چاوپێکەوتن لەگەڵ شاعیری هاوچەرخی بولگاری پەیکۆ کانێڤ
سازدانی : سەلڤادۆر عەلاء: وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ):
پەیکۆ کانێڤی شاعیری بەهرەداری بولگاری لە چواردەی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ لە بولگاریا لە دایک بووە. لە زیاتر لە نۆسەد گۆڤار و بڵاوکراوەی ئەدەبیی بەرهەمی بڵاو کردۆتەوە. چوار کۆشیعر و دوو کۆچیرۆکی بڵاو کردۆتەوە. کانێڤ کۆمەڵی خەڵاتی ئەوروپی بۆ شیعر وەرگرتووە. هەروەها بۆ هەردوو خەڵاتی پوشکارت و بێست ئۆف زی نێت هەڵبژێردراوە. شیعرەکانی بۆ زمانەکانی ئیتاڵیی و پۆڵەندیی و ڕووسیی وەرگێردراون.
لە بڵاوکراوەکانی پەیکۆ کانێڤ :
ئێسکی بێدەنگ (کۆشیعر) ٢٠١٠ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دێسپێرانتۆ لە نیویۆرک بڵاو کراوەتەوە.
ویسکی ناو تین کان ٢٠١٣ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی جانێت-٤٥ ەوە بڵاو کراوەتەوە.
دەفتەرەکانی ئەمریکا (کۆشیعر) ٢٠١٠ دەزگای جاپ و بڵاوکردنەوەی سیڵاسۆف لە بولگاریا بڵاو کراوەتەوە.
ڕۆیشتن بەنێو دیوارەکاندا (کۆچیرۆک) ٢٠٠٩ دەزگای جاپ و بڵاوکردنەوەی سیڵاسۆف لە بولگاریا بڵاو کراوەتەوە.
پەیکۆ کانێڤ سەرپەرشتیاری کتێبەکانی خۆیەتی لە نیویۆرک. ئەم پڕۆژە هاوبەشەی نێوان پەیکۆ کانێڤ و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دێسپێرانتۆ ئەرکی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی کانێڤی لەئەستۆ گرتووە. ساڵی ٢٠٠٩ کتێبێکی هاوبەشی لەگەڵ هەریەک لە فێلینۆ سۆریانۆ و دوەین لۆک و ئێدوارد وێڵس بڵاو کردەوە. کانێڤ ئێستا لە شیکاگۆ لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژێت.
خەفەبوون
گەمە لەگەڵ وشەکان دەکەم
وەک ئەو ژنەی گەمە لەگەڵ قژی دەکات
قژێک سوور هەروەکو ئاگر
گەمە لەگەڵ وشەکان دەکەم
هیچ لەوە باشتر نییە تەماشای پشیلەکەم بکەم و
ئەویش لێم بڕوانێ
دەزانین نهێنییەک لەنێو زەمەن کڵۆم دراوە
لەبەردەم ئاوێنەکە یاری بە قژی دەکات
منیش بێدەنگ لێی دەڕوانم و
ئارەزووم هەڵدەستێ
تەنها لێی دەڕوانم
بێئەوەی وشەیەک لە خەیاڵمدا بێ
بێئەوەی ئازارێک لە ژیانمدا بێ
یاری بە قژە سوورەکەی دەکات
گشت ژوورەکە گڕ دەگرێ
منیش تەنها لێی دەڕوانم و لەدەرەوەش
شەو بەوپەڕی ئاسوودەییەوە پێم پێدەکەنێ
سەلڤادۆر عەلاء : یەکێک لە سیفەتە جوانەکانی شیعری تۆ ئەوەیە کە ڕووداوەکان لە شوێن و زەمان بوونەتە بەشێک لە جەوهەری شیعرەکە. ڕابردوو ئێستایە و ئێستاش هەر ئێستایە. دەنگەکە دەژێت. لەیەک کاتدا فرەڕەهەند و فرە مانایە.چۆن گەیشتیت بەمجۆرە لە دەنگی شیعریی؟
پەیکۆ کانێڤ : من بەردەوام لەلایەن تێگەیشتن لە کات جادووم لێکراوە. کتێبگەلێکی زۆری فیزیای ئەستێرەناسیم خوێندۆتەوە. ئەنشتاین و کارەکانی نیڵز بۆهر و ستێفن هاوکینگ و …تادووایم خوێندونەتەوە. ئینجا وردە وردە کەوتمە نووسین لەسەر ئەو تێگەیشتنە دڵکێشانە، وەک : “سەرەتا و کۆتایی کات، قەراغی گەردوون”، تێگەیشتنم بۆ گەردوون بۆچی بەم جۆرەیە و بۆچی بەم شێوەیە بوونی هەیە؟ من پێموایە خودی شیعر لە پێکهاتووەکانی ئەو تیۆریانەی ئەم وێنە مەزنانەن. شیعر گەر بخوازی، وەکو کونی ڕەش (الثقب الاسود)هەموو شتێک هەڵئەمژێ، نەک بۆ لەنێوبردنیان، بەڵکو گۆڕینیان بۆ شتگەلێکی زۆر جوانتر و مانادارتر.
