کوردێکى عەفرین: دەخوازین تەنها هێرشى فڕۆکەکان بۆ سەرمان رابگیردرێت. لەسەر زەوى، هێزەکانمان تواناى ئەوەیان هەیە بەرگریمان لێبکەن
“هەست دەکەین ئەمە گەورەترین خیانەت بووە لە ژیانماندا لێمان کرابێت”
راپۆرتى: چارلس بێتیا:
لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف:
هەفتەیەک پێش ئێستا، تورکیا هێرشى بۆ سەر باکوورى رۆژئاواى سوریا دەست پێکرد، هێزە کوردییەکانى لە نزیک سنوور کردە ئامانجى هێرشەکەى. ئەمانە هەمان ئەم هێزە چەکدارییە بوون کە یارمەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانیان دا لەسەرکەوتن بەسەر داعش دا؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوان بە تیرۆریست دادەنێت و ئەم هەفتەیە وتى کە ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ داعشدا نییە. شارى عەفرین کە ئێستا بە ئاگرى هێرشەکەى تورکیا دەسوتێت، بەگوێرەى راپۆرتى یوئین پێنج هەزار کەسى شارەکە بەهۆى ئەم هێرشەوە بێ ماڵ و جێ ماونەتەوە و بەگوێرەى راپۆرتى هەیڤا سور زیاتر لە سەد هاووڵاتى مەدەنى شارەکە بریندار و کوژراون. کۆشکى سپى رۆژى چوارشەممە لە بەیانێکدا رایگەیاند کە سەرۆک ترەمپ لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى داواى لە ئەردۆغان کردووە کە دەبێ تورکیا ئاگادار بێت و خۆى بەدوور بگرێت لە روودانى مەترسى شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانى تورکی و ئەمریکى. کەچى بەرپرسێکى تورکى وتى ترەمپ قسەى واى نەکردووە و هیچ نیگەرانییەکى خۆى لەبارەى پەرەسەندنى شەڕى نێو عەفرین دەرنەبڕیوە. لە راپۆرتێکى پێشووترى ئەم هەفتەیە، تایمز (Times) بڵاوى کردبووەوە کە ئیدارەى ترەمپ لەوە دەچێت پەیامى تێکەڵ و پێکەڵ بۆ تورکیا بنێرێت.
رۆژى پێنجشەممە، دەوروبەرى حەفتى ئێوارە، بە کاتى عەفرین، قسەم لەگەڵ حوسێن عوسمان کرد، ئەو پیاوەى خاوەنى چوار منداڵە و دەرمانخانەیەکى لە عەفرین هەیە. برایەکى لە خۆى بچوکترى، ئیدریس، دکتۆرى نەخۆشییە درمییەکانە و بۆ تەواوکردنى خوێندنى پزیشکى هاتووەتە ئەمریکا و ئێستاش لەوێ دەژیت. محەمەد، باوکى حوسێن و ئیدریس، لە تەمەنى هەشتا و پێنج ساڵى دایە و ئێستاش وا لە عەفەرین دەژیت. ” ئەو دژى شەڕە” ئیدریس واى پێوتم. “ئەو جوتیارێکى نەخوێندەوارە و کێڵگەیەکى زەیتونى هەیە، لە دووەمین جەنگى جیهانى لە دایکبووە. لەنێو ئۆردوگاکانى پەناهەندەیى ژیانى بەسەربردووە، خێزانى پێکهێناوە، خانووى دروست کردووە، کیڵگەى زەیتونى دروست کردووە-هەموو شتێک لە ئەلفەوە تا ی. ئەو دە منداڵى پێگەیاندووە و منى رەوانەى ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە، واى کردووە ببمە دکتۆر. لەئێستاشدا داواى لێدەکرێت ماڵەکەى بەجێبهێڵێت. برا گەورەکەم ناتوانێت رایکێشێتە دەرەوە و لە ماڵ بیهێنێتە دەرەوە، تەنانەت دواى ئەوەى ماڵە دراوسێکەشمان لەلایەن فڕۆکە تورکیەکانەوە بۆمباران کراوە”
ماڵى ئەوان لە گوندیکى باکوورى عەفرین دایە، بەناوى راجۆ. کارەبا لەوێ، بەهۆى مۆلیدەوە دابین کراوە و رۆژانە چوار کاتژمێر کارەبایان هەیە؛ ئینتەرنێت ئیش ناکات، بەڵام هیڵى تەلەفۆنى سورى ئیش دەکات. دواى وەرگرتنى کاتێک بۆ پشوودان لە بینینى ئەو نەخۆشانەى کە شێرپەنجەیان هەبوو، ئیدریس یارمەتى دام لە پەیوەندیکردنى تەلەفۆنى بە حوسێن و دواتر وەرگێڕانى پرسیارەکانى من و وەڵامەکانى برا گەورەکەیشى. کەمتر لە کاتژمێرێک پێش ئێستا، فڕۆکەیەکى جەنگیى تورکى لەو ریزە ماڵەى داوە کە خانەوادەى عوسمان لە کوڕ و نەوەکانى تێیدا کۆبوونەتەوە و نیشتەجێن. تا ئەو ساتەوەختە، ئەوان سەلامەتن. چیرۆکى حوسێن لە هەفتەى رابردووەوە بووەتە جێگەى بەدواداچوون و رۆشنایى خستنە سەرى.
