لهپهیوهند به نارهزایهتیهکانی ئێستا و بارودۆخی کوردستان و قەیرانەکان، بەپێویستمان زانی تەوەری باسێکی تایبەت بکەینەوە، بۆ شرۆڤەکردن و ڕۆشنایی خستنە سەر سێبەرەکان.
بۆ ئەم مەبەستە کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانی مەدەنی، هەڵسوڕاوی سیاسی، ڕۆشنبیر و خاوەن ڕاو و تێڕوانینی تایبەتدا. ئێمە سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ئامادەیی ئەو دڵسۆزانە هەیە، لە پەرۆشیان بۆ چارەنووسی خەڵک، بە خێرایی وەڵامی تەوەرەکەیان دایەوە وەک هەوڵێک بۆ پشتیوانی لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان.
دەقی دیمانەی بەڕێز د. سالار باسیرە سەبارەت بە نارهزایهتیهکانی ئێستا، بارودۆخی کوردستان و قەیرانەکان.
ئەو هۆکارانە چین کە دۆخی ئیستایان بەرهەم هیناوە لە هەریمی کوردستان؟
د. سالار باسیرە/ یۆ ئەو بارودۆخەی ئێستەی هەریم هۆکار زۆرن ، لەوانە بریتین لە سروشتی سیاسی و کۆمەلایەتی سیستەمە سیاسیەکە و هەروەها بۆ کۆمەلگای کوردیی خۆی. ئەو دەسەلاتەی ئێستە بە تایبەت یەکێتی و پارتی وەک خاوەن هێزی سیاسی و ئابوری بونەتە دەسەلاتی خێزان ، پیکهاتەیەکی خیل و بنەمالە ، توانای سیستەمیکی سیاسی تەندروستیان نیەو ناتوانن لە ئاست داخوازیەکانی کۆمەلگا بن. بە هەمان شیوە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیەکانیش توانای هەلگری پیشکەوتنی سیاسی و کۆمەلایەتی هاوچەرخی نیە. هۆکاریکی تر بریتیە لە دواکەوتویی کۆمەلگای کوردی خۆی و بیهیزیی و بی ئیرادەیی خۆی لە خۆ رێکخستن و بەرەنگاربونەوەی بەرامبەر ئەو دەسەلاتە تەقلیدیەو ئەو بارودۆخە خراپەی تێی کەوتوە. ئەوە سەرەرای بیهیزیی لایەنە چەپەکان و رۆشنبیرو دیموکراتەکان و …کە نەگەیشتونەتە ئەوە رادەیەی بتوانن رێبەرایەتی بزوتنەوەیەکی جەماوەریی بکەن بۆ رزگار بوون لەو میحنەتەی تیی کەوتوون.
لەو کۆمەلگایانەی کە هوشیاری سیاسی و کۆمەلایەتی هاولاتیان کزو لاوازەو هەروەها ڕەوشی ئابوری و کۆمەلایەتی تیایاندا لاوازە ، ئەوا سیستەمی سیاسی پەیڕەوکراو لە ولاتدا سیستەمێک دەبێت کە لەسەر زەبروزەنگ و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەت بونیاد دەنرێت. لێرەدا پێشێلکردنی مافی تاکەکانی کۆمەل و سەربەستیەکانیان و بوارنەدان بە گروپی سیاسی و کۆمەلایەتی سەربەخۆی جۆراوجۆر لە دەولەتدا دیاردەیەَکی ئاسایی دەبێت.. بەلام پەیڕەوکردنی هەر شێوەیەک لە سیستەمی دەسەلات لە ولاتدا شتێک نیە هەتا سەر بەزۆر بسەپێندرێ، هەتا سەر بڕبکات و نەگۆڕ نەبێت.
*خویندنەوەتان چییە بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و ئەوخالانەی کەحزبەکان لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسعود بەرزانی رایانگەیاند و ئەوانەشی کەخودی بەرزانی بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا خستویەتیە ڕوو؟
د. سالار باسیرە/ بە پێی ئەزمونە سیاسی و مێژوییەکان ، سروشتی ئەم جۆرە دەسەلات و سیستەمە سیاسیە تەقلیدیە توانای ڕیفۆرم کردنی ڕاستەقینەی نیە چونکە خۆی لەسەر تەواوی گەندەڵیی دروستبووە. هیچ رێفۆرمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی ڕاستەقینە چاوەڕوان ناکرێت لێی چونکە سروشتی سیستەمەکە سیمای رێفۆرم کردنی پێوە نیەو هەر ریفۆرمێکی ڕاستەقینەی تەندروست دەبێتە هۆی لەناو بردنی خودی دەسەلاتەکە خۆی. داوای رێفۆرم (چاکسازی) کردن بۆنمونە لە یەکێتی و پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان و هاوشێوەکانیان هیچیتر نیە جگە لە خەونێکی بەتاڵ نەبێت. ئەوە هەر گەندەڵیە، وەک یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکان لە هاوکێشەی کۆتایدا سەری سیستەمەکە خۆی دەخوات.
