– دایکە، تکایە جارێکی تر بۆم باس بکەرەوە، جەنگی جیهانیی یەکەم چۆن دەستی پێکرد؟
– شیرینەکەم، پێشتریش پێم وتویت، ئەوە زۆر زوو بوو، سەدەیەک بەسەریدا تێپەڕیوە.
– بەڵام دایکە تکایە بۆم باس بکەرەوە.
– باشە، بابەتێکی ئاڵۆزە. تۆ هەر بەڕاستی دەتەوێت بیزانیت؟
– بەڵێ دایکە.
– چیرۆکێکی دڵتەزێنە. جیهان لەسەر یەک ڕێگە ڕێکخرابوو، ئەو ڕێگەیە تێکدرا و لەو تێکدانەیشدا ملیۆنان کەس کوژران.
– ئەی هاوار! ئەی پێشتر چۆن ڕێکخرابوو؟
– شتانێک هەبوون پێیان دەوترا ئیمپراتۆریەتەکان. ئەوان جڵەوی چەندان ناوچەی پڕ لە خەڵکی جیاواز جیاوازیان گرتبووە دەست، هەندێک لەو خەڵکانەیش دەیانویست بۆ خۆیان قەڵەمڕەویی خۆیان بکەن لەبری ئەوەی ئیمپراتۆریەتێک لە دوورەوە بێت و حوکمیان بکات.
– ئۆکەی.
– ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا یەکێک بوو لەوان. چەندان کۆشکی زەبەلاحی لە ڤییەنای پایتەخت هەبوو، کە تیایدا خەڵکی سەمای بەکۆمەڵیان دەکرد. ئەم ئیمپراتۆریەتە قەڵەمڕەویی چەند سووچێکی کەمی ئەوروپای دەکرد کە پێی دەوترا باڵکانەکان و خەڵکی ئەم ناوچانەش ئەو قەڵەمڕەوییەیان بەلاوە خۆش نەبوو. ڕۆژێکی ساڵی ١٩١٤ میراتگری تەختی ئیپراتۆریای نەمسا-هەنگاریا و ژنەکەی لەلایەن کوڕێکی گەنجەوە و لە شارێکی باڵکان بە ناوی سارایڤۆ تیرۆر کران. کوڕە گەنجەکە بۆسنە-سڕبییەک بوو و داوای ئازادیی دەکرد بۆ باشووری سڵاڤس کە لەژێر قەڵەمڕەویی ئیمپراتۆریەتەکەدا بوو.
– زۆر دڵهەژێنە دایکە. وا دابنێ مۆسیقاکە کۆتایی هات. بەڵام جا چییە؟
– ئیمپراتۆریەتەکە زۆر تووڕە بوو. بە سڕبیای وت یان باجی ئەوە بدەن یان ڕووبەڕووی شەڕ ببنەوە. قەڵەمڕەویی ڤییەنا خەیاڵی ڕەحەت بوو، چونکە هاوڕێیەکی نزیکی هەبوو، هێزێکی دەرپۆقیو بە ناوی ئەڵمانیا. سڕبیا دۆستێکی نزیک و باشی تریشی هەبوو، وڵاتێک پێی دەوترا ڕووسیا، وڵاتێکی زەبەلاح بوو. بەهەرحاڵ، سڕبیا بەجۆرێک سەری قاڵ بوو، وەک تۆ کە چۆنیت لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە. بۆیە ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا چووە شەڕەوە لەگەڵیدا.
– ئەی دواتر؟
– ئێ دواتر ئەڵمانیا جەنگی لەگەڵ ڕووسیا ڕاگەیاند، هاوڕێکەی فەرەنسا بوو، کە لەبەر چەندان هۆکار کەیفی بە چڕوچاوی ئەڵمانیا نەدەکرد. هەر زوو ئەڵمانیا هێرشی بردە سەر فەرەنسا لە بەلجیکاوە. ئەمەش بەریتانیای تووڕە و تۆسن کرد. پەلی کێشا بۆ شەڕ دژی ڕووسیا. ئیمپراتۆریەتێکی دیکە – ئیمپراتۆریەتێکی نەخۆش- کە پێی دەوترا ئیمراتۆریەتی عوسمانی لە کۆتاییدا چووە بەرەی ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریا. پاشان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەسەڵاتێکی سەردەرکردوو هاتە بەرەی تیمەکەی فەرەنسا و بەریتانیا. پاش چەند ساڵێکی کەم، زیاتر لە ١٦ ملیۆن کەس مردن. ئیمپراتۆریەتەکانی نەمسا-هەنگاریا، عوسمانی، ئەڵمانیا و ڕووسیا بەزین و تێکشکان.
– ئەمە بەس لەبەرئەوەی دوو کەس کوژران؟ دایکە ئەوە زۆر عەنتیکەیە!
– هەندێکجار شتە بچووکەکان گەورە دەبن، خەڵکی ئارامی و دیدگایان بۆ شتەکان لەدەست دەدەن، هەبوونی پریشکێک دەتوانێت فەوزایەکی گەورە بنێتەوە.
– دایکە جارێکی تریش ئەمە ڕوو دەداتەوە، وایە؟
– نا.