“من شەممەى رابردوو لە دەرمانخانەکەم بووم کاتێک دەستى پێکرد. رێک لە کاتژمێر چوارى دواى نیوەڕۆ، ئێمە لەناکاو گوێمان لە دەنگێک بوو کە پێشتر گوێبیستى نەبوو بووین. شەڕى سوریا ئەوە شەش ساڵى تێپەڕکردووە، بەڵام لەم ماوەیەدا هەرگیز گوێمان لە هیچ دەنگێکى لەم جۆرە نەبووە. ئاسمان پڕ بوو لە فڕۆکەى جەنگى. دە فڕۆکە، بەلاى کەم، هاتە سەر گوندەکەمان. هەروەک مێشهەنگوین. سەر لوتکەى هەموو چیاکان، ئاگرى لێ هەڵدەستا. بەبیستنى دەنگەکانەوە، ئێمە وا هەستمان کرد کە بەرکەوتووین. شوشەى پەنجەرەکان شکان. منداڵان دەستیان بە هاوار و گریان کرد. نەماندەزانى چى بکەین. تووشى راچڵەکینێکى زۆر بوو بووین. ئەم هێرشە ئاسمانییە نزیکەى یەک کاتژمێرى خایاند. هەستمان کرد کە رۆیشتن. دواتر لە ١١ شەو هاتنەوە و بەهەمان شێوە دەستیان بە بۆمبارانکردنى چیاکان کردەوە.
“لەو کاتەوە زۆر بەکەمى دەخەوین. هەندێک خەڵک رۆیشتوونەتە نێو ئەشکەوتەکان تاوەکو شوێنێکى تۆزێک ئارامتر ببیننەوە. یەک لە خوشکەکانم، بەناوى سەمیرە کە بێوەژنە، ئەم هەفتەیە لە ئەشکەوت نووستووە. ئەگەر خەڵک ژێرزەمینێکیان دەست بکەوێت ئەوا روو لەوێ دەکەن”
“شەوى رابردوو، لە نیوەشەودا، ئێمە لە ماڵى خۆمان نوستبووین و جارێکى تر دەستیان بە بۆمبارانکردنەکان کردەوە. ماڵێکى دراوسێمان، یەک لە هەژارترین ماڵەکانى ناوچەکە، ژنێکى بەتەمەن تێیدا زۆر بەسەختى بریندار بوو. کوڕەکەیان، بەناوى شیار، لە تەمەنى چواردە ساڵیدا، دەسبەجێ گیانى لە دەست دا. کچێکى تەمەن دە ساڵانیان بەناوى حەنیفە، قاچێکى پەڕى. بۆمبەکە لە بنمیچى ئەو ژوورەوە هاتبووە ناوەوە کە ئەندامانى خێزانەکە تێیدا خەوتبوون. رێک سى یان چل مەتر لە ماڵى ئێمە دوور بوو.
“ئێمە ژێرزەمینێکمان هەیە و لەوێدا خۆمان حەشاردابوو. تەنانەت لەوێشدا هەر گوێبیستى هاوار و ناڵەى دراوسێکانمان دەبووین. بۆ ماوەى دوو تا سێ کاتژمێر کەس نەیدەتوانى بەهانایانەوە بچێت. ئەگەر بۆمبارانکردنەکان بوەستابایە ئەوە لەوانەبوو بمانتوانیبایە ژیانى کوڕەکە لە مردن رزگار بکەین. کاتێک ئێمە هاتینە دەرەوە، کوڕەکە مردبوو و کچەکەش هاوارى یارمەتی دەکرد. لە ماڵى دراوسێیەکى ترمان، ژنێکى تەمەن هەشتا ساڵان بەناوى حورا، لەژێر زەمینەکەى خۆیدا گیانى لە دەست دابوو، پێدەچێت لەو کاتە تووشى جەڵتەى دڵ بوو بێت.
