێژونوس لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت: “ئەستەمبوڵ ئێستا و هەمیشەش وەک بارۆمیتەرێک/پێوەرێک وا بوە و جۆرێکیش بوە لە سیستەمی ئاگاداریی پێشوەختە لەهەمبەر گوشارەکانی سیستەم بۆ پێشکەوتن.”
ئەستەمبوڵ شارێکی زۆرینە موسڵمان و خاڵی لێکجیابونەوەو پێکەوەبەستنی نێوان کیشوەری ئەوروپا و ئاسیایە و بەردەوام شوێنێک بوە کە تیایدا نەریتیی ئیمان و پەرەسەندنی مۆدێرنێتە روبەڕوی یەکتر بونەتەوە. لە ئێستاشدا بوە بە شوێنێکی بنەڕەتیی ئایدۆلۆجیی و کەوتۆتە بەرداشی نێوان دیموکراسیی لیبڕاڵیی و دیکتاتۆرییەتەوە، یان سیکۆلاریزم و دەوڵەتێک کە بە ئایینیی ئیسلام کاریگەرە، یان ئەتاتورک و ئەردۆغانەوە- ئەوە سەرەڕای ئەو هەمو کەموکورتییانەی ئەستومبول کە یەکێکە لە خێراترین شاری گەشەکردوی شارە گەورەکانی جیهان.
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە وتارێکیدا لە ئاهەنگی دەرچونی خوێندکاراندا هۆشداری دایە گەنجانی قوتابخانەیەکی ئەستەمبول و رایگەیاند: “ئەو رێسایەی کە فەرمانڕەوای جیهانی پێدەکرا لە ماوەی چەند سەدەی رابردودا لە ئێستادا پەرت دەبێت. ئەو ئازارانەی ئێمە چەشتومانن و ئەو قەیرانانەی یەک لە دوای یەک بەرۆکمان دەگرن ئاماژەن بۆ شەپۆلێکی نوێی گۆڕانکاریی.”
لە ساڵی ١٩٥٠ دا، زیاد لە سەدا هەشتای هاوڵاتی تورکیی لە دەرەوەی شارەکاندا دەژیان. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بەپێی ئاماری رەسمی دامودەزگای تورکیا لە سەدا نەوەدو دوی دانیشتوانی تورکیا لە شارەکاندا دەژین. فراوانبونی شارەکان بە گونجاوی جێکراوە: تەنها لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٠، بنیاتنان (پرۆژەی نیشتەجێبون و رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە) لە تورکیادا پێنچ ئەوەندە زیادی کردوە.
ئامێری بەرزکەرەوە/کرەین ئاسمانی شاری ئەستەمبولی تەنیوە هەروەک شارەکە لە پێشبڕکێدایە بۆ بنیاتنانی خانو، نوسینگە و ژێرخانی زیاتر و کێبڕکێ کردن لەگەڵ شارەکانی تری هاوشێوەی وەک نیویۆرک و دوبەی لە هەردو بواری کارامەیی و وەبەرهێناندا. بەپێی ئاماری توێژینەوەیەکی دەزگای ماستەرکارد و لە ساڵی ٢٠٠٩ وە، ئەستەمبول پەیوەندیی/گەشتیی نێودەوڵەتی فرۆکەی بەڕێژەی لە سەدا سەد و یانزە زیادی کردوە ئەوە لە کاتێکدا شاری لەندەن تەنها بە ڕێژەی لەسەدا چوار زیادی کردوە. لەم چرکە-ساتەدا، نزیکەی سیانزە هەزار کرێکار بە بەردەوامیی لە پڕۆژەیەکی دروستکردنی فرۆکەخانەیەکدا بە بڕی سی ملیار دۆلاری ئەمریکی کار دەکەن. بەدەیان هێڵی میترۆ و شەمەندەنەفەری کارەبایی دروستکراون و لە مانگی ٣-٢٠١٦ دا کرێکارانی پرۆژەی دروستکردنی گەورەترین پردی هەڵواسراو لە جیهاندا کە بە سیستەمی هێڵی ئاسنینە و لە قۆناغی تەواو بوندایە وردە وردە دەستیان بە کۆتایی هێنان بە ئیشکردن تیایدا دەکرد.