نادیە موراد کچێکی چاو پڕ لە فرمێسک و دڵ و دەروونێکی گوشراوی پڕ لە حەسرەتی ئێزیدیی، ئەو کچەی، کە هەموو کەسە نزیکەکانی بە دەستە چەپڵ و قێزەونەکانی داعش و بە فەرمانی خەلیفە کۆنەپەرست دڕندەکەیان کوژاران و زیندە بە چاڵکران و کچەکانیشیان فرێنران. نادیە خەڵکی گوندی کۆجۆی ئێزیدیەکان، کە زۆرترین کەسیان لێ کوژرا و زۆرترین کچ و ژن و منداڵیان لێ فرێندرا و تاوانی نامرۆییانەیان بەرامبەر کرا و لە بازاڕەکانی وڵاتانی ئیسلامیدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا. ئەوەی تیرۆرستانی داعش بەرامبەر بە نادیە و سەدان کچی وەک نادیە کردی مەگەر هەر لە سەدە تاریکەکانی مێژوودا کرابێت.
نادیە موراد، ئەو کچە ئێزیدیە ئازا و دڵێرە بوو، کە توانی لە دەست داعشەکان هەڵبێت و خۆی رزگارکرد لە دەستی ئەو جانەوەرانە. نادیە موراد، ئێستا وڵات بە وڵات دەگەڕێت و پەیامی مرۆڤدۆستانەی خۆی دەگەیەنێت بە هەموو جیهان. یەکێک لە قسە بە ناوبانگەکانی نادیە ئەوەیە کە دەڵێت:” ئێمە چۆنین، هەروا قبوڵمان بکەن، بە جیاوازیەکانی خۆمانەوە قبوڵمان بکەن، ئێمە هەرچی هەین مرۆڤین وەک هەموو مرۆڤێکی ئەم سەرزەمینە”.
نادیە، بەو پەڕی لێبوردەیی و بەو پەڕی تۆلێرانس و دڵفراوانییەوە دوور لە هەموو توندوتیژیەک و دوور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی دڵڕەقانە و دوور لە رۆحی تۆڵەسەندنەوە پەیامی ئاشتی خۆی بە هەموو جیهاندا رادەگەیەنێت. نادیە، دەگاتە هەرچ وڵاتێک لە ئەوروپا و رۆژئاوادا، پەیامی خۆی رادگەیەنێت بە رۆژنامەنووسەکان و بە حیزبەکان و بە سەرۆکی پەرلەمانەکان و بە سەرۆکی وڵاتانی جیهان و بە هەموو مرۆڤدۆستان.
سەرسامییەکی یەجگار گەورە لە جیهانی ئەوروپا و رۆژئاودا بەرامبەر بەم کچە قارەمانە دروستبووە. زۆرێک لە سەرۆک پەرلەمانەکان و سەرۆک حیزب و سەرۆکی حکومەتەکان دەڵێن، ئەوەی نادیە دەیگێرێتەوە نەک ناخ و دڵ و دەروونی مرۆڤە مهیرەبانەکان، بەڵکو ناخ و دڵ و دەروونی مرۆڤە دڵڕەقەکانیش دەهەژێنێت، جگە لە داعشە تیرۆست و سەلەفیزمەکانی ئیسلامیی و ئەوانەی دەیانەوێت دنیا بگێڕنەوە بۆ سەدە تاریک و نوتەکەکان. فرمێسکە وشک نەبووەوەکانی نادیە و پەیامە مرۆیی و ئاشتەواییەکەی و تۆلێرانسەکەی بووە بە سیمبولی مرۆڤدۆستی لە جیهاندا.
کوردەکانی ئاوارە و دڵشکاوی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا، بە تایبەتی لەم کاتەی، کە دەریای (ئیجەش) بووە بە داعشێکی دیکە بۆ گیانی کوردی خێر لە خۆ نەدیو لە سایەیی حکومەتێکی مایەپوچ و حیزبگەلێکی دزەوە، بوون بە پاڵپشت و بەرگریکارێکی بەهێز و سەرسەخت بۆ (کاندیدکردنی ئەم کچە دلێرە) بۆ ئەوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی پێ بدرێت.
من وەک هاووڵاتیەک، کە هەست و نەست و دڵ و دەروونم یەجگار بریندار بووە بە مەسەلەی جینۆسایدکردنی ئێزیدەکان و ئەو هەموو تاوانە نامرۆییەی بەرامبەریان کرا، داوا دەکەم، هاوار دەکەم، دەنگم بەرز دەکەمەوە، وریاتان دکەمەوە! کە با فریایی خۆمان کەوین، ئەوەی بەرامبەر بە ئێزیدیەکان کرا بەرامبەر بە هەموو ئەو مرۆڤانە کراوە کە هەستی مرۆڤییان تێدایە، کە داواکاری ئازادیین، کە داواکاری وەلانانی جیاوازییەکانن. فەرموون دەنگ بدەن، بە نادیە، دەنگ کۆبکەنەوە بۆ نادیە، بۆ نادیە مورادێک، کە دەبێت بە نوێنەری دەیان هەزار و سەدان هەزار کچ و ژنی ئێزیدی و کورد بە گشتی. لە جیهاندا دەبێت بە نوێنەری ئاشتەوایی هەموو ئەو کوردانەی، کە بە درێژایی مێژوو زوڵم و ستەمیان لێکراوە. دەبا نادیە بگەیەنینە ئاستی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، دەبا ئێمەی کورد لە دژی ئەو هەموو ستەمەی لە مێژوودا لێمانکراوە سیمبولی ئاشتەواتی خۆمان و تۆلێرانسی خۆمان بۆ ئاشتی بگەیەنینە هەموو دنیا و لە رێگەی نادیەوە خۆمان بە شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بزانین و بناسێنین.
دەستخۆشی زۆرم بۆ هەموو ئەو کوردە بە شەرەفانەی کە شێلگیرانە لە هەوڵ و کۆششدان بۆ پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نادیە. بە تایبەتی هاوڕێ شیرینەکانم لە وڵاتی نەرویج، کە بەردەوام پێوەندییان پێوە دەکەم و ئەوانیش ئاگادارم دەکەنەوە لە کارەکانیان.
ئامادەکردنی :جیهاد موحەمەد