ئەوەی لە بروکسل ڕوویدا لە ھێرشە تیرۆریستیەکان کارێکی زۆر سەرسوڕھێنەر نەبوو . ئەوروپا بەگشتی بەو شێوازەوە کە مامەڵە لە بواری ئاسایشەوە دەکات ئەگەر لە وڵاتی ئێمە ئەوە بکرێ و ئەو بەیاسا بەستنەوەی ڕێگرتن لە تیرۆر و توندڕۆکان ھەبێ و بەپێی بارودۆخی نوێ ستراتیژی نوێی نەبێ، ئەوە کەسێک لە ئێمە ناتوانین لە ماڵەکانی خۆماندا ژیان بکەین .
ئەوەبوو سەرۆک وەزیرانی فەرەنساش وتی “ئێمە بەرامبەر بە تیرۆریستان چاوداخراو بووین” ھەروەھا وتی” ئەم تیرۆرەی ئێستا ئەوە نییە کە لە ساڵانی حەفتاکان و ھەشتاکاندا ھەبووە .” بەڵام بەلجیکا کە پایتەختی یەکێتی ئەروپایە ھەر زۆر لە ناوەندە ئەروپییەکانی تریش سست و لاوازترە لە پاراستنی ئاسایشی خۆیدا .
لە مێژە توندڕکان گەرای خۆیان لە پایتەختە گرنگەکەی ئەروپا داناوە، بە پێی زانیارییەکان بەر لە ٢٠ ساڵ پۆلیسێکی بەلجیکی لە کاتی بەدوداچوونی گروپی تۆڕی گیای جەزایەری، بەڵگەنامەیەکی عەرەبی دۆزیووەتەوە . لاپەڕەی یەکەمی تایبەت بووە بە بن لادن و ئەلقاعیدە و یەکەمین رێبەر بووە کە لەسەر توندڕۆکان دۆزراوەتەوە لەسەرتاسەری ئەروپادا.گیا تەنیا یەکێک بووە لە دەیان رێکخراوی توندڕۆ کە رەگەکانی خۆی لە ئەوروپا توندکردووە و دواتریش بەلجیکا بووەتە جێ مۆڵگە و شوێنی دامەزراندنی چەندان رێکخراوی تیرۆریستی .
بەپێی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، دوو رۆژ بەر لە ھێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر و لە ٩ی سەپتەمبەردا دوو عەرەبی خاوەن رەگەزنامەی بەلجیکی، ئەحمەد شامەسعودی سەرکردەی ئەفغانییەکانیان تیرۆر کردووە، کە دوا سەرکردە بووە کە دژی تاڵیبان وەستابوو.
ھەر لە بروکسل لە سالی ٢٠١٤ لە موزەخانەیەکدا چوار کەسی جولەکە لەلایەن کەسێکی بەرەگەز عەرەبی خاوەن رەگەزنامەی بەلجیکی کوژران. ھەر لە ساڵانی رابردوودا بە چەندان کردووەی تیرۆریستی و پلانی ئەنجامدانی کردەوە پوچەڵ کراونەتەوە و دەزووی چەندان کردەوەی دەرەوەش چووەتە وە سەر کەسانی ھەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە .
دیارە ھەڵکەوتەی جوگرافی گرنگی بەلجیکا وای لێدەکات کە گرنگ بێ بۆ توندڕۆکان . ھەروەھا لە نەخشەی شنگندایە، ئەمەش وادەکات ھاتووچووی تیرۆریستان ئاسان بێ تیایدا .
ھەروەھا خەڵکێکی زۆری بەرەگەز بێگانە لە بەلجیکا دەژین و ھەندێک لە ناوچەکانی نزیکەی نیوەیان بە رەگەز بێگانەن . کە تیایاندا رێژەی ھەژاری و بێکاری بەرزە و زۆرینەیان پرۆژەی زۆر باشن بۆ توندرۆکردن و کەوتنە بەر شەپۆلی رادیکاڵیزم. ٢٥٠ کەسی ھەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتە چوونەتە ریزەکانی داعش و بەشێکیان کوژران و بەسەدانیش لە ژێر چاودێریدان.
ئاسایشی بەلجیکا رایگەیاندووە ، کە یەکێک لە گرفتەکانی بەلجیکا وتار خوێن و پێش نوێژەکانە، کە لە بەلجیکا خۆی پێناگەن و لە دەرەوە دەھێنرێن . ھەروەھا وڵاتێکە کە مامەڵکردن بە چەکی نایاساییەوە تیایدا ئاسانە .
دەزگا ی پۆلیس و سەربازی ئەو وڵاتە ژمارەیان زۆر کەمە و چەند سەد ھەزارێکن، لە کاتێکدا ئۆفیسەکانی ناتۆ، دەزگاکانی یەکێتی ئەروپا، رێکخراوی گومرگی جیھانی، بارەگای رێکخراوی سویفتی دارای، رێکخراوی ئەروپا بۆ سەلامەتی فڕۆکەوانی، نزیکەی ٢٥٠٠ ئاژانسی نێودەوڵەتی و ٢٠٠٠ کۆمپانیای جیھانی و ١٥٠ کۆمپانیای یاسایی لێیە .
بۆیە بۆ توندڕۆکان لەوانەیە ئەو کاتە ھێندە ئاسان بووبێ تەنانەت ھەڵیانگرتبێ بۆ کاتێک کە شوێنی تریان بەدەستەوە نەبێ . لە لایەکی تریشەوە لاپتۆپێکی پارچەبوو دۆزروەتەوە، کە ھی خۆکوژی یەکەمی رووداوەکانی بروکسل ئیبراھیم بەکراوییە و سەرنجێکی لەسەر لاپتۆپەکە دۆزراوەتەوە دەڵێ” ئەگەر ھەر ئێستا کارەکەم ئەنجام نەدەم، تەواوی ژیانم لە بەندیخانە دەگۆزەرێنم”، بەبڕوای شارەزایان ئەمە پەیوەندیی نێوان سەلاح عەبدولسەلام رێکخەری کردەوە خۆکوژییەکانی ساڵی رابردووی پاریسە کە بەر لە ھەفتەیەک لە بروکسل دەستگیر کراو بەھۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەبدولسەلام، بەکراوی و برایەکەی و کەسی سێیەم دڵنیابوون کە دەستگیر دەکرێن،. بەمجۆرە بروکسل بووە بە موڵگەی تۆندڕۆکان. ھەروەھا زیاتر پلانەکانی داعش بۆ ھێرش کردنە سەر ئەوروپا ئاشکرا دەبێ . ئەگەر، بەلجیکا و ھەموو وڵاتانی تری دەوروبەریشی ، بە رێوشوێنەکانی خۆیاندا نەچنەوە، تووشی دەیان کارەساتی لەمجۆرە دەبن و ناپەرژێنە سەرھاوکاری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گەلێک شوێنی تریش کە بەردەوام لەبەردەم ھەڕەشەدان .