
گوتەزای “حکومەت؛ باوکی میللەتە”، دەربڕینێکی مێژویییە و دەمێکی درێژە بەکاردەهێنرێت، بە پێی گێڕانەوە جیاوازەکان گریکییە کۆنەکان یەکەم کۆمەڵگەن ئەم تێرمەیان خستۆتە فەرهەنگی سیاسیی جیهانییەوە. یەکسانکردنی حکومەت بە باوک، هەڵگری ئاماژەگەلی جیاوازە کە ئەم دو چەمکە خاوەن کۆلکەی هاوبەشن لە دڵسۆزی و خەمخۆری و لینکی پەیوەندییەکانیان بە نەوەکانیانەوە. هەروەک لەباری ڕاستەقینەیشدا دەبێت حکومەت ڕۆحی باوک لەخۆیدا بەرجەستە بکات و هەڵگری هەمان هەستی باوکایەتی بێت بۆ ئەو تاکانەی چاویان لەدەستی ئەم باوکەیە.
پرسیاری جەوهەریی لە ئاست بەراوردکارییەکی لەم چەشنە لەنێوان “باوکایەتیی حکومەت”و “باوکی خوێنیی”دا ئەوەیە؛ ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان ئەدگار و تایبەتمەندیی باوکایەتیی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتوە بۆ تاکەکانی ئەم ماڵە کوردییەی کە پێیدەگوترێت هەرێمی کوردستان؟
جیاواز لە چەمک و فۆرمی وشە، ئەم دو وشەیە لە جوگرافیای نیشتمانیی و لە هیچ جوگرافیایەکی مانایشدا ناگەنەوە یەکتر؛ نەک ئەم دو چەمکە نابنە تەواوکەری یەکتر و کامڵبونی مانای بەباوکبونی حکومەت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، حکومەت لەم هەرێمەدا پیاوە پیاڕەیەکی دڵڕەقە دژ بە نەوەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆی. وەک ئەوەی کە لە خوێن و گۆشتی خۆی نین.
ەگەر باوک لە مانا تەندروست و ئەنثرۆپۆلۆجییەکەیدا، ئەو کائینە بێت کە لە خوێنەوە دەگاتەوە نەوەکانی و هەڵگری خەم و کۆژانی نەوەکانێتی لە بەرامبەر تەواوی ناخۆشییەکانیاندا، ئەوا حکومەتیش بەبێ ئەم تایبەتمەندی و لێکتر نزیکییە لە تاکەکانەوە، ناتوانێت باوکایەتیی خۆی بەجێبهێنێت و هەمان ڕۆڵی کاریزمایی و گەورەی باوک ببینێت. ئەو واقیع و ئەنجامەی ئەمڕۆ لە سایەی ئەم باوکە واتاییە [حکومەت]دا لە هەرێمی کوردستان دەستکەوتون، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم باوکە بەتەنگ تێریی و برسێتیی و ڕەوینەوەی گەرما و سەرمای ڕۆڵەکانیەوە نییە. ئەم باوکەی کە ئێستا تەمەنی دەگاتە 25 ساڵ، باڵای خەمی تاکەکانی، زیاترە لە مێژوی باوکایەتیی خۆی. ئەم باوکە هەڵگری تۆوی ژیانێکی نوێ نییە بۆ نەوەکانی لە کاتێکدا بکوژی ژیان و لاوێتیی ڕۆڵەکانێتی لەڕوی ڕوحیی و هەندێکجار جەستەییشەوە.
لە واقیعی باوکی خوێنییدا، باوک شەونخونی دەکات لەپێناو داپۆشینی تەواوی ناتەواوییەکانی منداڵەکانی و پاراستنیان لە سەرما و گەرما و برسێتییەوە، ئەم باوکە خوێنییە ئامادەیە پاروە نانێک لە دەمی خۆی بگرێتەوە بۆ ڕۆڵەکانی، بەڵام باوکە واتاییەکەی کوردستان نەک شەونخونی نەکردوە بە دیار ڕۆڵەکانیەوە بۆ پاراستنی لە سەرما و گەرما، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەم باوکە زۆر خۆویستە و لەپێناو تێربون و مانەوەی خۆیدا ئامادەیە ڕۆڵەکانی برسیی بکات و توشی سکهەڵگوشینیان بکات و ناچاریان بکات ماڵی “کوردستان” خۆیان جێبهێڵن.
بڕواهێنان بە باوکایەتیی حکومەت تا ئەو شوێنە ڕاستی تێدادەبینین کە لە ئەگەری ونبونی باوکە خوێنییەکەدا، باوک لە بارە واتاییەکەیدا هەمو ئەو بۆشایی و حاڵەتە دەرونییانە ساڕێژبکات کە مەرگی باوکە خوێنییەکە دروستیدەکات، ئەگەر نەتوانرا بەم ئەرکە هەستێت ئەوا جگە لە بارێکی قوڕس بەسەر وڵات و وڵاتییانەوە، هیچیتر نییە.