دەروونناسان بەردەوام جەخت لە سەر گرنگی باوەڕبەخۆبوون دەکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و خۆبەدەستەوە نەدان لە گشت کایە جیاوازەکانی ژیاندا.
هەندێک کەس بەردەوام یان بۆ ماوەیەک خۆیان بە کەم دەزانن لە چاو دەوروبەرەکەیان و ئەمەش وایان لێدەکات کە هیچ شتێک بە ئەنجام نەگەیەنن لە ژیانیاندا.
چەندنین رێگای جۆراوجۆر هەن تا هاوکاریت بکەن لەوەی هەستی متمانە بە خۆبوون بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە، لەوانە ٥ رێگەی زانستین کە لە خوارەوە ئاماژەمان پێداوە:
1-بەردەوام وەرزش بکە
وەرزش بە تەنها بە سوود نییە بۆ باری فیزیایی جەستە، بەڵکو سوودەکانی خۆی لە نەهێشتنی فشاری دەروونی و ئارامکردنەوەی دەروون و زیادکردنی هەستی باوەڕبەخۆبووندا دەبینێتەوە، لە کاتی وەرزش کردندا مێشکی مرۆڤ چەند هۆرمۆنێک دەردەدات کە دەبنە هۆی نەهێشتنی دوودڵی و خەمۆکی و بیری نەرێنی، دڵخۆشت دەکات و وات لێدەکات وزە و ورەت زیاتر بێت بۆ ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانەت.
یەکێکی تر لەو رێگایانەی کە وەرزش لە ڕێیانەوە هەستی متمانە بە خۆبوونت زیاتر دەکات بریتییە لە دروستکردنی وێنەیەکی جوانی جەستەیی، وەرزش دەبێتە هۆی جوانکردن و رێک کردنی جەستە و ئەمەش وات لێدەکات زیاتر متمانەت بە خۆت بێت و ئاسوودەییت زیاتر بێت.
2-جوان پۆشین
پۆشینی جل و پاکوخاوێنی و گرنگی دان بە خود یەکێکە لەو شتانەی کە مرۆڤ لە بوونەوەرانی تر جیا دەکاتەوە، مەرج نییە کە بەردەوام جوانترین جل لەبەربکەیت، بەڵام جلێکی جوان کە رێک بە بەرت بێت و پاکوخاوێن بێت، رۆڵی گەورەی هەیە لە ئاسوودەکردنت بە پێی ئەو توێژینەوە دەروونیانەی ئەنجامدراون. هەروەها گرنگی دان بە پاککردنەوەی ددانەکانت لەگەڵ کردنی نینۆک و داهێنانی قژت بە هەمان شێوە بەسوودن بۆ بەخشینی هەستی باوەڕ بەخۆکردن.
خۆشتن یەکێکی ترە لەو تەکنیکانەی دەرووناسان جەختی لەسەر دەکەنەوە بۆ بەخشینی ئارامی بە مرۆڤ.
3-کۆمەڵایەتی بوون
تێکەڵاوبوون و دامەزراندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەبنە هۆی کەمکردنەوەی هەستی نەرێنی لە ناو مێشکدا، گەر هەست دەکەیت کە دڵت تەنگە، ئەوا یەکێك لەو رێگایانەی هاوکاریت بکات تا لەو دڵتەنگییەت رزگارت بێت بریتییە لە هاوکاریکردنی کەسانی تر، چونکە توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە هاوکاریکردنی کەسانی تر و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دڵخۆشکردنیان یاخود بەشدار بوون لە کارە خێرخوازییەکاندا دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستی گرنگ بوونت لە ژیاندا و دلخۆشکردنت، ئەمەش دەبێتە هاندەرێک بۆت تا زیاتر متمانەت بەخۆت هەبێت.
4-پێکەنین
توێژینەوەیەکی دەروونناسی ئەوەی سەلماندووە کە تەنانەت پێکەنینی درۆ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ و زیادکردنی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستی باوەڕبەخۆبوون، بۆیە هەردوو پێکەنینی راستەقینە و پێکەنینی درۆ بە یەکێک لەو تەکنیکانە دادەنرێن کە بە کاردێن بۆ زیادکردنی هەستی باوەڕبەخۆبوون.
5-شتێکی نوێ فێرببە
فێربوونی زمانێکی نوێ، ئامێرێکی مۆسیقا، خواردنێکی نوێ، یان چۆنێتی ئەنجامدانی یارییەک رۆڵی بەرچاوی هەیە لە بەرزکردنەوەی هەستەی متمانە بەخۆبوونت، چونکە لە کۆتایی هەوڵ و ماندووبونەکەتدا بۆت دەردەکەوێت کە تۆ هیچت کەمتر نییە لە دەوروبەرەکەت و دەتوانیت کاری باش و بەرهەمدار لە ژیانتدا ئەنجام بدەیت بە مەرجێک کۆڵنەدەیت، ئەمە جگە لەوەی فێربوونی شتێکی نوێ بەسوودە بۆ بەهێزکردنی ئاستی زیرەکی مێشک.
سەرچاوە: Medical Daily