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی، بواری بنیاتنان گەندەڵترین بوارە لە هەمو جیهاندا و ئەو گەشەکردنەی ئەستەمبوڵیش لەو گەندەڵییە بەدەر نییە. لە مانگی ٣-٢٠١٦ دا، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکیی رەزا زەڕابی-یان دەستگیر کرد کە بازرگانێکی تورکیی-ئێرانییە و یەکێکە لە فیگەرە دیارەکانی ئەو سکانداڵی گەندەڵییەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا هەمو تورکیای هەژاند. بازرگانە دیارەکان و سەرکردە نێوخۆییەکان و وەزیرە باڵادەستەکانی تورکیا لەوانەش موستەفا دەمیر کە قایمقامی شاری دێرینیی فاتیحە لە ئەستەمبوڵدا بە گەندەڵییەوە تێوەگلان. هاوشێوەی سەردەمانی کۆن، گەورەترین گەندەڵیی تورکیا پەیوەندیی بە خزمخزمێنە و مەحسوبییەتەوە هەیە کە بە تۆڕێکی توندیی بازرگان و کەسانی زۆر دەوڵەمەند بە بەرپرسە حکومییە باڵادەستەکان تەنراوە. پڕۆژە زەبەلاحەکانی ئەستەمبوڵ زۆرجار بە رەشوە/بەرتیل دەکرێن یان لەڕێگەی رێکەوتنی بێ رکابەر بەهۆی هەبونی تەکەتولاتی گەورەوە کە چاودێریی بواری بنیاتنان و بواری میدیا دەکەن.
ئەردۆغان سوێندی خوارد بو بە “دەرهێنانی ڕەگی سێوە خراپەکان”- بەو مانایەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت سیستەمە دوا بخەن- چەند رێگایەکی پێچەڵپێچیشی دەستکەوت بۆ هەستان بە ئەنجامدانی ئەو کارە. لە ساڵی ٢٠١٤ دا، عیزەت یاڵجین کە پلاندانەرێکی مەدەنیی شارەوانیی شاری فاتیح بو ویستی گەندەڵییەکی گەورەی ئەو ناوچەیە ئاشکرا بکات، بەڵام سەرپەرشتیارانی شارەوانیی فاتیح لە ئەستەمبوڵ عیزەت یاڵجین-یان نارد بۆ ناوچەیەکی دورەپەرێز بۆ ژماردنی پشیلەکانی شەقامەکانی ئەو ناوچەیە. لەو کاتەشەوە عیزەت یاڵجین لە کارەکەی دەرکراوە و سەری خۆی هەڵگرتوە و لە ئێستادا لە شاری لشبۆنەی وڵاتی پرتوگال کار دەکات. یاڵجین لەڕێگەی ئێمەیڵەوە پێی وتم: “هۆشداریم دایە قایمقامی ناوچەی فاتیح لەهەمبەر بونی گەندەڵیی، بەڵام قایمقام بەهۆی ئیگۆ (خۆ-پەسەندیی)ی خۆیەوە شکستیی بەخۆی هێنابو”.
گەندەڵیی دەبێتە هۆکاری ڕزینی متمانە بە حکومەت بەتایبەت کاتێک شاڵاوی زۆری بنیاتنان لە شاردا ئەنجام دەدرێت بەشێوەیەکی نایەکسان. لە شاری ئەستەمبوڵدا، پڕۆژەی نوێگەریی زۆرجار دەبێتە هۆکاری وەدەرنانی خەڵکە هەژارەکە لە شوێنی خۆیاندا و ناچارییان دەکات بە ڕوکردنە ناوچە دورە دەستەکان و شوقە ڕەنگکراوەکانی/ژەنگخواردوەکانی تاوەرەکان کە دەکەونە دەوروبەری شارەوە، لەکاتێکدا دەوڵەمەندەکان ڕودەکەنە خانوە کەشخە و مۆدێرنەکان. هەر ئەمەشە دەبێتە هۆکاری نیگەرانیی هەروەک لە ناڕەزاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ دا لە پارکی غازییدا بینران کە بونە هۆکاری هەژاندنی بارودۆخی ئەو وڵاتە.
