ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕووداوەکانی دوزخورماتووەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ژیانی چەندین ژن و منداڵ و پیاو لە قەزاکە وێران بووە.
ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی بەمەبەست بۆ سەر ناوچە زۆرینە کوردنشینەکانی دوزخورماتوو، بەلایەنی کەمەوە ١١ هاوڵاتی کوژراون و سەدان ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان تاڵانکراوەو سوتێندراوە و خاپوورکراوە.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکیدا، ئاماژەی بەوەداوە، ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی وێنەی مانگی دەستکرد و ڤیدیۆ و وێنەی ئاسایی و دەیان شایەتی کۆکردووەتەوە، کە ئاماژەن بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی دوزخورماتوو بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
لین مەعلوف، بەڕێوەبەری توێژینەوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، “لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ژیانی چەندین ژن و منداڵ و پیاو کە لە ژماردن نایەن، لە قەزای دوزخورماتوو وێران بووە، هەزاران کەس لە قەزاکە ماڵ و دوکان و هەرچیەکیان هەبووە لەدەستیان داوە، ئێستاش لە کەمپ و گوند و شارەکانی دەوروبەری قەزاکەیان بڵاوبوونەتەوە و نازانن کەی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان “.
لین وتیشی “بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە هیچ هێرشێک لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی قبوڵ ناکەن و ئەو کەسانەی بەرپرسن لە هێرشکردن بە سزا دەگەیەنرێن، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو وتەیە بکرێت بە کردار و لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لەو توندوتیژیانە ئەنجامبدرێت، هەروەها قوربانیەکان قەرەبووی تەواو بکرێنەوە و کەسانی بەرپرس بە سزا بگەیەندرێن”.
ڕێکخراوەکە باسی لەوەکردووە، کە لە نێوان ١٨ بۆ ٢٣ ی تشرینی یەکەمدا شایەتی لە ٤٢ ئاوارەی دوزخورماتوو وەرگرتووە، هەروەها بە گوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆ و وێنانەی مانگی دەستکرد کە هاوڵاتیان گەیاندوویانەتە ڕێکخراوەکە، ئەو زیانانە دەردەکەوێت کە بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی مەدەنی قەزاکە دەکەوێت بەهۆی سوتان و تاڵانکردنیانەوە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت، ئەو هاوڵاتیانەی لە قەزاکەدا ماونەتەوە لەگەڵ ئەو ئاوارانەی کە قەزاکەیان جێهێشتووە و دواتر هەوڵیانداوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، باس لەوەدەکەن کە چۆن هێزەکانی عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی تورکمان و هاوڵاتیانی تورکمان دەستیان لە تاڵانکردن و سوتانی ماڵی هاوڵاتیاندا هەبووە.