– ئایا لە ئێستادا هیچ ئیمپراتۆریەتێک ماوە؟
– هەندێک کەس ئەمەریکا بە ئیمپراتۆریەت ناو دەبەن هەرچەندە ئیمپراتۆریان نییە. ئەمەریکا بەهێزترین دەسەڵات و هێزی سەر گۆی زەوییە. سەربازی لە تەواوی دنیادا هەیە. بەڵام ئەمەریکا لاواز دەبێت.
– دایکە، ئەمە هەر ئەو شتە نییە کە تۆ باست کرد تیایدا دنیا بە یەک ڕێگە ڕێک دەخرێت و پاشان بە ڕێگەیەکی دیکە ڕێک دەخرێتەوە و دواتریش دنیایەک خەڵک بەهۆی ئەوەوە دەمرن؟
– کتومت وەک ئەوە نا کە تۆ دەیڵێی کوڕە شیرینەکەم، لە کوێ بمرن؟
– لە سوریا دایکە. سوریا چییە؟
– وڵاتێکی بچووکە و کۆمەڵێک خەڵک و ئایینی جیاوازی تێدایە ئەمەش بەهۆی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە بوو.
– بۆچی خەڵک لەوێ شەڕ دەکەن؟
– بابەتەکە ئاڵۆزە. هەر بەڕاستی دەتەوێت بزانیت؟
– بەڵێ دایکە.
– لەوێ وەک ئیمپراتۆریەتەکان دڕندەیی و چەساندەوە و سەربڕین هەبوو، ئیتر هەندێک خەڵکیش لە دژی ڕاپەڕین. ڕژێمە چەوسێنەرەکە دەستیان کرد بە تەقەکردن لە خەڵک. ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە حەزیان بەو وەزعە نەدەکرد و وتیان بەجۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتی یاخیبووەکان دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا نەیانکرد.
– بۆچی؟
– چونکە وەک وتم ئەمەریکا نەخۆشە. وردە وردە لاواز دەبێت.
– ئۆکەی. ئەی دوای ئەوە.
– چەوسێنەرەکە هاوڕێیەکی زەبەلاحی هەیە ناوی ڕووسیایە. هاوڕێیەکی تەواو گەورەی دیکەشی هەیە ناوی ئێرانە. ئەوان هەردووکیان بەڕاستی پاڵپشتیی لێ دەکەن.
– واتە دەیباتەوە.
– تەواو بەو جۆرە نییە. زۆربەی ئەو خەڵکانەی کە ویستیان لە دەست ئەو چەوسێنەرە ڕزگاریان ببێت؛ موسوڵمانی سوننە بوون. ئەوان پاڵپشتیی سعودیەیان هەیە، کە مەرکەزە بۆ سوننەکان و ڕقی لە ئێرانە و پاڵپشتیی سوننە دەمارگیرەکانی بەدەست هێناوە. تورکیاش کە میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە و ڕقی لە ڕژێمە چەوسێنەرەکەی سوریایە چووەتە ڕیزی تیمی یاخیبووەکان. بەڵام تورکیا ڕقی لە خەڵکانێکی دیکەشە لە ناوخۆی سوریادا کە کوردەکانن و تەنانەت زیاتر لە ڕژێمە چەوسێنەرەکەش – بۆیە ئامادەیە بەدزییەوە هاوکاریی گرووپە سوننییە شێتەکان بکات ئەوانەی قوڕقوڕاگەی خەڵکی دەبڕنەوە و کوردەکان دەکوژن و تەقە لە خەڵکی شارەکانی ئەوروپا دەکەن.
– دایکە من سەرم لێ شێواوە.
– سوریا پارچەپارچە بووە وەک دەوڵەتی عوسمانی. ڕووسیا لەم ڕۆژانەدا بۆمبارانی هەندێک لە دوژمنانی ڕژێمە چەوسێنەرەکە دەکات. ئەمەریکا بۆمبارامی قوڕقوڕاگەبڕەکان. فەرەنسایش هەروا. تورکیا فڕۆکەی جەنگیی ڕووسی دەخاتە خوارەوە. ڕووسیا تووڕەیە. کوردەکان ئەو دەوڵەتەیان دەوێت کە ١٠٠ ساڵە بۆیان دروست نەکراوە. سعودیە لە ناوچەیەکی فراوانتردا شەڕی ئێران دەکات. ئەو شەڕە زیاتر لە سوریای وڵاتی سەدان هەزار مردوودا خەست بووەتەوە.
– ئەمە هەمووی لەبەرئەوەی خەڵکانێک دەیانەوێت ڕزگاریان ببێت لەو زۆردارە؟
– هەندێکجار شتە بچووکەکان گەورە دەبن، پریشک هەیە و فەوزاکە گەورەتر دەبێت.
– دایکە جەنگی جیهانیی سێیەم چۆنچۆنی دەبێت؟
– نیگەران مەبە ئازیزم، ئێستا شتەکان جیاوازن.
– تەواوی شتەکان؟
– تەواوی شتەکان. ئێمە ژیان و حاڵمان هەیە، ئازادی و خۆشبەختیمان هەیە. ڕۆژی سوپاسگوزاریت پیرۆز، کوڕە شیرینەکەم.
سەرچاوە: زە نیو یۆرک تایمز
ن: ڕۆجەر کۆهن
و. هەژار عوسمان