سەلڤادۆر عەلاء : لە زۆربەی شیعرەکانتدا بەم جۆر یان بەو جۆر هەندێ چالاکی دەبینین بەڕێگایەکی زۆر ئاشنا و ئینسانیی دەمانکێشێتە نێو شیعرەکە. دەتوانی تۆزێک لەمبارەیەوە بدوێی؟
پەیکۆ کانێڤ : زۆربەی شیعرەکانم ئەو کاتانەی خەریکی پیاسەکردنم، لە مێشکمدا لەدایک بوون. بۆیە هەست بەو ڕیتمانە دەکەیت لە نێویاندا، ئەمە بەشی پیاسەکردنەکەیە؛ تۆ خێرایی خۆتی تیا دەبینیتەوە، هەستی پێدەکەی، ئینجا هەست بە لێدانی دڵت دەکەی، پاشان شتێک دەبینی، یان هەست بە شتێک دەکەی یان شتێکت دێتەوە بیر. هەموو ئەمانە لەکاتی ڕێڕۆیشتندا ڕوو دەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە شارم خۆش دەوێ. دەتوانی بێکۆتا بەسەر شەقامەکاندا پیاسە بکەیت و ڕۆژانە دیمەنی نوێ ببینی و بەردەوامیش شت ڕوودەدا. من ناتوانم با بڵێین وەختێ بەنێو شاخ و داخدا یان بە ناو کێلگەی گەنمەشامیدا پیاسە بکەم ، شیعر بنووسم. هەمیشە لە شار و هەمیشەش بەڕێدا دەڕۆم. ئەو کات هەست دەکەی زیندووی، زیاتر لەوەی کە ئەژێیت، هەست دەکەی بەشێکی لە شتێک. لەبەر ئەمەیە حەزم بە هێنری دەیڤد ثۆریو و ژیانی ئەو نووسەرە لەنێو دارستاندا نییە. لەم تێگەیشتنەوە من زۆرتر واڵت واتمانیم، من کوڕی شارم.
سەلڤادۆر عەلاء : هەروەها گۆشەنیگایەکی زۆر جوانی وجودیی لەشیعری تۆدا بوونی هەیە. قەراغ، خەم. وابزانم ئەمە هەر ئەوشتەیە کە تشیسلاف میلوش دەڵێ “کەوتۆتە ئەودیوی ئاگرەوە”. ئەمە چەندی هی تۆیە و چەندی هی کلتووری ئەوروپا، یان ژیان لە ئەمریکایە؟
با پێت بڵێـم
من لەتاریکییەوە فێر بووم
بۆ تاریکیی
ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت
حەزم بە ڕووناکی نییە
سەیر نییە بۆچی ئێمە هەموو
شەو و
مانگ و
بۆق و
کرم و
مشکمان خۆش دەوێ
لە تاریکیی دادەنیشم و
گوێ لە دەنگی کەمانچەی سبیلیەس دەگرم
کە لە گۆڕەوە دێ
پەنجەکانیشم هەر زوو
لێوی تاریکی دەگرێ
نە سبەینێ هەیە و
نە ئەمڕۆ و نە هیچ
تەنها مانگێکی بێ خەوش هەیە
کە بەربەرەکانێی هەتاو دەکات
پەیکۆ کانێڤ : وابزانم لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێ کە لێی لە دایک بووم، بەلقان و بولگاریای نیشتمانم. ئێمە خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندین، بەڵام لێوانلێوە لە تاریکیی و خوێن و ئازار. ئێمە بۆ ماوەی پێنجسەد ساڵ لە ژێر دەستی عوسمانییەکان بووین. ئەوە پێنج سەدەی ئازار و کوشتن و ئەشکەنجە بوو. زۆربەی نەتەوەکانی بەڵقان لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست لە سەربەخۆبوون لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان، نزیک بوونەوە. ئەوە ئەوکات بوو کە بۆ یەکەمینجار هەناسەیەکی فێنکمان هەڵمژی.
کاتێ باسی کلتووری ئەوروپی دەکەیت، هەست دەکەم و دەزانم من بەشێک نیم لێی. من بەشێکم لە کلتووری بەڵقان. ئەو هەموو یادەوەرە تاریکە بەشێکە لە من، لەناو خوێنمدایە، لەناو هۆشمدایە، لە ناخمدایە. بە دڵنیاییشەوە دەبنە بەشێک لە شیعرەکانم، هیوادارم بە باری ئەرێتی بێت. وەکو گۆتەی مەزن دەڵێ ” کە تیشکی خۆر بە هێز بێت، سێبەریش بە هێز دەبێ”. ئێمە خەڵکی بەڵقان، بولگارییەکان بەتایبەتی تەژین لە سێبەری بەهێز.
سەلڤادۆر عەلاء : نووسین سەبارەت بە شاعیری بولگاری دیمچۆ دیبێڵیانۆڤ، مارتین سیمۆر سمیس ئاماژە بەوە دەکا کە غەمێکی بولگاری غەریب(سەیر) هەیە. ئایا تۆ کۆکی لەگەڵ ئەمەدا؟ غەمی بولگاری بۆ تۆ بەمانای چییە؟
هەتاوەکە کوێری کرد
ئەوە ئێمەین دیسانەوە
دوای دوانزە سەعات کاری ڕوح دەرهێنەر
بە لاتەلات بەرەو وێستگەی پاسەکە هەنگاو هەڵدەگرین
لەنێو ئەو پاسە شڕو شۆقە ئێمە بێدەنگ
وەکو شەهید
وەکو سەگی وێڵ
خەون بە قەساب و چەقۆ و بەهەشتەوە دەبینین
کە دەگەینە ماڵەوە
ئەزانین ڕەنگە نانمان نەبێ بیخۆین
بەڵام لە بەفرگرەکە هەمیشە چەند بۆتڵیکی تیایە
زیندوو بمان هێڵێتەوە و خەون ببینین بە کاتێکی باشتر
بە ڕۆژانێکی چاکتر
نیوەشەویش لەگەڵ ژنەکانمان بەشەڕ دێین
بەڵام بە نەرمی و بێدەنگی
بۆ بەیانیش کاتێ هەتاو دەکەوێتە سەر ڕوخسارمان
بە پێکەنینەوە دەڕۆینەوە بۆ سەر کار
چۆن دەزانین کە دێینەوە بۆتڵێک هەیە
بۆ ڕۆژی دواتر ، هەر تەنها بۆ رۆژی دواتر
بە ژیریی بمان هێڵێتەوە
پەیکۆ کانێڤ : بەڵێ شتێکی لەوجۆرە هەیە. دیبێڵیانۆف یەکێکە لە شاعیرە باشەکانی بولگاریا. یەكێکە لە دەنگە بەهێزەکانمان. بەڵام بەلای منەوە هەندێجار زۆر (بە جۆش و سۆزە)لیرکییە. بەڵام بێ ئەوەی بەهەڵەدا بچین ئەویش دەیزانی ئازار چەشتن یانی چی. ئەو لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵی لە جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن هێزەکانی ئێرلەنداوە کوژرا. بەش بە حاڵی خۆم پێموایە شاعیرێکی بولگاری لەسەرووی هەمووانەوە وەستاوە. بڕوام پێبکە کە ئەمە دەڵێم ئەم شاعیرە یەكێکە لە باشترین شاعیرەکانی جیهان لە چەند سەدەی ڕابردوو، ئەویش ناوی نیکۆڵا ڤاپتزارۆفە. سەرباری ئەو ڕاستییەی کە ڤاپتزارۆف تەنها یەک کۆشیعری بڵاو کردۆتەوە، بەڵام بە مەزنترین شاعیری بولگاری دێتە ئەژمار. ڤاپتزارۆڤ ساڵی ١٩٤٢ دەستگیر دەکرێ و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی دژی ئینسانیی دەبێتەوە و دوواجار لە بیست و سێی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٤٢ لەلایەن ڕژێمی فاشیستی بولگاریاوە ئیعدام دەکرێ. ئەو تا دوا هەناسە خەریکی نووسین بوو. لە ڕاستیدا دووا شیعری کە دوو سەعات پێش گوللەبارانکردنی بۆ هاوسەرەکەی نووسیوە ئیلهامبەخش و بزوێنەرە.