حکومەتی تورکیی چارەسەری بۆ ئەو جۆرە لە نائارامیی هاوڵاتییان دۆزییەوە: لە ساڵی ٢٠١٥ دا، حکومەت یاسایەکەی لە پەرلەماندا تێپەڕاند کە دەسەڵاتیی دەدایە هێزەکانی پۆلیس بە دەستگیر کردنی خۆپیشاندەران بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر بەبێ لێپرسینەوە. ئەو خۆپیشاندەرانەشی کە دەموچاوی خۆیان بە ماسک دەشاردەوە بە مەبەستیی پاراستنیان لە گازی فرمێسک-ڕێژ یاساکە ڕێگا دەدات بۆ ماوەی پێنچ ساڵ بکرێنە زیندانەوە. یاساکە رێگا بە هێزی پۆلیس دەدات بە تەقەکردن لە هەر کەسێک کە پێیانوایە تەقەمەنیی هەڵگرتوە یان هەوڵ بۆ پەلاماردان دەدات بۆ سەر باڵەخانە یان ئۆتۆمبیل. هەرکەسێک دەیەوێت لە بارودۆخیی بێدەنگکراوی ئەستەمبوڵ تێبگات و کاریگەریی دەرکردنی ئەو یاسایانە بزانێت هێندە کیفایەتە سەیری خۆپیشاندانە بێبەرهەمەکەی مانگی ٥-٢٠١٦ بکات.
ئەردۆغان بەم دواییانە رایگەیاند “دیموکراسیی و ئازادیی و یاسا-سەروەریی چی دیکە هیچ بەهایەکیان نییە”. ئەگەر ئەمە راستیی بێت، ئەوا ئەم راگەیاندنەی ئەردۆغان دەبێتە هۆکاری وەرچەرخانێکی چاوەڕێنەکراو. چەیسۆن براونلیی پرۆفیسۆر لە بواری حکومەتدا لە زانکۆی تەکساس لە بابەتێکیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕایگەیاندوە کە لێکۆلەران بۆ ماوەی چل ساڵ پێیانوابو کە داهاتی ناوخۆیی گشتیی تاک لە هەر وڵاتێکی دیموکراسییدا ئەگەر لەسەرو هەشت هەزار دۆلارەوە بێت ئەوا ئەو دەسەڵاتە نابێت بە دیکتاتۆر. لە ئێستادا لە تورکیادا داهاتی گشتیی تاک دەگاتە نزیکەی یەک هەزار دۆلار کەچیی وا خەریکە وڵاتەکە بەرەو دیکتاتۆری ملی رێگا دەگرێتەبەر.
هێشتا هەڵبژاردن لە تورکیادا ئەنجام دەدرێت و پارتەکەی ئەردۆغانیش کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) نەیدۆڕاندوە لەوەتەی لە ساڵی ٢٠٠١ وە دامەزراوە و ١٠ سەرکەوتنیشی بەدەستهێناوە. لە مانگی ١١-٢٠١٥ دا و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیادا، نزیکەی نیوەی هەمو دەنگەکانی فەراهەم کرد و زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمانی چنییەوە.
بەشێک لە هۆکاری سەرهەڵدان و باڵادەستیی ئەکەپە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەکەپە بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بە ملیۆنان خەڵکی پەڕگیری ناوچەی ئەناتۆڵیایی لە ئەستەمبوڵ و هەندێک لە شارەکانی تری تورکیادا جێگا کردۆتەوە بەتایبەت لەماوەی چەند دەیەی پێشودا. وەکو زۆرینەی خێزانەکانی تری تورکیا، خێزانی ئەردۆغانیش لە کەناری دەریایی رەشەوە رویان لە ئەستەمبول کرد ئەو کاتەی ئەردۆغان هێشتا منداڵ بو.