* راتان لەسەر ناوەرۆک و پرۆژە چاکسازیەکەی بزوتنەوەی گۆران چیە؟
د. سالار / بزوتنەوەی گۆران بە تایبەت ئەو کاتە رووی لە سەقەت بوون کرد کە چوە ناو دەسەلاتەوە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆران ئیدعای ئەوە بکات لەناو دەسەلاتدا دەیەوێ چاکسازی بکات ئەوا بە هەلەدا چووە چونکە ئەو دەسەلاتە تەقلیدیە نە مل بۆ چاکسازی ئەدات وە نە چاکسازیشی پێ دەکرێت چونکە هەموو چاکسازیەکی راستەقینە دەبیتە هۆی هەرەسی ئەو دەسەلاتە ، هەربۆیە بۆ سەقامگیریەکەی و مانەوەی لەسەر دەسەلات گەر ناچار بێت پەنا بۆ پیادەکردنی هێزیش دەبات ، بەلام لە میکانیزمی کۆنترۆل و چاودێری و تۆقاندن و کڕینی ئەم و ئەو بەتەنیا سەرچاوە ناگرێت بەلکو پەنا بۆ میتۆدی تری جۆراوجۆر دەبات بۆ شەرعیەت دان بە دەسەلاتەکەی. هەربۆیە هەر پرۆژەیەکی حیزبی گۆڕانیش بەناوی چاکسازیەوە بۆ ئەو دەسەلاتەی پارتی و یەکێتی تەنیا گرەوکردنە لەسەر ئەسپی دۆڕاو. لێرەدا بزوتنەوەی گۆران تەنیا دوو ریگای لەبەردەمدایە یان ئەوەیە بویرانە دەداتە بەرەی گەل و لەگەل لایەنە گونجاوەکانی تر ڕابەرایەتی بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازی جەماوەریی بکات دژ بە گەندەلکاران یان ئەوەیە بە مەودای دوور متمانەی ئەو جەماروەرەش لەدەست ئەدات کە هێشتا ماویەتی چونکە ئەو دەسەلاتە بە خۆشی مل بۆ چاکسازی ، یان دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەلات نادات.
* لە چەند رۆژی ڕابردوو یەکێک لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی بایکۆت بوە، ئەو شێوازە لە ناڕەزایەتی چەندە بە کارساز دەبین؟ لە بایکۆت کارسازتر چییە؟ ناڕەزایەتیەکانی ئێستا چ ئاسۆیەکیان لەبەردەمە، ئەو ئاستەنگ وئەگەرانە چین کەلەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەدان؟ لەئێستادا هەڵسوڕاوان و رابەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە دەبێ چی بکەن و چ ئاستێک لەتوانایی وپێشرەوی بەدەستەوە بگرن؟
د. سالار باسیرە / بریاری بایکۆت کردنی ئەو لایەنانە بۆ مافە رەواکانی خۆیان پیویستیەکی ژیانیە ، بەلام ئەوە تەنیا یەکێکە لە ئامرازەکان و تەواوی ئامانجەکە ناپێکێت ، پێویستە ریگاکان فراوانتر بکرین و چین و تویژەکانی کۆمەلگا بەگشتی بگرێتەوە چونکە ئەو قەیرانە بەرۆکی تەواوی ولات و خەلکە بیدەرامەت و غەدرلیکراوەکەی کۆمەلگاکەی گرتۆتەوە ، ئەو قەیرانەی کە ئەو دەسەلاتە خۆی بەرپرسیارە لە دروستبوونی. من وای دەبینم کە تەنیا بە راپەرینیکی ریکخراوەیی سەرانسەری و شۆرشیکی کۆمەلایەتی و فکری و عەلمانی چارەسەر دەبێت، لانی کەم ئاسۆیەکی گەشبین ببەخشیت ئەوەش کەوتۆتە سەر سروشتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئیرادەو لیهاتویی ئەو لایەنانەی رابەرایەتی بزوتنەوەکە دەکەن. مرۆڤ کە لەسەر حیسابی خۆی برسی کراو ئازادی لێ زەوتکرا ئەوا دوو بژاردەی بۆ دەمێنێتەوە: ئەگەر ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێری هەبێت ئەوا دەبێتە شۆڕشگێر ، یان ئەوەیە دەبێتە کۆیلە.