“هەر کەس بەدواى خواردن و دەرمان رادەکات. ئەمن لە بەیانى زووەوە دەرمانخانەکەم بەڕووى خەڵک کردووەتەوە و زۆربەى دەرمانەکانیش بەخۆڕایى پێیان دەدەم. ئێمە هەروەها هەندێک دەرمانمان بە رێکخراوى هەیڤا سور داوە بۆ بەهاناوەچوونى بریندارەکان. بەڵام فڕۆکە جەنگیەکان ئەمجارەیان تەنیشت دەرمانحانەکەیان بۆردومان کرد و بۆیە ئیمەش دەبوو لەبەر رۆحى خۆمان پەنا بۆ شوێنێک ببەین.
“ئێمە دەزانین ئەمە ئەمریکیەکان نین کە بۆردومانى ئێمە دەکەن. بەڵام هێشتا هەر بەو مانایەش دێت کە ئەوە ئەمریکیەکانن کە بۆردومانمان دەکەن. ئەگەر ئەمریکیەکان بە ئەندامەکەى ناتۆیان، تورکیا، بگوتبایە کە نابێت بۆردومانى ئێمە بکەن، ئەوا ئەوان نەیاندەتوانى بۆردومانمان بکەن. ئێمە هەموومان لە عەفرین هەست دەکەین کە ئەمە گەورەترین خیانەت بووە لە ژیانماندا لێمان کرابێت. بە پاڵپشتى ئەمریکیەکان، ئیمە توانیمان داعش تێک و پێک بشکێنین. ئێمە بۆ ئەوان جەنگاین. ئەمریکیەکان هەر شتێکیان لە ئێمە داواکردبێت، ئێمە کردوومانە. ئێستاش ئەوان دەخوازن کە وازمان لێبهێنن. ئەمە هەستى شەقامى شارەکەیە. خەڵک لەناخەوە دەکوڵێت و گڕ دەگرێت.
“کاتێک هەواڵەکان باسى تەلەفۆنەکەى ترەمپیان بۆ ئەردۆغان کرد، ئێمە گەشبین بووین بەوەى کە رەنگە ئەمە یارمەتیمان بدات. بەڵام ئەم بەیانییە میدیاى تورکى دەڵێت هەموو ئەو لێدوانانەى دراون لەبارەى ئەوەى ترەمپ بە ئەردۆغانى وتبیت کە بۆردومانەکان بۆ سەر ئێمە رابگرێت ئەوە راست نین، کە ترەمپ هیچ شتێکى واى نەوتووە. هەرچۆنێک بێت ئیمە هیچ کردەوەیەکمان لەسەر زەمینەى واقیعدا نەبینیوە. ئەمەش ئێمەى زۆر بێ ئومێد کردووە. ئێمە دەخوازین تەنها هێرشى فڕۆکەکان بۆ سەرمان رابگیردرێت. لەسەر زەوى، هێزەکانمان تواناى ئەوەیان هەیە بەرگریمان لێبکەن، بەڵام کاتێک ئەوان هێرشە ئاسمانیەکانیان دەست پێدەکەن و خەڵکى سڤیل بە ئامانج دەگرن ئەوا پەکمان دەکەوێت.
“دەیان کەس لە دۆست و دراوسێکانم تائێستا کوژراون، ژمارەیەکى زۆرى دیکە زۆر بەسەختى زامدار بوونە. بەدڵنیایشەوە بۆردومانەکان ئەمشەویش درێژەیان دەبێت. ئەگەر ئەمە هەفتەیەکى تر بخایەنێت، ئەوا هەموومان لە برسان دەمرین. نە خۆراک نە نان ناگات بەدەستمان. ئێمە لە سێ لایەنەوە گەمارۆدراوین لەلایەن تورک و لەلایەکى تریش لەلایەن حکومەتى سورى، رێگە نادرێت هیچ شتێک بێتە ژوورەوە و بچێتە دەرەوە. ئەگەر وا بڕوات دوو سێ ملیۆن خەڵک لە چاوەڕوانى ئەوەدایە لە برسان بمرێت.
“لە کاتى رۆژدا، ئێمە لە دەرەوەین سەیرى فڕۆکەکان دەکەین. کاتێک بەدەردەکەون، ئێمە هەوڵدەدەین خۆمان حەشار بدەین و شوێنێک بدۆزینەوە. لە شەویشدا، ئەگەر کارەبا هەبێت ئەوا سەیرى هەواڵەکان دەکەین و بەدواى دەستکەوتنى هەر ئومێدێکدا دەگەڕێین بەڵکو ئەم رەوشە کۆتایى پێبێت.”
جانیوەرى ٢٠١٨
رۆژنامەى The New Yorker