وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایده‌كات، تائێستا ڕێژەی ههژارییو بێكارى لەعێراقدا لەخوار لە14%وه‌یه، بەڵام پسپۆڕان گومانیان لەو ئامارە هەیەو ڕایده‌گه‌یه‌نن، “ڕێژەكە گەیشتۆتە سەروو لە40%”، هۆشداریشده‌ده‌ن لەوەی لەگەڵ هەڵکشانی ڕێژەی قەرزە گشتییەکان کە گەیشتۆتە 140 ملیار دۆلار، ڕەنگە دۆخەکە بەرەو خراپتر بڕوات.
عەبد زوهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق له‌لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكردوه، تێکڕای ههژارییو بێكارى لەعێراق هەروەک خۆیەتیو ڕێژەکەش لەنێوان %13.8 بۆ %14دایەو ئەو ڕێژەیەش هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.
بەوتەی هینداوی، “ڕێژەی ههژارییو بێكارى لەنێوان هەردوو ڕەگەز جیاوازە، بەشێوەیەک ڕێژەکە لەنێوان ڕەگەزی مێدا دوو بەرامبەی ڕەگەزی نێرە، واتە ڕێژەکە لە18% بەرامبەر بە9%یه.
لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی وتەبێژی وەزیری پلاندانان، ئەحمەد عید پسپۆڕی ئابوریی به‌ڕۆژنامه‌ى (مه‌دا)ى وتوه، “بەپێچەوانەی ئەو ئامارانەی وەزارەتی پلاندانان ڕایاندەگەیەنێت، ڕێژەی ههژارییو بێكارى لەعێراق زۆر گەورەیەو لە40%ى تێپەڕاندوە”.
وتوشیهتى:”بەراورد بەو ژمارە زۆرەی دەرچوانی زانکۆ‌و پەیمانگاکانو ئەو ژمارە کەمەی دەرفەتی کاریان دەستدەکەوێت، دەتوانرێت بوترێت کە ڕێژەی ههژارییو بێكارى لەئاستێکی مەترسیداردایە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دامەزراندنی هەڕەمەکییو نەبونی سیاسەتێکی زانستیانەی ئابوریی، ئەوە سەرباری بڵاوبونەوەی گەندەڵیی دارایی‌و کارگێریی، لەفاکتەرە سەرەکییەکانی زۆربونی ڕێژەی ههژارییو بێکارییە لەوڵاتدا.