لە ئێستادا زۆرینەی ئەو کەسانەی رو لە ئەستەمبول دەکەن ئەوانەن کە لە دەست بەهاریی عەرەبیی شکستخواردو هەڵدێن. لە کۆی ئەو دو ملیۆن و حەوت سەد هەزار پەنابەرانەی سوریا کە لە تورکیادا گیرساونەتەوە، چوار سەد هەزار لەو پەنابەرانە لە ئەستەمبولدا نیشتەجێن و بەگشتییش لە شارە دێریینەکە. تورکیا ١٠ ملیار دۆلاری لە پەنابەرانی سورییدا خەرجکردوە بەتایبەت لەو سێ سەد هەزار پەنابەرەی کە لە کەمپەکانی نزیک سنوری سوریادا جێکراونەتەوە. پەنابەرانی تر دەبێت خۆیان چاودێریی خۆیان بکەن و زۆرینەشیان کاتێکی سەخت بەسەر دەبەن لە پیشەکانیاندا بە کرێیەکی کەم کاردەکەن و بەربەستیی زمانیان هەیە و بە تێکڕا نزیکەی ٨ بۆ ١٠ کەس لە یەک شوقەی بێکەڵدا ژیان دەگوزەرێنن.
لە ناوچەی سالۆرای ئەستەمبوڵ، خێزانێک کە خاوەنی دوکانێکی پاقلاوەن لە شاری حەمای سوریاوە دوکانەکەیان گواستەوە بۆ ناوچەی ئەکسەرییەی ئەستەمبوڵ و پەنابەرانی سورییش لەسەر مێزەکانی ئەملاولای شەقامەکان لە دوانیوەڕۆی ڕۆژێکی هەتاویی دوادواییەکانی مانگی مارسدا سەرقاڵی دەمەتێقێ و خواردنی/ تاقیکردنەوەی جۆری ئەو شیرینییانەن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن. ئەحمەد حەجای خاوەن دوکان کە توانیویەتی بۆ ماوەی ساڵێک دوکانە بەڕێوەبەرێت دەڵێت: “کرێکارەکانی ئێمە روخسەت/مۆڵەتی کارکردنیان نییە و یاساکانی تورکیاش بەباشی نازانن. بەدڵناییەوە دەتوانین هەندێک هاوکاریی پەنابەرانی سوریی بکەین بۆ ئەوەی هەست بکەن لە نیشتیمانیی خۆیاندان”.
جیهان لە ئێستادا و لەماوەی حەفتا ساڵی رابردودا روبەڕوی گەورەترین قەیرانی پەنابەران دەبێتەوە بەو پێیەی زیاد لە شەست ملیۆن کەس ناچار کراون لانکەی خۆیان بەجێبهێڵن. لە بەرواری ٢٣-٥-٢٠١٦ دا، سەرکردە جیهانییەکان و کۆمەڵگای هاریکاریی نێودەوڵەتیی لە ئەستەمبوڵ کۆدەبنەوە و کۆبونەوەکەش بە لوتکەی کۆبونەوەی هاوکاریی مرۆیی لە جیهاندا دادەنرێت. ئامانجی سەرەکیی کۆبونەوەکەش بریتیی دەبێت لە بەڕێوەبردنی قەیرانی پەنابەران لەڕێگەی دابینکردنی یارمەتیی بۆ ئەو پەنابەرانەی کە نوێین. دەتوانرێت چەند وانەیەک لەم شێوازەی تورکیاوە فێربین: لەم مانگانەی دواییدا، کاربەدەستانی ئەنقەرە دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی یارمەتیی بە پەنابەرە سورییەکان بەبنیاتنانی ژیانێکی نوێ. حکومەتی تورکیی ئاسانکاریی بۆ پەنابەرانی سوریی دەکات لەڕێگەی پێدانی مۆڵەتی کارکردنەوە و لەگەڵ زانکۆی بەهجیشیهری شاری ئەستەمبولیش بەمەبەستی فێرکردنی زمانی تورکیی بۆ زیاد لە سێ سەد هەزار لە گەنجانی ئاوارەی سوریی لە وڵاتەدا دەستی بەکار کردوە.
هەندێک لە پەنابەرانی سوریی لە تورکیادا بەباشی جێگایان بۆ کراوەتەوە. لە مانگی ٦-٢٠١٥ دا و لەلایەن بڵاوکەرەوەیەکی دانیشتوی شاری دیمەشقەوە و لەناوچەی سالۆرا لە ئەستەمبوڵدا لە خانویەکی لە تەختە-دروستکراوی قەشەنگدا، کافێیەک و کتێبخانەیەک کرایەوە کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی دەکەن. زۆرینەی کتێبەکان بە زمانی عەرەبیین و هەندێکی کەمیش بە زمانی فەرەنسیی و ئینگلیزیین. لەم کافێ و کتێبخانە دڵگیر و ئارامەدا ۆرکشۆپ و کۆنسێرت و نمایشکردنی فلیم و چەند چالاکییەکی تر ئەنجام دەدرێن. لەو کاتەی کە پەنابەرێکی سوریی عودژەن و گۆرانیبێژێکی ئێرانی سەرقاڵی پێشکەشکردنی چالاکیی بون لە کافێیەکەدا، ڕەواد ئەلسامانی پێیوتم: “ئێمە نەک تەنها پێشوازیی لە سورییەکان بەڵکو هەمو عەرەب و هەمو کەسێک دەکەین کە ڕومان تێدەکەن”.
کۆبونەوە لەم جۆرە شوێنانەدا وەکو ژیاندنەوەیەکی شاری ئەستەمبولی بەنێوبانگ بە کۆسمۆپۆلیتالیزم (گەردونیی) دەستی پێکردوە، لە ئەستەمبوڵدا و لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامە بە زمانی بیانی لە چاپدەدران. سەرباری ئەو هەمو پەنابەرە عەرەبە، ئەم شارە دێریینە جێگای بۆ خەڵکی ناوەڕاستی ئاسیا و ئەفریقای باکور و ناوچەی قەوقاز و شوێنەکانی تر کردۆتەوە. ئەستەمبول ئەو جێگایەیە کە موسڵمانان تیایدا خڕدەبنەوە و نەریت و بیرۆکەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. عەلیی غاهاندرۆرور کەسایەتی ئەکادیمیی مەغریبیی لەکاتی سەردانێکیدا بۆ شاری ئەستەمبول وتیی: “بازنە هونەریی و کولتورییەکەی ئیسلام گوازراوەتەوە بۆ ئەستەمبول بەهۆی کێشەی نێوخۆییەوە. لەئێستادا رۆشنبیرە ئیسلامییەکان لە شاری ئەستەمبولدا کۆدەبنەوە”.
سەرکردەکانی تورکیا ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی ئەوەدان تورکیا بکەن بە ناوەندی بیری ئیسلامیی. لە ساڵی ٢٠١٥ دا، بەڕێوەبەری ئایینیی، دیانەت، چەند پلانێکی ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی زانکۆیەکی ئیسلامی بە ئامانجی بەربەرەکانێی دامەزراوەکانی وەک ئەزهەر لە قاهیرە و زانکۆی ئیسلامیی مەدینە لە سعودییەدا. چاوەڕێ دەکرێت ئەو زانکۆ ئیسلامییە لە ساڵی ٢٠١٧ دا بکرێتەوە وە و خوێند تیایدا بە زمانی تورکیی، ئینگلیزیی و عەرەبیی بەردەست بێت و مەبەستیش لە کردنەوەی ئەو زانکۆیە ئەوەیە حکومەت بتوانێت پێگەی پەروەردەی ئیسلامیی بە فراوانی هان بدات. زانکۆی مارمارە کە دەکەوێتە بەشە ئاسیاکەی تورکیاوە وەک ناوەندی پێگەیاندن و دەرکەوتنی ئیمامە ئەوروپییەکان دادەنرێت. وەکو بەشێک لە پڕۆگرامەکانی دیانەت (بەڕێوەبەرایەتیی ئایینیی)، زانکۆکە هەڵدەستێت بە مەشقپێکردنی لەسەر پیۆلۆجیای (ئایینیی) تورکیی بە خوێندکارانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و هۆڵەندا و ئوسترالیا چونکە ئەم خوێندکارانە دوای تەخەروج لە زانکۆکەدا لە مزگەوتەکانی وڵاتەکانی خۆیاندا جێگیر دەکرێن.
