لەوانەیە ئەم هەواڵە بۆ هەندێک سەیربێت، بەڵام پیشتریش خانمى یەکەمى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا چەند جارێک وتوویەتى کە تواناى ئەوەى هەیە گۆرانى ڕاپ بڵێت، بە بڵاوکردنەوەى کۆتا ڤیدیۆشى قسەکانى خۆى بۆ هەمووان سەلماند.
لە ڤیدیۆیەکى تازەدا میشێل ئۆباما لەگەڵ ئەکتەر و گۆرانیبێژى ڕاپ جەى فارۆو دەرکەوتووە (کە ڕۆڵى ئۆباما دەبینێت) و گۆرانى ڕاپ دەڵێت، کۆى گۆرانییەکە دەربارەى هاندانى گەنجان و منداڵانە تا بچن بۆزانکۆ و گرنگى ئەو کارە لەسەر داهاتوویان.
وەک لە گۆرانییەکەدا هاتووە “لاى باشوورى شیکاگۆ، هەموومان دەزانین، دەبێت هەموو شەوێک شەونخونى بکەین تا بۆ سبەینێ تەواوببین، وە هەمووان بە ڕاستى دەتوانن خەونەکانیان بهێننە دى، هێى منداڵینە گوێبگرن ئەوانەى لە میچیگانن دەکرێت ئەوە ئێوەبن”.
ئەم گۆرانییە بەشێکە لە کەمپینى “وا باشترە ژوورێک دروستبکرێت” ى خانمى یەکەمى ئەمریکا کە هانى خەڵکى دەدات بۆ بەرەوپێشچوون و گەشتن بە ئاستە بەرزەکانى خوێندن.
هەر لە گۆرانییەکەدا هاتووە “دەبێت بچن بۆ زانکۆ، ئەگەر دەتانەوێت پارە پەیدابکەن، دەبێت مێشکتان پڕبکەن لە زانیارى … خەون تەنها خەونە تا ئەو کاتەى خۆت ماندوو دەکەیت بۆى”.