فۆرین پۆلیسی گۆڤارێكی ئەمەریكییە و ڤێرژنی سەرەكی بەزمانی ئینگلیزی دەردەچێت، تایبەتە بە پرسی جیهانی و روداوە نێودەوڵەتییە هەنوكەییەكان و سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
ئەم گۆڤارە بە وتارە شیكارئامێزەكانی، نوسەران و چالاكوانانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی بەناوبانگە و بەهۆی ئەوەوە بە یەكێك لەسەرچاوەكانی سیاسەتمەنداران و بڕیاربەدەستانی جیهان دادەنرێت.
فۆرین پۆلیسی لەساڵی 1970 لەلایەن ساموێڵ هەنگینگتۆن، پرۆفیسۆری زانكۆی هارڤارد كە یەكێكە لەبەناوبانگترین زانكۆكانی ئەمەریكا و وارین مانشێڵی هاوڕێی، بە ئامانجی پێدانی هەل بە بۆچونە نوێیەكانی ئەو سەردەمە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەكاتی جەنگی ئەو وڵاتە لە ڤێتنام، دامەزرێنرا.
لەساڵی 1978 دامەزراوەی كارنێگی لەپێناو ئاشتی نێودەوڵەتی، خاوەندارێتی ئەم گۆڤارەی گرتە دەست.
لە 2000ەوە دەرچوونی ئەم گۆڤارە لە سێ مانگ جارێكەوە بوو بە دوو مانگ جارێك، لەسێپتەمبەری ساڵی 2008، كۆمپانیای واشنتۆن پۆست ئەم گۆڤارەی كڕی، دواتر پەرەی سەندو گۆڤارەكە بوو بە گروپی فۆرین پۆلیسی كە وێڕای گۆڤارەكە، ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی فۆرین پۆلیسی دۆت كۆم و فۆرین پۆلیسی ئڤێنتس لەخۆدەگرێت، دواتریش لەساڵی 2013، ناوی گروپەكە بۆ گروپی گراهام هۆڵدینـز، گۆڕا.
ئامانجی سەرەكی ئەم گۆڤارە تاووتوێكردنی ئایدۆلۆجیا باوەكان و دامەزاندنی بیركردنەوەیەكی گشتییەو پێدانی چانسە بە بۆچونی ئەلتەرناتیڤ سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا.
گۆڤارەكە خۆی بە مینبەرێكی راوێژكاری متمانەپێكراو بۆ سەركردە جیاوازەكانی جیهان لەرووبەڕووبونەوەی چالێنجە گەورەكان، ناودەبات.
پاش بڵاوبونەوەوی زیاترو فراوانبونی قەبارەی خوێنەرانی لەزیاتر لە 90 وڵات، گۆڤارەكە ڤێرژنی چەندین زمانی تری لەئەوروپاو ئەفەریقاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاو ئەمەریكای لاتین، دەستپێكردووە.
ئەم گۆڤارە كە تیراژەكەی زیاتر لە 100 هەزارەو بارەگای سەرەكی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكایە، تائێستا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.
لەئینگلیزییەوە: والی عەلی
سەرچاوە: wikipedia.org