ڕێبوار فەتاح:
تێپەڕاندنی پەربەستی لەسەدا 10 لەلایەن هەدەپەوە دەرسێکی زۆر گرنگە، نەك تەنیا بۆ کوردی باکوور، بەڵکو بۆ کوردی باشوور و بەشەکانی دیکەش. بگرە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمڕۆی تورکیا، کاریگەری ڕەنگە لەودیووی سنوورەکانی تورکیاوە زۆرتر بێ تا لە ناوخۆدا. ئەمە یەکەمین جارە حزبێکی لە کوردەوە نزیك، لە هەڵبژاردنی سەرتاسەریدا، بەربەستەکە تێدەپەڕێنێ.
ئەوەی لێرەدا دەیهرووژێنم دەرسەکانی ئەم سەرکەوتنەیە بۆ باشووری کوردستان. لێرەدا تەنیا هەندێکیان دەخەمەڕوو:
دەرسی یەکەم: ئەقڵێکی جیاواز پێویستە سەرکردایەتی باشووری کوردستان بکات، کە بێگومان بەبێ گۆڕینی سەرکردایەتی سیاسی ئێستا ناکرێ. لە ترۆپکی ئەم گۆڕانگاریانەش، سەرۆکی هەرێمە، کە هەرچەند بیری لێدەکەمەوە، پڕ باوەرتر دەبم بەوەی کە لە سیاسیەتی هاوچەرخدا جێی ئەو پیاوە نەماوە.
دەرسی دووەم: کوردی باشوور پێویستە ئەقڵیەتی کورد-کوردێنە جێبهێڵێ؛ و پێشەنگی نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کەمە نەتەوەکان و گرووپە کۆمەڵایەتیە مافخوراوەکان بکات. تەنیا لەم ڕێیەوە، کوردستانێکی سەقامگیر ئاوا دەبێتەوە و، لەسەر سەکۆی جیهان، ڕێزی لێ دەگیرێ. حزبە کوردیەکان پێویستە واز لە سیاسەتی بەعس-ئاسا بهێنن: حزبی کارتۆنی سەربەخۆیان، بە ناوی ئەو گرووپە ئەتنیکی و ئاینیانەی کە هاونیشتمانی کوردن، دانەمەزرێنن. ئەم سیاسەتە دوژمنایەتی دەخاتە نێوان کورد و کەمە نەتەوەکانەوە.
دەرسی سێیەم: کوردی باشوور پێویستە واز لە سیاسەتی هەڕەشەکردنی پووچ بهێنێ؛ و نوێنەری قەبارەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بکات.
دەرسی چوارەم: قەوارەی کوردستانی لە پەڕلەمان و حکومەتی بەغدادا، تەنیا بۆ بەرژەوەندی حزبی تەسك کار نەکات، بەڵکو ببێ بە نوێنەری خەڵکی بێدەرامە و چەوساوەی عێراق لە بەدەستخستنی مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەکاندا. بۆ نمونە، کورد لە عێراقدا پێویستە ببێتە دەنگی ئەو خەڵکە بێدەسەڵاتەی کە میلیشیا شیعەکان بە ناشرینترین شێوە دەیان چەوسێننەوە؛ و کار بکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری، وەك ڕێگاوبان و تەندرووستی، بۆ خەڵکی عێراق. تەنیا لەم رێیەوە خەڵکی عیراق هاوسۆز و هاوکاری کورد دەبن.
دەرسی پێنجەم: حەزم دەکرد پەڕلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە هەدەپە بکردایە و هاوکات داوای پەیوەندی فەرمی، وەك قەوارەیەکی پەڕلەمان، لێ بکردنایە. دەکرێ پەیوەندی کوردستانی باکوور و باشوور ئێستا لەڕێی پەڕلەمانی هەردوولاوە بکرێ. هەڵبەت ئەمەش ئەقڵێکی حەکیمی هاوچەرخی دەوێ، چونکە بابەتێکی هەستیارە و تۆوی چاندنی ڕژێمێکی کوردستانیە.
دەرسی شەشەم: حەزم دەکرد بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی پیرۆزبایی لە هەدەپە بکردایە بۆ سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردندا. گۆڕان کە لەسەر ئەجەندەی داواکانی خەڵکی کوردستان خۆی دامەزراوە، دەتوانێ پەیوەندی لەگەڵ هەدەپەدا بکات بە پاڵپشتی گۆڕانکاری گەورە لە کوردستاندا.
لەم دیوارەوە پڕبەدڵ پیرۆزبای لە هەدەپە و تورکیا دەکەم کە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایان بە ئەکەپە دا.