ئەردۆغان بە بەردەوامیی ئومێدی خۆی بۆ دروستکردنی “نەوەیەکی ئاییندار” دەخاتەڕو. ئەو دیدگایەی ئەردۆغان رەنگە بەشێوەیەک بۆ دەنگ کۆکردنەوە بێت، بەڵام لەژێر فەرمانڕەوایی ئەکەپەی ئەردۆغاندا ژمارەی خوێندکارانی قوتابخانەی حکومیی ئیسلامیی، کە وەک قوتابخانەکانی هاتیپ ناسراون لە شەش سەد هەزارەوە بۆ زیاد لە یەک ملیۆن قوتابخانە فڕیوە. ئەردۆغان رایگەیاند کە: “هەمیشە ئەوەتان لەبیر بێت، تورکیا هیوای جیهانی ئیسلامییە. ئێوەش ئەی قوتابیان هیوای تورکیان”.
ئەردۆغان ئەندامی پێشوی حیزبی رەفاو بو کە حیزبێکی ئیسلامیی بو بەهۆی پێشێلکردنی جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت لە ساڵی ١٩٩٨ دا قەدەغەکرا. بەڵام لە ئەمڕۆدا، ئەکەپە، کە ئەردۆغان یەکێکە لە دامەزرێنەکانی ویستی خۆی بۆ بەکارهێنانی ئیسلام وەک ئامڕازێکی سیاسیی خستۆتەڕو.
لە ساڵی ٢٠١٤ دا، دوای ئەوەی حکومەتی تورکیی بۆ ماوەیەکی کاتیی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەری هەڵپەسارد، ئەو وتارانەی کە لەلایەن دیانەتەوە نێردران بۆ ئەو هەشتا هەزار مزگەوتەی کە لە وڵاتی تورکیادا هەیە لەو پێناوەدا بو کە بیری تورکەکان بخاتەوە کە “ئازادیی پێویستیی بە لێپرسراوێتیی” هەیە. سەرەڕای ئەوەی کە کەمتر لە لەسەدا ١٥ دانیشتوانی تورکیا پاڵپشتی چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلام دەکەن، کەچیی سانسۆر لەسەر بەرهەمهێنانی شانۆ زیادی کرد و ماوەی کردنەوەی دوکانی مەیفرۆشیی کەمکرایەوە و ڕێگەدانیش بە پۆشینی لەچک (بە ستایلی تورکیی) درا، هەربۆیە زۆرێک لە ڕەخنەگران دەبینین تورکیا بەشێنەیی بە ئیسلامیی دەکرێت.
شاری ئەستەمبولیش بوە بە شوێنێکی تاریک لە پەیوەندیی بە تیرۆر. بە هەزاران جیهادیی و ناونوسکردنی ئەندامانی داعش لە رێگەی تورکیاوە تەراتێن دەکەن و تەنانەت تۆمەتباری یاریدەدەری پەلامارەکەی سەر شاری پاریسی فەرەنساش لە مانگی ١-٢٠١٥دا کە ناوی هایات بۆمێدینی بو. لە مانگی ١١-٢٠١٥ دا، دو سیخوڕی روسیی چەکداریکی چیچانیان لە نێو سەیارەکەی خۆیدا دایە بە چەقۆ و کوشتیان. لە مانگی ١٢-٢٠١٥ دا، چەکدارانی کورد بە چەند تەقینەوەیەکی بچوک هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی سابیها گۆکچین. پاشان داعشیش دو پەلاماری ئەنجامدا، یەکێکیان لە مانگی ١-٢٠١٦ دا لە نزیک یەکێک لە ناسراوترین شوێنە گەشتیارییەکان کە دەکەێتە لای مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد، پاشان پەلامارێکی تر لە ناوچەی ئیستقیلال دوای دو مانگ کە بویە هۆکاری کوشتنی ١٨ کەس کە زۆربەیان هاوڵاتیی بیانیی بون لەگەڵ برینداربونی چەندین کەسی تر. نەخشەیەکی سەر هێڵی ئینتەرنێت پیشانی دەدات کە دەستگیرکردنی تیرۆریستان لە هەمو تورکیا بە قەدەر ژمارەی ئەو تیرۆریستانە نابێت کە لە ئەستەمبولدا دەستگیرکراون.
سەرکردەکانی وڵاتانی ئوردن و روسیا سەرانی ئەکەپەی ئەردۆغان تۆمەتبار دەکەن بە هاوکاریکردنی داعش. بەڵگەی پێویست بۆ ساخکردنەوەی ئەو تۆمەتانە لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێک لە بڕیارەکانی کاربەدەستانی ئەنقەرەی پایتەخت رەنگە بوبێتنە هۆکاری هاندانی تەشەنەسەندنی گروپی جیهادیی سەلەفیی. لە ساڵی ٢٠١٢ دا، سەرانی تورکیا گرەو/رێکەوتنیان لەگەڵ چەند گروپێکی تیرۆریستی کرد بە ئامانجی لەسەر کارلادانی بەشار ئەل ئەسەدی سەرۆکی سوریاو راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە چەک و تەقەمەنیان بۆ باڵی ئەل قائیدەی ناسراو بە بەرەی ئەل نوسرە رەوانە کردوە. بە هەزاران شەڕکەر لە رێگەی تورکیاوە چونەتە نێو سوریا و زۆرینەشیان لە دەرەنجامدا پەیوەندییان بە داعشەوە کردوە. وەکو بەشێک لە پرۆسەی بون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا دەستگیرکردنی بیانییەکانی لەهەمبەر پەیوەندییان بە چالاکی تیرۆریستیی ئەستەمتر کردوە؛ بۆ ئەوەی دەستبەسەر بکرێن، دەبێت بە تاوانێکی تیرۆریستیی تاوانبار کرابن. ئەم درزە یاساییانە وای کردوە داعش تۆڕێکی خانەی گەورەی خۆی لە تورکیادا بچێنێت و بەپێی تازەترین راپۆرتێش داعش لە کۆی هەشتا و یەک پارێزگای وڵاتی تورکیادا لە حەفتا پارێزگادا بونیان هەیە.
لە ساڵی ٢٠١٣ وە، ئەستەمبولی پایتەختی دێرینیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی جێگای نیشتەجێبونم بوە. لە یەکەم سەردانمدا بۆ ئەم شارە ١٠ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کە نیگام دەگرتە خۆر لە پشتەوەی ئەو منارانەی کە هاوشێوەی قەڵەمی باریک بون ئاوا دەبو، هەروەک خەڵکیش بانگ دەکران بۆ نوێژکردن و بانگەکەش بە شەقامە بە بەرد تەنراوەکاندا سەدای دەدایەوە، توشی حەپەسان هاتبوم. سەرسامبونم بە شەونی کۆتایی هەفتە لە ناوچەی پێرا، کەباب و قەیماغەکەی و سواربونی بەلەمی سەرنجڕاکێش لە نێوەڕواندا، تێپەڕێن بەلای ئەو دۆلفینانەی کە یارییان لەگەڵ خەڵک دەکرد و پاشانیش چیرۆکی خەیاڵی کۆشکەکەی دۆڵمباغچە.
بەڵام لە نیشتیمانیی دوەمم بەم دواییانە وەدەرنرام. لە کۆتایی مانگی ٤-٢٠١٦ دا، دوای ئەوەی لە پشو لە ئیتاڵیا گەڕامەوەو سەردانی کاربەدەستانی کۆچبەرانم لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک کرد، رێگەیان نەدا داخڵ ببم. لە ئێستادا و پاش چەند هەفتەیەک، بەرچاوم رون نییە ئاخۆ رێگەم پێدەدەن بچمە تورکیاوە یان نا.
