خوێندن تەنیا پرۆسەی فێربوونی زانستێکی دیاريکراو نییە، بەڵکو تێگەیاندن و فێرکردنی مرۆڤە بە بەها مرۆیی و ئەخلاقی و پیشەییەکان. کاتێک لە بری ئەوەی زانست و زانین بخرێتە خزمەت مرۆڤ و کەمکردنەوەی ئازارەکانی، دەکرێتە چەقۆیەک و نەخشی ئازارێکی هەتاهەتایی لەسەر سنگی مرۆڤێکی ساوا پێ هەڵدەکۆڵدرێت.
ئەوکات: *زانکۆکانی پزیشکی و بڕوانامەکانیان لە کوردستان دەکەونە ژێر پرسیارەوە، و نیشانەکانی زاڵبوونی رەفتاری نامرۆڤانە بە بەڵگەوە دەردەکەون لەگەڵ خاوەن پێداویستییەکان.
*وەزارەتی تەندروستی کۆمەڵێک پزیشک و کارمەندی تێدایە شایەنی سزان بەهۆی سوکایەتییان بە کەرامەتی مرۆڤێک، کە هێشتا ناتوانێت چاوەکانی بە تەواوی تروسکایی ببینێت.
*ئەگەر ژنانی قوربانی ژێر دەستی داعش لە سەرجەم
نەتەوەکان بە هۆی دەستدرێژێکردنە سەریان لە لایەن تیرۆریستان پێویستان بە خزمەتگوزارییەکانی ئەم وەزارەتە بێت و دوور لە خواستی خۆیان وەچە بخەنەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵە بێ تاوانەکانیان دەکەن؟ چەند وشەی “لقيط” بەسەر سینەی منداڵەکانیانەوە دەنێن؟
یان چۆن هاوکاری تەندروستی ئەو ژنانە دەکەن، کە بەهۆی دەستدرێژییەوە وەچە دەخەنەوە؟
نەخۆشخانەکانی کوردستان سەرەڕای ئەو هەوڵەی خستویانەتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی تەندروستی هاووڵاتیان، بەڵام هێشتا پڕن لە مافیاکانی بازرگانی دەرمانی بەسەرچوو. پڕن لەو پزیشکانەی لە بری چارەسەر نەخۆش بەرەو لێواری مەرگ و مەرگ ئەبەن. پڕن لەو کارمەندانەی بە قەڵەم جافی شین نەخشی سوکایەتی بەسەر مرۆڤەکانەوە ئەنەخشێنن، ئەنجامی تاقیگەی هەڵە ئەنووسن. هەر وەک ئەو قەڵەم جافە شینەی لە زانکۆ زانستەکەیان پێ ئەنووسییەوە، ئێستا واژووی شین بۆ شینە گەندەڵی ئەکەن. قەڵەم جافێکی شین، وەک چەکوشەکەی دەستی دادوەرێکە، بەرجەستەکاری راستەقینەی ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤەکانە.
لەبەر نەبوونی توانای رەزامەندی دەربڕینی لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەکەی خۆی بەو شێوەیە، ئەو شێوەیەی خواستی چارەنووسێکی تاڵ
بە داهاتوو و ژیانییەوە لە لایەن نەخۆشخانەوەکەوە پێ لکێندراوە، روخساری جوانی ئەو منداڵە دەشارمەوە.
بە ئومێدی ئەوەم ئەو منداڵە باوەشی دایک و باوکێکی گەرم لە خۆی بگرێت و تەندرستییەکی باش و داهاتوویەکی رووناک و گەشی هەبێت.
ئەمە تەنیا بەڵگەی تاوانێکە لە
نێو سەدان تاوانی تر، کە بە بێ بەڵگە و ئاشکراکردنی لە لایەن دەزگا راگەیاندنەکانەوە تێپەڕیون. ئەم تاوانەى ئاشکرا کراوە لە لایەن کەناڵی NRT ، ئازاری کوشتنی چەندین منداڵ دەهێنێتەوە یادم بە هۆی دەستنیشانکردنی هەڵەی پزیشکەکان. بەڵام گرنگە هەر کەناڵێکی راگەیاندن بەردەوام بێت لە بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکانی، تا سزادانی تاوانباران.