لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ ئالوودەبوون چییە؟ جۆرەکانی‌و هۆکارو چارەسەری

ئالوودەبوون چییە؟ جۆرەکانی‌و هۆکارو چارەسەری

0 تێبینییەکان 59 بینینەکان

ئا: محەمەد هاوژین

ئالوودەبوون نەخۆشییەکی درێژخایەنە، کە مرۆڤ ئارەزووییەکی بەهێزی دەبێت بۆ ماددەیەک یان ڕەفتارێکی دیاریکراو، شارەزایەکی بواری کۆمەڵگە دەڵێت “ئالوودە بوون تەنها ماددەی هۆشبەر ناگرێتەوە، بەڵکو ئالوودەبوون چەندین جۆری هەیە، رەنگە مەترسیدارترینیان ئالوودە بوون بێت بەماددەی هۆشبەر”.

بۆچی دەستت کرد بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان؟

“بەئەندازەیەک ئالوودەو تامەزرۆی تریاک ببووم، کە هەندیکجار هەستم دەکرد هەموو دەمارەکانی جەستەم تامەزرۆن بۆ تامی تریاک، ئامادە بووم چیم هەیە بیدەم تەنها بۆ ئەوەی ئەم حەزەم دابمرکێتەوە”.

ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ ئەمیرە (ناوێکی خوازراوە)، كه‌ تەمەنی ٢٨ ساڵەو لەسەر بازرگانی کردن بەمادە هۆشبەرەکانەوە ئێستا ژیانی لەگرتووخانەدا بەسەردەبات.

ئەمیر باس لەوە دەکات کە ٤ ساڵ لەمەوبەر کاتێک خەریکی کاری فیتەری بووە، لەڕێگەی هاوڕێیەکیەوە یەکەم ژەمی تریاکی تام کردو هەستی کرد نەشئەیەکی سەیری دەداتێ، ئەو وتی “نەمزانی ئەم دڵخۆشییە کاتییە، ڕۆژێک دێت ژیانم لێ تاڵ دەکات‌و خۆم لەتاڵاوی ئالوودەبووندا دەبینمەوە”.

ئەمیر وەک هەزاران گەنج کە لەقۆناغێکی ژیانیاندا تووشی خەمۆکی‌و ئاڵۆزییەکان دەبن، بەخەیاڵی ئەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان گرفت‌و کێشەکانیان لەبیردەباتەوە پەنا دەباتە بەر کریستال، ئەو وتی “ئەو کاتە پێموابوو ئالوودە نابم‌و هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم واز لەبەکارهێنانی بهێنم، بەڵام زۆر هەڵە بووم، کاتێک بەخۆمم زانی هەڵخلیسکاوم‌و ئالوودە بووم”.

ئەمیر ئاماژە بەوە دەکات کە هێواش هێواش بازنەی ئاشنابوونی لەگەڵ بەکارهێنەران‌و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان فراوانتر بوو، ئیتر نەک دەستڕاگەیشتن بەماددە هۆشبەرەکان بۆی ئاسانتر بوو، بەڵکو ئەوانەشی ناسی کە بازرگانی بەماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن‌و متمانەیان پێکردو بەپارە فریوویان دا بۆ ئەوەی تریاکیان لەناوچەیەکی سەرسنووری ئێرانەوە بۆ بگوازێتەوە بۆ ناو شارێکی هەرێم، بەڵام بەر لەگەیاندنی لەبازنەیەکی هێزەکانی ئاسایشدا خۆی‌و هاوڕێیەکی دەستگیرکران.

لەهەرێمی کوردستان، ساڵ بەساڵ رێژەی بەکارهێنەرو بازرگانانی مادەی هۆشبەر لەزیاتدبووندان، بەپێی ئاماری دەزگای ئاسایشی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٤دا دەست بەسەر زیاتر لە ٣ تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە، ١٠١٩ کەسیش بەتۆمەتی بازرگانی‌و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. هەر بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پەیوەندیدار لەئێستادا زیاتر لە ٥ هەزار راگیراوو سزادراو بەتاوانی بەکارهێنان‌و بازرگانی کردن بەماددەی هۆشبەر لەهەرێمی کوردستان هەن‌و رۆژانە زیاتر لە ٨ کەس بەتۆمەتی مادەی هۆشبەر لەهەرێمی کوردستان دەستگیر دەکرێن.

“خه‌ڵك هەبووە دەستگیرکراوە دوو برای‌ خۆی‌ فێری تریاک كردووه‌”

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرێوەبەری ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە(ئاوێنە)ی ڕاگەیاند، زۆرینەی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە دەستیان بەسەردا دەگیرێت لەجۆری کریستاڵن، ئەو وتی “کەسی وا هەبووە، پێنج جار لەسەر بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر دەستگیکراوە، لەبەرئەوەی ئالودەبوون بەماددەی هۆشبەر وازهێنانی کەمێک قورسەو پێویستی بەئیرادەی بەهێزە”.

ئێستا جگە لەبەکارهێنان، هەرێمی کوردستان وەکو ناوەندێکی ترانزێت بەکاردێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتان، هاوسنوور بوون لەگەڵ ئێران‌و تورکیاو سوریا وایکردووە بازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکان لەکوردستاندا زیاتر پەرەبستێنێت.

عەمید جەلال ئەمین بەگ، کە بەڕێوەبەری پێشووی نەهێشتی ماددە هۆشبەرەكان بووە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەئاوێنەی وت “زیاتر لەبەکارهێنەر، بازرگان لەهەرێمی کوردستان هەیە، کە زۆرینەیان خەڵکی دەرەوەی وڵاتن، خه‌ڵك هەبووە دەستگیرکراوە دوو برای‌ خۆی‌ فێر كردووه‌، سه‌ره‌تا به‌خۆڕایی‌ داونێتێ‌‌و دوایی‌ پێی‌ فرۆشتوون”.

