لە کاتێکدا لە چەندین لایەنەوە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان دژ بە مۆدێلی (حکومڕانی نیولیبرالیزم) دەبینین، کە بۆتە جێگای بایەخ و دەردەشەی زۆربەمان، لەوەها دۆخێکدا مەسەلەی دادگاییکردنی چەند مەلایەک لەسەر سکاڵای بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەڵسوڕاوانی چەپ، بوو بە بابەتێکی گەرمی ڕۆژ و لە چەندین لایەنەوە خوێندنەوە و کاردانەوەی لێکەوتەوە.
هێرش و پەلاماری بەشێک لە مەلا و شوێنکەوتووانی ئاینی بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و ئازادییەکان و مافەکانی ژنان بەتایبەتی، بابەتێکی نوی نییە، ڕیشەکەی هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی ئاین و هەیمەنە دروستکردنی بەسەر کۆمەڵگەدا.
لەگەڵ گەشەسەندنی کۆمەڵگە و بەرەو پێشچوون و گۆڕانکاری لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و دابڕانە مێژووییەکاندا وەک ئەنجامی تێکۆشانی مرۆڤایەتی، وڵاتانی خۆرئاوا توانیان (سنوری دەسەڵاتی ئاین و پەیوەندی بە مرۆڤ و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا،) لە چوارچێوەی دروستبوونی دەوڵەتی بێلایەن لە جێگای دەوڵەتی لایەندار، سنوردار بکات و سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن.
2
لەمڕۆی هەرێمی کوردستان بانگەشە و بانگەوازی بەشێک لە مەلا و ناوەندە دینییەکان بۆ فرەژنی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، بەشێکی دانەبڕاوە لە زنجیرەیەک کاری تر، دوایینیان حوکمەکانی لێژنەی فتوای هەرێمە، کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا چەند فتوایەکی بەدوایەکدا دەرکرد دژ بە شوفێران و مافی گەڕان و سەفەری ژنان بە تەنیا و پەیوەندی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ و تەنانەت دژ بە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر داگیرکارییەکانی تورکیاش هتد …؟ دیمەنەکانی دوێنێی تیزاب ڕشاندن بە ژنان و هۆیهالێکردنیان لە شوێنە گشتییەکان و داتای ساڵانەی توندوتیژی خێزانی و کوشتنی ژنان و تاوانەکانی لاقەکردن و دەستدرێژی بۆ سەر هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی، تابلۆ گشتییەکەی دۆخی ژنان و غیابی ژیانێکی ئازاد و یەکسانیخوازی پیشان دەدات، کە بەشێکی زۆری ئەو پێشێلکارییانە، لەژێر پەردەی ئاین و ئەو ڕەچەتە ئامادەکراوانە، ئەنجام دراوە و دەدرێت. پێشێلکردنی مافە کەسییەکان و ئازادییەکان و هێرش بۆ سەر مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی ڕەچەتەی ئامادەکراوی (حەرام و حەڵاڵ)دا درێژکراوەی عەقڵیەتی سەدەکانی ڕابردووە، بەڵام ئێمە هێشتا پێیەوە گیرۆدەین!
3
کاردانەوەکان لە میدیا و بەشێکی شەقام و فەزای گشتی بابەتێکە نابێت وا بە ئاسنی بەسەریدا گوزەر بکەین، وەک بینیمان بەشێکیان پێیان وابوو: “ئەوەی ڕوودەدات ڕووداوێکی دروستکراو بوو، لە واقیعدا کێشەیەکی وەها بوونی نییە” و هەندێکی تر لە نووسین و ڕاکانیاندا پێیان وابوو: ئەوە بابەتێکی لاوەکییە و پێویستە ئاگاداربین تەرکیزمان لەسەر بابەتە جەوهەرییەکان و مافەکانی مرۆڤ لانەبات؟!
گردبوونەوە و پەیامی ژمارەیەک لە مەلا و خەڵکی تر بە تەکبیر لێدانەوە، هاوکات بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدۆیەکی کۆمەڵێک سەرباز کە پاڵپشتی لە فرەژنی دەکەن، تەنانەت هەندێک لە پارێزەر و چالاکانی مەدەنیش بوون بە پارێزەری مەدی کۆنەپارێزی! بەشێکی زۆری ئەو کاردانەوانە درێژکراوەی عەقڵیەتی نێرسالارییە لە میدیا و بەشێکیشە لە خۆبەرهەمهێنانەوە و لە ئاستی گشتیدا، نەبینینی ئەو هێرش و پێشێلکارییانەی دەکرێتە سەر ژنان و ئازادییەکانمان، جیاکردنەوەی مافەکانی ژنان لە مافەکانی مرۆڤ و نەبینینی وەک بەشێک لە مافە جەوهەرییەکان و بەشداری بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لەو هێرشانە جێگای مەترسی گەورەیە! ئەوە ڕاستە میدیا سێبەر و زەبەلاحەکانی خۆیان، تەوقیتی ڕووداوەکەیان قۆستەوە و هەوڵیاندا، ئاراستەی ڕووداوەکە لە خزمەتی خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام ئەوە هیچ لە مەترسی، هێرش و پەلاماری ناوەندە کۆنەپارێزەکان ناگۆڕێت کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە لە کاتێکدا بەشی زۆری ئەو ناوەندانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن دەسەڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لەم بارودۆخەدا و لە کاتێکدا نووسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستانمان لە پێشە، لە داهاتوودا ئەم شەڕە قورستر دەبێت بۆ یەکلایی کردنەوەی ناسنامەی حکومڕانیەتی، ئەوەش وادەکات بەرپرسیارێتی و ئەرکی چەپەکان لەگەڵ ئەو هێزانەی بەرژەوەندیان لە گۆڕانکاریدایە ئاسان نەبێت، بە تایبەت لە تێکۆشان لە پێناوی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا، لە کاتێکدا هەڵوێستی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەی هەندێک جار پشتیان پێ دەبەستێ، ڕوون و تا سەر نییە، پرسەکە دەبێت وا وەربگرین بۆ خۆی دابڕاو نییە لە گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری.
هیوا عومەر