17ساڵ بەسەر رۆژێكی ناخۆش لەمێژوی گەلی كوردستان تێدەپەڕێت، ئەو رۆژەی كە لەرێگەی پیلانێكی گەورەی نێودەوڵەتی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان و سەركردەی ناوداری گەلی كورد دەستگیركراو ڕادەستی دەوڵەتی توركیا كرایەوە.
لەمێژووی تێكۆشانی گەلی كوردستان زۆرجار سەركردەو ڕێبەرانی كورد دەستگیركراون و خراونەتە زیندان و یان تیرۆركراون، بەڵام ئەوەی كە حەڤدە ساڵ بەر لەئێستا بەسەر ئۆجالان داهات زۆر جیاواز بو لەوانی ڕابردو بەوەی بەدەر لەرێسا نێودەوڵەتیەكان و یاساكانی مافی مرۆڤ وڵاتێكی وەك توركیا بۆ دەرپەڕاندنی سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆنی خۆی لەوڵاتێكی هاوسێی وەك سوریا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزبكات.
توركیا بەوەشەوە نەوەستا بگرە لەرێگەی ئەو پەیوەندیانەی هەیبوو لەرێگەی دەزگا هەواڵگرییەكانی جیهان هەڕەشەی لەو وڵاتانەكرد كە بەنیازبون داڵدەی ئۆجالان بدەن، ئەوە بو سەرەنجام بە دەستگیركردنی تەواو بو.
دەستگیركردنی ئۆجالانو رادەستكردنەوەی بەتوركیا چەند راستیەكی سەلماند بەوەی كە كورد و رێبەرەكانی هەمیشە قوربانی پیلانە نێودەوڵەتیەكان بونەو دوژمنانی كورد هەمیشە بە پرەنسیپی پیلان و دوژمنكاری مامەڵەیان لەگەڵ پرسە ڕەواكانی گەلی كورد كردووە كە لەلایەن رێبەرانی وەك ئۆجالان سەركردایەتی كراون.
بۆ ئەنجامدانی ئەو پیلانە گەورەیە توركیا كەڵكی زۆری لەدەزگا جاسوسیە گەورەكانی جیهان كرد هەر لەدەسنیشانكردنی شوێن و جێگای تا گۆڕینی ئاڕاستەی فرۆكەكەی و بێهۆشكردنی تا گەیاندنەوەی بە ژێر دەستی توركیا.
رۆژی دەستگیركردنی ئۆجالان نەك هەر رۆژێكی شومە بگرە پەڵەیەكی ڕەشیشە بەنێو چاوانی ئەوانەی لەو پیلانە نێودەوڵەتیە دەستیان هەبوە، بەڵام ئەوەی هەمیشە بۆ كورد جێگای شانازیە لەسەر ئاستی جیهان و ڕای گشتی ئەو روداوە هاوسۆزیەكی گەورەی بۆ پرسی كورد هێنایە پێش، لەكوێی جیهان خەڵك هەبوە بۆ رێبەرو سەركردەكانیان ئاگر لەجەستەی خۆیان بەربدەن ئەوەی بۆ ئۆجالان كرا نیشانەی خۆشەویستی ئەو رابەرە گەورەیەیە.
دەوڵەتی توركیا وای دانابو بەدەستگیركردنی ئۆجالان ئیدی شتێك نامێنێت بەناوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد لەباكوری كوردستان، بەڵام بینیمان بەناچاری پەنایان بردە بەر گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەو سەركردەیە، ئەگەر عەقڵیەتی شەڕانگێزی حوكمدارانی توركیا نەبایە، ئێستا ئۆجالان بۆ هەتاهەتایە كۆتایی هێنابو بە كێشەیەك كە لەسی ساڵی ڕابردو قوربانیەكەی بەهەزاران كەس بووە لەدەوڵەت و خەڵكی سڤیلی كورد.
ساڵرۆژی دەستگیركردنی ئۆجالان ئەوەمان پێدەڵێت كە دەسەڵاتدارانی توركیا بە عەقڵیەت و بیركردنەوەی 17 ساڵ بەر لەئێستا بیردەكەنەوە ، ئەگەر ئەوسا فشاریان دەخستە سەر سوریا بۆ وەدەرنانی ئۆجالان، ئێستا فشارەكانیان بۆ لەباربردنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردە لەرۆژئاوای كوردستان .
ئەوەی كە جێگای نیگەرانی زۆربەمانە، ئەوەیە لەنێوخۆی كوردستانیش لەپەیوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان نەتوانراوە گۆرانێكی وا بكرێت كە لەشوێنی پەرتەوازەیی و فرە بیركردنەوە لەئاست ڕوداوەكان هاوهەڵوێست بین، بگرە ئەگەر ئەوسا لەنێوانی ئەو لایەنانە شەڕ هەبوە ئێستاش زەمینەی ئەو شەرە هەرماوە.
دۆخی ئەوسای كوردستان و ئەو ڕەوشەی كە پارتی كرێكارانی كوردستانی تێدابو وابو تەنانەت بۆ هاتۆچۆو كاری لۆجستیش دەبوایە لەڕێگای خۆیان نەبێت، تەنانەت ئەو رۆژەی هەواڵی دەستگیركردنی ئۆجالانیش گەیشتە پەكەكە، ئەوان وەك میوان لەبارەگاكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان داڵدە درابون.
ئێستا كە دۆخەكە گۆڕاوە حەقی خۆیەتی هەمو لایەكمان پشتیوانی لەو بانگەوازە بكەین كە بۆ ئازادكردنی ئۆجالان دەدرێتو هەمو كارتە دبلۆماسی و سیاسیەكان بخەینە خزمەت ئەو داوایە.
دەبێت دەسەڵاتدارانی توركیاش لەوە بگەن بە درێژەدان بە سیاسەتی گۆشەگیری سەر ئۆجالان دۆخی نێوخۆی توركیا رۆژ بەرۆژ بەرەو ئاڵۆزتر دەچێت و خزمەت بە هیچ لایەك ناكات .
هیوا سەید سەلیم