وتیشی “بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان داهاتێکی زۆر زەبەلاحی هەیە، بۆیە سەڕەرای مەترسیەکانی هێستا خەڵکانێک ئامادەن ئەو بازرگانییە بکەن”.

به‌پێی‌ زانیاریی‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ له‌ئێران له‌لایه‌ن بازرگانه‌كانه‌وه‌ به‌كرێ‌ ده‌گیرێن بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان زۆربەیان هەرزەکار‌و گەنجن، چونكه‌ کەمتر گومانیان لێدەكرێت‌ له‌بازگه‌كاندا.

مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان یه‌كێكه‌ له‌و مادده‌ قه‌ده‌غه‌ كراوانه‌ی‌ كه‌ حوكمێكی‌ قورسی‌ هه‌یه‌ به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 1،14.(1،2 )، له‌ قانونی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئه‌وه‌ی‌ بازگانی‌ پێوه‌ بكات حوكمه‌كه‌ی‌ زیندانیی هه‌میشه‌ییە‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌ به‌كارهێنانیشیه‌وه‌ ده‌ستگیر بكرێت، له‌ سێ‌ ساڵه‌وه‌ بۆ 15 ساڵ حوكم ده‌درێت.

جۆرەکانی ئالوودەبوون، دەتوانین ئالوودەی چی بین؟

رێژوان عەبدولکەریم، کۆمەڵناسەو نامەی ماستەرەکەی سەبارەت بەئالوودەبوونی مرۆڤە، ئاماژە بەوە دەکات مرۆڤەکان بەهۆی زۆر هۆکارەوە گیرۆدەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یان ڕەفتارە ئالوودەبوونەکان دەبن، وەک هەستکردن بەباشتربوون، بۆ دەربازبوون لەکێشەکان، تاقیکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان‌و بەئاسانی بەردەستبوونی ماددە هۆشبەرەکان، ئەو بەئاوێنەی وت “بەڵام ئالوودەبوون، چەندین جۆری هەیە. دەتوانرێت بەسەر دوو بەشدا دابەش بکرێن: ئالوودەبوون بەماددە هۆشبەرەکان‌و ئالوودەبوون بەڕەفتار. هەرچەندە بۆ زۆربەی خەڵک ئالوودەبوون زیاتر بەمانای ئالوودەبوون بەماددە هۆشبەرەکان دەگەیەنێت، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت ئالوودەی ڕەفتارەکانی وەک قومارکردن، بازاڕکردن یان خواردن یان خواردنەوەی کافاین‌و وزەبەخشەکان یان بەکارهێنانی جگەرەو توتن‌و کحول یان دەرمانێکی دیاریکراو، تەنانەت ڕەنگە هەندێک کەس بۆ ئەوەی لەواقیع ڕزگاریان بێت، ئالوودەی خۆشەویستی، کارکردن یان سێکس یان بەکارهێنانی مۆبایل‌و ئینتەرنێت‌و سۆشیال میدیاو یارییە ئەلکترۆنییەکان ببن، کاتێک مرۆڤ ئالوودەی شتێک دەبێت، لەگەڵ دووبارە بەکارهێنانەوە، مێشک وابەستەی ئەو مادەیە یان رەفتارە دەبێت”.

وتیشی “هەرچەندە ئالوودەبوون بەڕەفتار زۆر باوو ئاساییە، بەڵام ئالوودەبوون بەماددە هۆشبەرەکان زیاتر سەرنجیان دەدرێتێ، بەڵام زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە ئالوودەبوون بەماددەو ڕەفتار (بۆ نموونە قومار) هەندێک لێکچوونیان لەمێشکدا هەیە. ئالوودەبوون دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی بەرچاوی جەستەیی‌و دەروونی‌و ڕەفتاری لەژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا”.

ئەم شارەزای کۆمەڵگەیە ئاماژە بەوە دەکات کە بێتوانایی لەوەستاندنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یان ڕەفتاری ئالوودەبوون، تایبەتمەندییەکی سەرەکی ئالوودەبوونە، ئەو سەبارەت بەهۆکارەکانی ئالوودەبوون وتی “هۆکاری ئالوودەبوون زۆرن، کە گرنگترینیان بریتییە لەمەیلی بۆماوەیی، نەخۆشی جەستەیی‌و زۆرجار ئەو مادانەی بۆ نەهێشتنی ئازاری جەستەیی دەخورێن، لەوانەیە مرۆڤ ئالوودەو وابەستەیان بکات، یاخود زۆرجار هۆکارە ئابوری یان کۆمەڵایەتی‌و کولتوورییەکان هۆکاری ئالوودەبوونن، ئەزموونە زەبربەخشەکان لەمنداڵیدا، یاخود کێشە دەروونییەکان”.

سەبارەت بەچارەسەری ئالوودەبوونیش، ئەم  کۆمەڵناسە وتی “دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئالوودەبوون‌و ڕێوشوێنی خۆپارێزی‌و پشتیوانی کۆمەڵایەتی‌و دەروونی پێویستن بۆ چارەسەرکردنی”.

وتیشی “هیچ چارەسەرێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئالوودەبوون نییە، ژیان لەگەڵ ئالوودەبووندا زۆر قورسە، هەندێک کەس پێویستیان بەچاکسازیی یان یان خەواندن لەسەنتەری تایبەت‌و نەخۆشخانە هەیە بۆ ئەوەی چاکببنەوە، چارەسەری نەخۆشی ئالوودەبوون پرۆسەیەکی بەردەوام‌و درێژخایەنە”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە