ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیری داعش کە رۆژی شەممە 26ی12ی2015 وتارێکی 24 خولەکی بڵاوکردەوە، حەوت مانگ بوو وتاری نەدابوو، حەڤدە مانگیش بەسەر ئەو دەرکەوتنە ڤیدیۆییدا تێپەڕببوو کەتێیدا وتاری هەینی لەمزگەوتێکی موسڵدا پێشکەشکرد.
ئایاری پێشوو کە بەغدادی وتارە دەنگیەکەی بڵاوکردەوە، دۆخی سەربازی و ڕەمزی داعش لەوپەڕی باشیدا بوو.. داعش هەیبەتی نەشکابوو، هالەیەکی میدیایی ترسێنەری لەدەور بوو.
ئەوکات فرۆکە ئاسمانیەکانی هاوپەیـمانان بەجدی بۆردومانی داعشیان نەئەکرد، نەروسیا نە فەرەنسا و نە بەریتانیاش نەهاتبوونە هەڵمەتی لێدانی داعشەوە..
ئەوکات نەهاوپەیمانی ئیسلامی بەسەرۆکایەتی سعودیە و ئەندامێتی 35 دەوڵەتیی ئیسلامی و پشتیوانی 10 دەوڵەتی تر دژی داعش پێکهاتبوو. نەلەناو سوریاش بەرەی سوریای دیموکراتی بەسەرۆکایەتی کورد و ئەندامێتی چەند گروپێکی عەرەب و تورکمان و سریانی و ئەرمەنی دروستبوو.
ئەوکات لەسەر ئەرزی واقع نە رومادی نە شەنگال نە بێجی لەعێراق وە نە ریفی حەسەکە و ریفی حەڵەب و بەنداوی باکووری ڕەققە لە سوریا لەداعش سەندرابۆوە.
ئەوکات نەئەنجومەنی ئاسایش و دیموستورا لەلایەک و نە کۆنگرەی ریاز لەسعودیە لەهەوڵدا نەبوو بۆ کۆکردنەوەی بەشێک لەئۆپۆزسیۆنی چەکداریی سوریا بەمەبەستی سوڵح و نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی لەسوریا.
بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، گڕۆلەی داعش لەلێژیە، ئەمەریکا و روسیا لەسەر لێواری لێکتێگەیشتنن لەسەر چارەسەرێکی سیاسی وەها بۆ سوریا کەئێران و سعودیەش قایل بکات.
لەسەر بنەمای ئەم پێشهاتانە، وەختێک لە وتارەکەی بەغدادی ورد ئەبیتەوە و بەراوردی ئەکەین لەگەڵ ئەوەی حەوت مانگ پێش ئێستا، بۆمان روون ئەبێتەوە کەچەند جیاوازیەکی گەورە هەیە.
لەوتارەکەی پێشتردا، بەغدادی وەک سەرکردەیەکی ئیسلامی جیهانی قسەدەکات.. باس لەکێشە و نەهامەتی موسڵمانان ئەکات لەسەر زەوی.. لەسەر کوشتاری موسڵمانانی بۆرما ئەوەستێت، دەچێتە یەمەن و باس لەهێرشی حوسیەکان دەکات، لەوێشەوە دێتەوە ئەفریقا و باس لەچەوسانەوەی کۆمەڵگەکانیان دەکات. پەیامی وتارەکەی پێشتری بەغدادی داوایەکی سەڕیحە بۆ کۆچی موسڵمانان بۆ ژێر دەستەڵاتی قەڵەمرەوییەکەی، بانگەوازە بۆ پەیوندیکردنی موسڵمانانی جیهانە بەداعشەوە، ئەمە جگە لەوەی داوایەکی راستەوخۆشە بۆ راپەڕینی موسڵمانان دژ بەدەستەڵاتدارانی وڵاتەکەکانیان لەجیهان بەگشتی و لە دورگەی عەرەبی بەتایبەتی.
بەڵام.. لەوتارە تازەکەیدا، بەغدادی وەک فەرماندەیەکی ئیسلامی مەیدانی قسەدەکات، باس لەخۆڕاگری و بەهاکانی سەبر و بەرەنگاری دەکات، وا دەردەکەوێت کەلەبری هێرشبردن و دەستوەردان لەدونیا، تەنزیر بۆ داکۆکیکردن و خۆپارێزی داعش بکات.
لەوتارە تازەکەیدا بەغدادی لەبری سەرکردەیەکی ئیسلامی فراوانخواز، وەک فەرماندەیەکی داخ لەدڵ باس لەهاوپەیمانی ئیسلامی سعودی ئەکات و بۆ یەکەمجاریش دەستەواژەی “کوردە کافرەکان” بەکاردەهێنێت ئەوەش ئاماژەیەکە بە ئەو ئازارەی بەمدواییە کورد لەهەرێمی کوردستان و لەخۆرئاوای کوردستان بەداعشیان گەیاندوە.