هەندێجار کە نووستووی
وەک مێوانێکی ناوەخت دێم
مەهێڵە لەسەر شەقامەکە بمێنمەوە
دەرگاکە کڵۆم مەدە
بە هێمنی دێمە ژوورەوە
لەسەرخۆ دادەنیشم
لە تاریکیی لێت دەڕوانم
وەختی چاوەکانم تێر بوون لە تەماشات
ئەوسا ماچت دەکەم و جێت دێڵم.
نۆکۆڵا ڤاپتزارۆڤ سی و دوو ساڵ ژیا و باشترین نموونەی دەنگی ڕاستەقینەی بولگاریایە.
سەلڤادۆر عەلاء : لە ئەمریکای باکوور غەمباری بە دەرمان چارەسەر دەکرێ. ئایا پێویستیمان بە غەمباری نییە؟ ئەی بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە غەم تاکە شوێنێک نییە کە ماوەتەوە و ڕەنگدانەوەی ژیانی لەسەر دەبینین؟ ئەگەر غەمباریمان قەبووڵ نەبێت، ئایا تواناکانی خۆمان لە ئەزموونی شیعریدا فریو نادەین؟
پەیکۆ کانێڤ : من ئێستاش لە ئەمریکییەکان تێناگەم. “ئای کە زۆر دڵتەنگم.” چی دڵتەنگت دەکات؟ تۆ هەر ئەوەتە دڵتەنگیت. بڕوام پێبکە تۆ ژیانێکی قەشەنگت هەیە. من دەزانم چی دەڵێم. هیچ شتێک نییە بۆی دڵتەنگت بیت. تۆ تەنها بۆ ماوەی هەفتەیەک بڕۆ بۆ وڵاتێکی جیهانی سێیەم یان بۆ وڵاتێکی ئەفریقا بۆ ئەوەی بزانی دڵتەنگی چییە و چۆنە؟ وەک ئەوەی پێتخۆش بێت بڵێیت وەرە شوێن من ئینجا دەزانی دڵتەنگی یانی چی. ئەوە شیتێتی ڕاستەقینەیە . من تێناگەم و ناشمەوێت تێبگەم. وە دوابەشی پرسیارەکەتم بە بەڵی وەڵام دایەوە. لەڕاستیدا من وا بیر دەکەمەوە و مەرج نییە تۆ قەبووڵت بێت. ئیتر ئەوە بەشێکە لە ژیانت و بۆ خۆت بژی لەگەڵیا. هونەر و شیعر و مۆسیقای بەرز، گشت ئەمانە بۆ ئەوە داهێنراون تا قەرەبووی ئازارەکانی مرۆڤایەتی بکەنەوە.
