رەحمان غەریب:
چاوپۆشی كردن لەو ئەو قەرزەی حكومەت بەخشیوێتی بە خاوەن كۆمپانیا گەورەكان و وەربەهێنە سێبەرەكانی حزب و خەڵكی دەوڵمەندی نزیك لە سەركردە سیاسییەكان، مەتەڵ نییە تا خەڵكی رەش و رووتی ئەم وڵاتە بەدیار گرێكانی دابمێنێ و بۆی نەكرێتەوە.
ئەو قەرزارانەی حكومەت، بەشێكن لە بزنسەكانی هەندێ لە دەسەڵاتدارانی كوردستان، بەشێكن لە پرۆسەی پاوانكردنی بازاڕ، خۆ بازاڕیان تەنها بۆ خۆیان پاوان نەكردوە، قەرزییان تەنها بۆ گیرفانی خۆیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئاسایی نابێت ئیستا شەریكەكانیان لەناو حزب و حكومەت پشتیان تێبكەن، رێگە خۆش بكەن بۆ دەستبەسەركردنی موڵك و ماڵەكانیان.
وەك لە زاری خەڵكی شارەزاوە دەیبیستین پێنج ساڵە حكومەتی هەرێم بڕی (721) ملیۆن دۆلار ی بەقەرز داوە بە ژمارەیەك كۆمپانیا و سەرمایەدار، ئەوانیش یا وەربەهێنان و بازرگانی جۆروجۆرییان پێكردوەو قازانجیان لێكردوە، یا چۆتە ناو پرۆژە زەبەلاحەكانیان.
ئەو قەرزارانە وەك مامۆستاو فەرمانبەر نین، گیرفانیان بەتاڵ و نەفسیان بەرز بێت. ئەو دەوڵمەندە نزیكانەی حزب نە ئیفلاسیان راگەیاندووە، نە زەوی قووتی داون . خەڵك هەستناكات حكومەت هەنگاوی هەستپێكراو و بەپەلەی هەبێت بۆ كۆكردنەوە قەرزەكانی گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ ناو خەزینەی گشتی.
بەڵام لەناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە و پاشەكشەی داهاتی خەڵًك ، هاوڵاتیانی بێ موچەو و هەژار هەست بە فشارەكانی حكومەت بۆ سەر خەڵكی فەقیر دەكەن. ئەمان ئەكرێنە ناو پرۆسەی تەقشف و خۆگونجاندن دەوڵمەندە كۆمپانیا قەرزارەكان، ئاسانكاری یاساییان بۆ دەكرێت.
خەڵكی رۆژانە هەست دەكات داهاتی دەچێتە قوڕگی شێرەوە و بەردەوام خۆی لە ناو پرۆژەكانی چاكسازی و گونجاندنەوە دەبینێت. بەڵام حكومەت لەبەردەم قەرزارە دەوڵمەندەكان شكست دەهێنێت، كە ماوەی زیاتر لە (5) ساڵە پێیان دراوە.
ئەگەر ئەم هەڵمەتی گونجاندن و كەمكردنەوە خەرجی و بەرزكردنەوەی داهاتی حكومەت، نەگەیشتە قۆناغی فشارخستنە سەر دەوڵمەندو كۆمپانیا قەرزارەكانی پارتی یەكێتی،پرۆسەكە دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی. بێگومان بە هەنگاونانی جدییش بۆ وەرگرتنەوەی قەرەزەكانی لەو كۆمپانیاو بازرگانە سێبەرانەی پارتە سیاسییەكان، دەتوانین بڵێن حكومەت تەنها چاوی لە گیرفانی خەڵكی فەقیر نییە.
خۆ ئەگەر حكومەت وەك ئێستا پەرۆشی گەڕانەوەی قەرزەكانی بێت لای ئەو كۆمپانیانە، ئەوە هەق نییە بڕیار دەربكات و رێز لە خاوەن كۆمپانیا قەرزارەكان فیرعەونەكانی بازاڕ بگرێت ، بێ ڕێزیش بە بڕیارەكانی خۆی بكات.