شۆرش و راپەرین بە واتا گشتیەکەی چ واتایەکی هەیە بۆ جەماوەر؟
د. سالار باسیرە / شۆڕش بە واتا گشتیەکەی بۆ خەڵکیی ولات بریتیە لە نان و ئازادی ، مووچە و خزمەتگوزاری ، قوتابخانەو خەستەخانەو بیمەی بێکاری و تەندروستی، ئاو و کارەبا…تاد. هەرچەندە ئەمانەش بەشێکی گرنگن لە شۆڕشی گەلان بۆ مافەکانیان ، بەلام بە تێگەیشتنی زانستی سیاسی شۆڕش لێرەدا بە واتای گۆڕینی ئەو سیستەمە یان بارودۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیە کۆنە دێت بە سیستەمێکی تری نوێ لەسەر بنەمای کۆمەلگای مەدەنی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی و ئابوری و ئازادیە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان بونیات نرابێت و هەروەها سەقامگیری و کەسایەتی و کەرامەت بۆ تاکەکانی کۆمەلگا دابین بکات. هەر شۆڕش و ڕاپەرینێکی جەماوەریی ئەم بنەماو داواکاریانەی نەکردە ئامانجی خۆی ئەوا نەکرێت باشترە. تاک و کۆمەلگا ئاسایشی دەوێت ، مرۆڤ نان و ئازادی و دادپەروەری دەوێت ، یەکێکیان بێ ئەویتر نابێت. ئەو لایەنەی (ئیتر هەر ناوێکی لێ بنرێ) بتوانێت ئەو پێویستیانە دابین بکات بۆ کۆمەلگاکەی ، ئەوا سیستەمێکی دادپەروەر و تەندروستە کە لەسەر بنەمای فەلسەفی و زانستی و ئەقل و مەنتق بونیاد نراوە.
: یەکێتی لە کاتێکدا خۆی لایەنێکی سەرەکی حکومەتە و خاوەن پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانە. لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی، داوا لەحکومەت دەکا پیاچوونەوە بە پرۆژەی پاشەکەوتی فەرمانبەرو موچەخۆران بکات و پیاچونەوەی پێویستە. چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو هەڵوێستەی یەکێتی دەکەن؟
د. سالار باسیرە / ئەوەی یەکێتی دەیکات هەلویستیکی دوفاقیە ، لەلایەکەوە یەکێتی خۆی بەشێکە لە دەسەلات و بەشدارە لەو بارودۆخە قەیراناویەو لە لایەکی ترەوە دەیەوی بەو وتانە خۆل بکاتە چاوی جەماوەرەکەی بەلام لیرەدا ئەو راستیەش دەکەوێتە روو کە دەسەلاتی سەرەکی لای پارتیە.. یەکیتی بەم وتەو رەفتارانەی تەنیا گالتەجاریی بە خۆی دەکات و خۆی ئەوەندەی تر بێمتمانە کردوە..
: حکومەت دەڵێ بەهۆی قەیرانی دارایی موچەکان بڕاون و لەکاتی خۆی نادرێ. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە لێدوان و دانپێدانانی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبیستین، هۆی سەرەکی ئەم قەیرانە داراییە بەتاڵانبرنی ملیارەها دۆلاری ئەم کۆمەڵگایەیە لەلایەن بەرپرسان و کۆمپانیا تاڵانچیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان. خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئێوە بۆ قەیرانی دارایی بە دیاریکراوی چییە؟
د. سالار باسیرە / هۆکاری سەرەکی ئەو دیاردەیەی ئاماژەتان پیدا تەنیا و تەنیا هەر یەک وەلام هەیە بۆی ئەویش بریتیە لەوەی هەریمی کوردستان دەسەلاتیکی مافیا ئاسا حوکمرانی دەکات بە ناوی حیزبەوە و حیزبیش تەنیا بۆتە ئامانج نەک ئامراز ، حیزب بۆتە کۆمپانیای بازرگانی ، سێ ئۆرگانە سەرەکیەکەی ولات تەنیا روکەشە ، ئەوە دەسەلاتی خیزان و خیل و بنەمالەیە حوکم دەکات نەوەک یاسا و دەستورێکی تەندروست ، هەربۆیە دەبیت کار لەسەر هوشیار کردنەوەی جەماوەر بکریت و ریک بخریت و نیشانیان بدریت کە مافەکانیان کی زەوتی کردوەو چۆن و زەوت کراوە … ئیمە لەم ولاتەدا خۆمان لەبەردەم کۆمەلیک بەناو سیاسی ئەقل هەرزەکاردا دەبینینەوە کە نە هەر لەسەرتاوە بایەخی نە بە کەرتی کشتوکالی وە نە بە پیشەسازی محەلی داوەو هەریمی کوردستانیشی کردۆتە قوبروسیکی ئابوری بۆ دەولەتی تورک و بەرژەوەندیەکانی ئیران و بە بوونەتە ئەجیندای ئەو دوو دەولەتەو گەلەکەی خۆیان برسی و بی ماف کردوە…دەبێت ئەو راستیە میژوییەش بزانریت کە هیچ تاکێک سەر بە هەر چین و تویژیکی کۆمەلایەتی بیت هەتا سەر کۆت و زنجیری چەوساندنەوەو کۆیلایەتی قبول نیەو زوو یان درەنگ لە دژی رادەپەرێت..
سەرچاوە: سایتی هاوپشتی