منداڵەکان
دێتە بیرم وەختێ لاو بووم
چۆن یاری چاوشارکێمان دەکرد و
چۆن کۆتر و پاسارییەکانمان بە دارلاستیک دەکوشت
ئاسمان جیاواز و هەوا و خۆریش هەر بەو جۆرە
بەڵام ئێستا کوڕە لاوەکان
نیوەی ژیانیان لەسەر کۆمپیتەر خەیکی یاری کردنن و
لە ئەنتەرنێدا گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کچە هەرزەکارانە دەکەن
تەنانەت بێئەوەی بیان بینین
من کە لاو بووم هەموو ژنان لەسەر جادەکان بوون و
زۆریش لە دایکم دەچوون
بەڵام ئێستا چیتر لە دایکم ناچن
چیتر لێکناچن
ئەمڕۆ کوڕە لاوەکان
لە بری تەماشاکردنی وێنەی گیرترود شتاین
دەیانەوێ سێکس لەگەڵ پاریس هڵتن بکەن
بە هیچ جۆرێکیش ناهەقیان ناگرم
سەلڤادۆر عەلاء : لە چاوپێکەوتنێکی تردا کۆمۆنتێکی زۆر سەرنجڕاکێشت دەربڕی سەبارەت بە پێگەیشتنی شیعریی. تۆ وتت ” وەک ڕێسایەک نووسەر هەر زوو ئەوەی بۆ دەردەکەوێ کە قەڵەمەکەی زیاتر پڕ دەسکەوتترە وەک لە ڕوحی” حەز دەکەم ئەمە تۆزێک ورد بکەیتەوە. ڕوح دەتوانێ چی بەدەست بهێنی؟ ئەی قەڵەم چۆن دەتوانێ دەسکەوتی زیاتر فەراهەم بکات؟
پەیکۆ کانێڤ : ئەوە هەر زۆر سادەیە، بەو جۆرەی دەیبینم کە کار یان خوڵقاندنی هەندێ شاعیر و شێوەکار و مۆسیقار و پەیکەرتاش ..تاد زۆر گرنگترە لە داهێنەر. ئەمە تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت چونکە ڕاستتر و ڕاستگۆترە. تۆ بۆ نموونە هۆمەر، دانتی، مایکڵ ئەنجڵۆ وەربگرە، ئێمە ئێستاش سەری ڕێز بۆ داهێنانیان نەوی دەکەین.
سەلڤادۆر عەلاء : هەروەها سەرنجم داوە چەندین جۆر سەگ لە شیعرەکانتدا ئامادەییان هەیە. لەکاتیکدا بۆدلێر و زۆری تر ئائاسایی پشیلەیان کردووە بە شاژنی شیعر. سەگ بۆ تۆ چ مانایەک دەگەێنێ؟
لەخۆبایی
هاوڕێ کچە تازەکەم قیژاندی بەڕووما
بۆیە منیش چوومە حەمامەکەوە و دەرگام لەسەر خۆم کڵۆم دا
کەوتمە جگەرەکێشان و خەون بینین
بیر دەکەمەوە چ کچێک بۆ من باشە و
دەبێ چۆن بێ
ئەچم کچێکی حەوت ساڵان دەڕفێنم و
لەژێرخانی ماڵەکەمدا دەیبەستمەوە
نیوەی دەبێ بە ئاسیایی و نیوەکەی تریشی بە چۆکلێت
تەنها خواردنی ئۆرگانیی و کەم چەوریی دەدەمێ
تەنها میوە و سەوزە و
تەنها ئاو وهەنگوین
نە جگەرە و نە خواردنەوە و نە مەوادی موخەدیر
ناهێڵم سەیری تەلەفیزیۆن بکات و
گۆڤاری جوانکاری ببنێ و
ئەدەبی پڕخرۆشی ژنان بخوێنێتەوە
تەنها ئەدەبی کلاسیک نەبێ تورگنێڤ، هەمەنگوای، فۆڵکنەر،
شۆبنهاوەر، تۆڵستۆی، دیستۆڤسکی، هامسەن، جۆیز، دیکنز، توەین.
ناهێڵم گوێ لە مۆسیقای ڕەشۆکی و ڕۆک یان مۆسیقای عادەتی بێ
دەبێ تەنها گوێ لە مۆسیقای کلاسیک بگرێ
ماهلەر، بیتهۆڤن، مۆزارت، سیبلیوس، بروکنەر، شۆپن،
واگنەر. چایکۆڤسکی، پرۆکۆفیڤ، شاستاکۆڤیچ
منیش لە قاتی سەرەوە
بە ویسکی و
چروت و
سۆزانییە تازە پێگەیشتوەکان و
کاتەکانمەوە
چاوەڕوانی دەبم
چاوەڕوان دەبم
تا دەبێت بە نۆزدە ساڵ
ئەوکات دەیخوازم و
ڕاستگۆ دەبم لەگەڵیا
بۆ هەتا هەتا.
پەیکۆ کانێڤ : من حەز دەکەم ئاژەڵ لە شیعردا تەوزیف بکەم. کاتێ دەربارەی سەگ دەنووسم، بیر لە شتێکی تاریک وەک هادیس یان بۆ نموونە وەک سێربیروس دەکەمەوە. ئەو سەگانە بەلای منەوە مەخلوقاتی خراپن. بەڵام حەز دەکەم بەوجۆرەی دەینووسم خەیاڵیان بکەم. وە بەنسبەت پشیلەوە ئەوە شتێکی ترە. پشیلە کائینێکی ئەفسانەییە، سەرسوڕهێنەرە، زەمەن لە نێو چنگەکانییەتی. نیوەی لێرەیە و نیوەکەی تری لە شوێنێکی ترە. میسریی و ڕۆمانییە کۆنەکان، نهێنییە گەورەکەیان دەزانی. بەڵام ئێمە ئێستا هەوڵ دەدەین لێی تێبگەین.
سەلڤادۆر عەلاء : دوا پرسیار هاوڕێیەک چەندجارێک پرسیاری ئەوەی لێکردووم تۆ شاعیری چونکە تۆ خۆتی، یان تۆ خۆتی چونکە تۆ شاعیری؟
پەیکۆ کانێڤ : من شاعیرم چونکە من وام.
چەند تێبینییەکی وەرگێڕ
(١) دوو شیعری ئەم چاوپێکەوتنە بە ناوەکانی ( گۆشت) و ( پشیلەکە) کە هی پەیکۆ کانێڤ و بۆدلێر بوون، لام بردوون و لەجێگایان دوو شیعری تری شاعیرم داناون.
(٢) لەنامەیەکی کورتدا بۆ پەیکۆ کانێڤ کە لە ٢٨ ی ئابی ٢٠١٥ ناردم داوای ڕەزامەندیم لێکردبوو بۆ وەرگێرانی چەند شیعر و چاوپێکەوتنێکی کە لە سایتی کۆمباستۆس بڵاو بۆتەوە.
(٣) سەلڤادۆر عەلاء شاعیرێکی کەنەدییە، لەساڵی ١٩٥٩ لە شاری ویندزۆر لە کەنەدا لەدایک بووە. فەلسەفە و ئەدەبی خوێندووە. سێ کۆشیعری بڵاو کردۆتەوە. هەروەها شیعرەکانی لە گۆڤار و ئەنسۆلۆژییەکاندا بڵاو بوونەتەوە. سەلڤادۆر لە گۆڤاری کۆمباستۆس کار دەکات و ژمارەیەک چاوپێکەوتنی لەگەڵ شاعیر بۆ ئەو گۆڤارە سازداوە، هاوکات هەر لەو گۆڤارە چاوپێکەتن لەگەڵ خودی سەلڤادۆر سازدراوە. سەلڤادۆر عەلاء توانیویەتی کاریگەری بەسەر دەنگی شیعری ئەمریکای باکوورەوە دابنێت. شیعرەکانی بەپێی وتەی ئەلیستایەر مەکلیۆد شیعرەکانی سەلڤادۆر تێکەڵکردنی شێوازی ڕەسەنی و مۆدێرنە.
(٤) لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە بەپێویستم زانی دەستکاری ناوەکان بکەم. (پێچۆ)م کردە پەیکۆ و ئاڵا م کردە عەلاء.
سۆفیا – بولگاریا
سەرچاوەکان :
1-http://combustus.com/the-place-for-unhappiness-interview-with-bulgarian-poet-peycho-kanev/
2- https://en.wikipedia.org/wiki/Peycho_Kanev
3- http://www.contemporarybulgarianwriters.com/
4- http://www.wordriot.org/template_2.php?ID=1655 Five poems by Peycho kanev