سادی گوڤەن سەرۆکی دەستەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاندووە، “لە کاتژمێر ١١ شەو بەولاوە ژمارەی دەنگدان ٥٦ ملیۆن و ١٤٧ ھەزار و ٥٠٦ کەس بوو و تێکرا ٥٩٤ ھەزار ٧٦ دەنگدەر ھەیە کە نەچووەتە نێو سیستەم.
ھاوکات کۆی دەنگەکانی ‘بەڵێ’ ٢٤ ملیۆن و ٧٣٦ ھەزار و ٥١٦ دەنگە و کۆی دەنگەکانی ‘نەخێر’یش ٢٣ ملیۆن و ٥١١ ھەزار و ١٥٥ دەنگە. بەپێی ئەم ئەنجامە، ‘بەڵێ’ دەرچووە”.
ئەمە لە کاتێکدایە لە باکوورى کوردستان لە ٢٥ پارێزگا پێکهاتووە و هاووڵاتیانى باکوور لە ١٣ پارێزگادا بە نا دەنگیان بە هەموارى دەستوورى تورکیا داوە و لە ١٢ پارێزگاى تریشدا بە بەڵێ دەنگیان بە هەموارەکە داوە، کە دانیشتوانى ئەو ١٢ پارێزگایەش جگە لە کورد نەتەوەى دیکەى وەک تورک و عەرەبی تێدا دەژی.
دوێنێ ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ لە تورکیادا ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و زیاتر لە ١٦٧ هەزار بنکەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمەکە کرابووەوە، هاوکات بەشێکی زۆریش لە زیندانیان لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا توانیان لە ڕێگەی ٤٦٣ بنکەی دەنگدانەوە بەشداری ڕیفراندۆمەکەیان کرد.
هاوکات ١٠ پارتی سیاسی نوێنهریان لەسهر سندوقهكان هەبوو.
هاوڵاتییانی تورکیا تا ئێستا شەش جار بەمەبەستی دەنگدان لەسەر گۆڕانکاریی دەستوور ڕوویان لە سندووقەکان کردووە، ئەوەش لە هەریەک لە ساڵەکانی ١٩٦١، ١٩٨٢، ١٩٨٨، ٢٠٠٧ و ٢٠١٠دا. ئەنجامی سەرجەم ڕاپرسییەکان ‘بەڵێ’ بووە جگە لە ڕاپرسییەکەی ساڵی ١٩٨٨ کە بە ئەنجامی ”نەخێر” کۆتایی هاتووە.