لەسەر ئاستیی جیهان و بەپێی راپۆرتێکی خانەی ئازادیی، ئازادیی چاپەمەنیی لە ساڵی ٢٠١٥ دا ئازاری زیاتر لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا چەشتوە. لە تورکیادا و لەساڵی ٢٠١٥ دا بە تەنها، ئەردۆغان بە سەدان لە هاونیشتیمانیانیی مەدەنیی و میدیا و ئەکادیمییەکان و چڤاکی بازرگانیی و تەنانەت هەندێک لە هاوپەیمانانیی سیاسیی خودی خۆی بێدەنگ کردوە. حکومەتی تورکیی ڕۆژنامەنوسانیان بەند کردوە و چەندین تەلەفزیۆنی گرنگیان داخستوە و دەستیان بەسەر چەندین ڕۆژنامەی پێشەنگیشدا گرتوە. دەستی درێژی ئەردۆغان تەنانەت گەیشتە ئەوروپا کاتێک داوای لە ئەنجێلا مێرکلی ڕاوێژکاری ئەڵمانیای کرد لێپێچینەوە لە تەلەفزیۆنێکی کۆمییدیی ئەو وڵاتە بکات لەهەمبەر سوکایەتی کردن بە سەرۆکێکی بێگانە لەژێر سایەی یاسایەکی ناڕونی ئەڵمانییدا.
بەم دواییانەش مەسەلەی ئەوەی کە پێی دەڵێن کودەتای سەر کۆشک هاتە ئاراوە- ئەردۆغان لە ٥-٥-٢٠١٦ دا، ئەحمەد داود ئۆغڵۆی سەرۆک وەزیرانی تورکیا و سەرکردەی ئەکەپەی وەدەرنا. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە داود ئۆغڵۆ رەخنەی ئاڕاستەی ئەردۆغان کردوە لەهەمبەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و ئەکادیمییەکان و رەتیشی کردەوە دەست بکات بە پاڵپشتیی کردنی پلانێک کە ببێتە هۆکاری زیادبونی دەسەڵاتی ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتی خاوەن دەسەڵاتی رەهای جێبەجێکەر. بە بازدان بەسەر یاسا و لادانی هاوپەیمانێکی هاوسەفەری سیاسیی و قایمکردنی دەسەڵاتی خۆی، ئەردۆغان جوڵەیەکی سوڵتان-ئاسای ئەنجام داوە.
لە ئەستەمبولدا، رەنگە نەتوانین شاهیدی هەرەسی مۆدێلی فەرمانڕەوای تورکیی بین، وەک ئەوەی زۆر کەس بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام جۆرێکی تر لە دەسەڵات لە هەڵکشاندایە، کە زیاتر لەگەڵ سەردەمی کێشەئامێزی ئەمڕۆکەدا هاوکۆکە. فرانکۆپان دەڵێت: “ترس، نیگەرانیی، پەشێویی و ناسەقامگیریی پاڵنەری بنەڕەتیین. ئەمە هەر بەو جۆرەیە کە جیهان هەبوە هەزاران ساڵ لەمەوپێش… خودی دیموکراسیی لەژێر گوشاردایە: لیبراڵیزم و لێبوردەیی وادەردەکەوێت ئاوەژو بوبێتنەوە.” فرانکۆپان تێبینیی هەڵکشانی دیماگۆجیی پارتیی راستڕەو لە ئەمریکا و ئەوروپادا دەکات و دەڵێت: “تورکیا بەڕونیی لە دوڕیانێکدایە و لەهەوڵی چارەسەردایە ئاخۆ ئایندەی دەکەوێتە رۆژئاواوە یان دەکەوێتە رۆژهەڵاتەوە”.
لەسەرکارلابردنی داود ئۆغڵۆ لەلایەن ئەردۆغانەوە ئەو نیشان دەدات کە تورکیا بڕیاری خۆی داوە. ئەستەمبول وا دەردەکەوێت بیەوێت روەو رۆژهەڵات هەنگاو بنێت و بگەڕێتەوە بۆ رابردو. جارێک دیار نییە ئاخۆ تورکیا هەمو جیهان لەگەڵ خۆیدا بۆ رابردو رادەکێشێت.
دەیڤد لاپێسکا
لە ئینگلیزییەوە ئاراز ئەحمەد محەمەد
سەرچاوە : bostonglobe