لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ لەشەش مانگی رابردودا 2645 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراون

لەشەش مانگی رابردودا 2645 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراون

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان

xopishandanujnannتوندوتیژی رۆژ لەدوای رۆژ لەهەرێمی كوردستاندا لەهەڵكشاندایە، ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای خانمان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات “چەندین جۆری توندوتیژی لەئێستادا بوە بەدیاردە, لەساڵانی پێشتردا بونی نەبو لەوانەش توندوتیژی سیاسی‌و دەرونی‌و تەحەڕوشات”.

بەپێ‌ ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەهەرێمی كوردستان توندوتیژی لەهەڵكشاندایە، لەشەش مانگی ڕابردوی 2015دا, 2645 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوە، جۆرەكانی توندوتیژی بەم شێوەیە: كوشتن 22حاڵەت، خۆكوشتن 28 حاڵەت, سوتان65حاڵەت‌و خۆسوتاندن 36 حاڵەت‌و سێكس 46حاڵەت بوە.  هەروەها زیاتر لە 3400 ئافرەتی‌ئێزیدی لەلایەن هەندێ‌ چەكداری داعشەوە ڕفێندراون‌و تائێستاش نزیكەی 500 ئافرەتان ڕزگارییان بوە كە زۆرینەیان لەدهۆكن.

پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند “گەر شیكردنەوەو لێكدانەوە بۆ ئامارەكانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بكەین, توندوتیژی لەهەڵكشاندایە، لەچەندەها حاڵەتدا ڕێژەكە زیاتربوەو بوەتە یەكێك لەدیاردە ناشرینەكان، هەربۆیە جێگەی باس‌و خواستی هەمو كەسێك‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانە”.

وتیشی “ئێستا جۆرەكانی توندوتیژی زیادی كردوە، ڕاستە ژن كوشتن بەرێژەیەك لەچاو ساڵانی پێشتر كەمبۆتەوە بەڵام چەندین جۆری توندوتیژی خێزانی هەیەو پەلیكێشاوەتە ناو كۆمەڵگاو لەناو فەرمانگەكان‌و هەروەها حزبە سیاسیەكانیش بەرامبەر بەژنان دەیكەن، بەوەش مافی ژنانی سیاسی ناو كۆمەڵگای پارتە سیاسیەكان دەخورێت كە ئەمەش جۆرێكی ترە لەتوندوتیژی بەرامبەر بەژن دەكرێت”.

ئەوئەندامەی ئەنجومەنی خانمان ئاماژەی بۆئەوەش كرد “ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی‌و بارودۆخی ئێستای كوردستان كاریگەری زیاتری لەسەر خێزانەكان هەیە، توندوتیژی زیادی كردوە كێشەی ناو خێزانەكان زیاترە بوە، بۆیە داوادەكەم یاسای توندوتیژی توندتربكرێتەوەو هەروەها هەوڵبدرێت باشتر جێبەجێبكرێت”.

هاوكات كوردە عەبدولكەریم دەروناس  ووتی “توندوتێژی هۆكاری زۆرەو یەكێك لەهۆكارەكان وەك كوردەواری دەڵێت ئابورییە كە ئەویش خۆی لە”كاسەی پڕ ئاشتی ماڵ” دا دەبینێتەوە، ئەمە لەڕوانگە زانستیەكەوە زۆر تەواوە”.

وتیشی “هەمو بەرەوپێشچونێكی كۆمەڵگە پێداویستیەكانت زیاتر دەكات، نەبونی ڕۆشنبیری تاكەكانی كۆمەڵگە، بەشێكە لەبونی كێشەكان، زۆرێك لەكێشەكان لەوكەسانەدا ڕو ئەدات كە ئاستی ڕۆشنبیریان لاوازە”.

ئەو دەرونناسە ئاماژەی بۆئەوەشكرد “بەچارەسەركردنی كێشەكان كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر كەمبونەوەی توندوتیژی لەناوخێزانەكاندا”.

بەرەنگاربونەوەی یاساییانەی توندوتیژی خێزان، بەهۆی رێكخراوەكانی ژنان‌و كۆمەڵی مەدەنی‌و بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، یاسای ژمارە (8) ی ساڵی 2011 ی بەڕەنگاربونەوەی توندتیژی خێزانی دەرچوە، كە لێرەدا ئامانج  لەم یاسایە پاراستنی رەگەزی مێیە، بۆیە گرنگیدان بەیاساو جێبەجێكردنی یاسا،  توندوتیژیەكان كەمدەبێتەوەو دەبێتە هۆی وشیاركردنەوەی تاك‌و رێگریكردن لەتاوان.

سەرچاوە:ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە