هەموومان کەسێک فێری خوێندن و خوێندنەوەی کردین کە پێی دەوترێت مامۆستا، هەژار و دەوڵەمەند و تەواوی سەرۆکەکانی جیهان، لە ژیر دەستی ئەودا پەروەردە کران و فێری نوسینی ئەو بڕیارانە بوون کە لە ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتدا دەریدەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا بەشێکی زۆر لە حکومەتەکانی جیهان بەرزترین ئاستی موچەیان بۆ چینی مامۆستیان تەرخانکردووە و حکومەتى هەرێمیش لە نوێترین هەنگاویدا نیوەى ئەو موچەیە دابەشدەکات کە بۆ مامۆستایانى تەرخانکردووە.
بە درێژایی زیاتر لە ٢٤ ساڵی ڕابردوو یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی لە هەرێمدا تا ئێستاش بەردەوامە، کێشەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە و نەتوانراوە برەو بەو کەرتە بدرێت و داخوازییەکانی مامۆستایان جێبەجبکرێن.
لە دوای ڕاپەڕین و لە ساڵانی نەوەدەکاندا، بەهۆی ئابڵوقە و فشاری رژێمی بەعسەوە، فەرمانبەران برسیترین توێژی کۆمەڵگا بوون، لەو چوارچێوەیەشدا مامۆستایان بە بێ موچە و بە دروشمی سەری بەرزمان بۆ موچە نەوی ناکەین، بەردەوام بوون لە پرۆسەی خوێندن و تا کۆتاییەکانی سالی ١٩٩٥ و جێبەجێکردنی بڕیارى ٩٨٦ ی نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە نەوت بەرامبەربە خۆراک، گوزەرانی مامۆستیان لە ئاستێکی زۆر خراپدا بوو.
لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە و دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمدا جارێکی دیکە گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ڕووی لە خراپی کرد، ئەویش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بوجەی هەرێم لە لایەن بەغدا و سەرهەڵدانی شەری دژی داعشەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بەهۆی دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچەوە مامۆستایان چەند جارێک پرۆسەی خوێندنیان بایکۆت کردووە و دەیان بەیاننامەیان بڵاوکردووەتەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، مامۆستایان جارێکی دیکە لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کرد و نزیکەی بیست ڕۆژ نەچوونە هۆڵەکانی خوێندنەوە و داوایانکرد موچەی سێ مانگیان بەسەر یەکەوە پێبدرێت، بەڵام نەک موچەی سێ مانگیان پێنەدرا، سێ مانگەکە بووە پێنج مانگ و لە ئیستادا حکومەت سەرقاڵی دابەشکردنی نیوەی موچەی مانگی ئەیلولی ساڵى ٢٠١٥ ى مامۆستایانە.
لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش ئاماژەبەوەدەکات، بەهۆی خراپی گوزەرانیانەوە بەشێک لە مامۆستایان ناچاربوون ئەو نیوە موچەیە وەربگرن.
لە ئێستاشدا بڕیارە لە بیست و شەشی ئەم مانگەوە جارێکی دیکە مامۆستایان بایکۆتی هۆلەکانی خوێندن بکەن و ئاماژەبەوەدەکەن تا داواکارییەکانیان، کە خۆى لە چوار خاڵدا دەبینێتەوە، جێبەجێ نەکرێن ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
هەرچەندە تەواوی مامۆستایانی هەرێم موچەی پێنج مانگیان وەرنەگرتووە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا تەنها مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
وەزارەتى پەروەردە ٦٠ هەزار فەرمانبەر و ١٢٢ ههزار و ٣٧٠ مامۆستاى هەیە، بەڵام بەوتەى وەزیرى پەروەردە هێشتا کێشەى کەمى مامۆستایان هەیە و پێویستیان بە ١٠ بۆ ١٥ هەزار مامۆستای دیکەیە.
بەرزترین ئاستی موچەی مامۆستایان لە جیهاندا
لۆکسمبۆرگ لە پلەی یەکەمین وڵاتانی جیهاندایە لە رووی زۆری موچەی مامۆستایانەوە، بەجۆرێک لە بەرامبەر تەنها دوو کاتژمێر وانە وتنەوەی رۆژانەدا ١٠ هەزار دۆلاریان لە هەرمانگێک بۆدابین دەکرێت.
لە وڵاتانی عەرەبیشدا، قەتەر لە پلەی یەکەمدایە کە موچەی مانگانەی مامۆستایان دەگاتە حەوت هەزار دۆلار.
کەمترین ئاستی موچەی مامۆستایان لە جیهاندا
کەمترین موچەی مامۆستایان لە جیهاندا لە وڵاتی جەزائیرە کە تەنها ٣٤٥ دۆلارە لە هەر مانگێکدا.
هەرێمی کوردستانیش لە دوای جەزائیر و مەغریبەوە کەمترین موچە دەداتە مامۆستا کە لە یەکەمین مانگی دامەزراندندا بە دەرماڵەوە موچەکەی دەگاتە ٥٨٠ هەزار دینار.
بەڵام لە ئێستادا حکومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەشی پێنادرێت و سەرقاڵی دابەشکرنی نیوەی ئەو موچەیەیە کە بۆ مامۆستایان دابین کراوە.
سەرچاوە – ئێن ئاڕ تی