خاوەن پێداویستى تایبەت، ئەو توێژە تایبەتەى کۆمەڵگە کە بەشێکیان بەهۆى ئازارەکانى ژیان و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان بەشێک لە ئەندامەکانى جەستەیان لەدەستداوە، بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە کێشەیان بۆ دروستدەکرێت و ژیانێکى شایستە بەڕەوا نابینرێت بۆیان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی كارو کاروباری كۆمەلایەتی، لە هەرێمى کوردستاندا ١٠٣ هەزار و ٦٢٣ كەس وەكو كەمئەندام موچە لەو وەزارەتە وەردەگرن، بەڵام بەهۆى دووبارە پشکنینەوە بۆ زانینى ڕیژەى کەمئەندامێتییان لەئێستادا زیاتر لە ١٨ هەزار کەمئەندام لە لیستى مووچەخۆرانى وەزارەتەکە دەرکراون و مووچەیان پێنادرێت، بەهۆى ئەوەى ڕێژەى کەمئەندامیەتییەکەیان لە سەدا ٦٥ کەمتر بووە.
کەمئەندامان لە هەرێمى کوردستان ماوەى ٤ ساڵە بەهۆى قەیرانى دارایی و پاشەکەوتى مووچەوە لە ژیانێکى بژى و مەمرەدا دەژین و لەمساڵدا تا ئێستا تەنانەت تەنها یەک مووچەشیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا حکومەت لیستى مووچەى مانگى شەشى فەرمانبەرانى راگەیاندووە، بەڵام کەمئەندامان مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى رابردوویان پێدراوە.
سەربارى کەمى مووچەى کەمئەندامان و پاشەکەوتکردنى ئەو مووچە کەمەى ئەو توێژە، پارتى و یەکێتى وەکو سەرجەم بەشەکانى ترى ژیان لەم هەرێمەدا، دەستیان خستووەتە قوتى کەمئەندامانیشەوە و چاویان بڕیوەتە ئەو ٩٠ بۆ ١٢٠ هەزار دینارەى کە چەندین مانگ جارێک دەدرێت بە کەمئەندامان، ئەو دوو حزبە چەندین کەسى نزیک لە خۆیان و بەرپرسەکانیان خستووەتە ناو لیستى کەمئەندامانەوە بەبێ ئەوەى کە هیچ ڕێژەیەک لە کەمئەندامێتییان تێدابێت، مووچە لەو وەزارەتە وەردەگرن.
حکومى هەرێم لە ماوەى ٢٧ ساڵى رابردوودا جگە لەوەى توێژى کەمئەندامانیان پشتگوێ خستووە و خزمەتیان نەکردوون و نەیانتوانیوە ژیانێکى شایستەیان بۆ دابین بکەن، تەنانەت لەکاتى دروستکردنى بیناى فەرمانگە حکومییەکان و هێڵەکانى گواستنەوە و شوێنە گشتییەکاندا ڕەچاوى دۆخى جەستەیی کەمئەندامان نەکراوە.جگە لە پێنەدانى موچەکانیان، لە کابینەى شەشەمى حکومەتدا بڕى پێنج ملیار دینار بۆ هاوکاریکردنى کەم ئەندامان تەرخانکرا، بەڵام تا ئێستا چارەنوسى ئەو بڕە پارەیە بە نادیارى ماوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، بەھۆی قەیرانی دارایی و خراپی دۆخى ژیانیانەوە نزیکەی ١٠٠ خێزانی کەمئەندام هاوسەرگیرییان ھەڵوەشاندووەتەوە و ٢ کەمئەندامیش بەهۆى نەبوونى قوتى رۆژانە و ژیانێکى سادەوە کۆتاییان بە ژیانى خۆیان هێناوە.لەئێستادا کەمئەندامان بەشێکیان ١٢٠ ھەزارو بەشێکی تریان ٩٠ ھەزار دینار وەکو مووچە لەحکومەتی ھەرێم وەردەگرن، کەمئەندامان باس لەوەدەکەن ئەو بڕە پارەیە بەشی ژیانیان ناکات و ھەندێکیشیان بەھاوکاری ھاوڵاتیان و خێرخوازان ژیانیان بەردەوامى پێدەدەن.
خراپى دۆخى ژیانى کەمئەندامان لەکاتێکدایە کە خاوەن پێداویستى تایبەتەکان لە زۆربەى وڵاتانى دیکە یەکێکن لەو چینانەى کە تەواوى مافەکانیان بۆ دابین کراوە و موچەى تایبەتیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ بڕدراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باجی تایبەتیان بۆ دروستکراوە و لەکاتى کڕینى پێداویستییەکانیان داشکانیان بۆ دەکرێت.ئەمە جگە لە ڕەچاوکردنى دۆخى جەستەیی کەمئەندامان لەکاتى دروستکردنى بینا و باڵەخانە و فەرمانگە و هێڵەکانى گواستنەوە و شوێنە گشتییەکاندا، هەروەها لە خوێندنگە و زانکۆکانى وڵاتانى دیکەدا پشکى تایبەت بۆ خوێندنى کەمئەندامان دانراوە و چاودێرى تایبەتی پزیشکیشیان بۆ دابین کراوە.
بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى لە هەرێم موچەی سەرجەم کەمئەندامان مانگانە تەنھا ٩ ملیار دینارى پێویستە، ماوەى پێنج ساڵیشە بەستنى موچە بۆ کەمئەندامى نوێ وەستێنراوە.