قەیرانی دارایی كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبووە لەسەر هاوڵاتیان كە نەیانتوانیوە قەرزی كۆمپانیاو بانكە قەرزبەخشەكان بدەنەوە بەوهۆیەشەوە موڵكەكانیان لە دەست دەدەن.
بەدواداچوونێك لە شاری هەولێر دەریدەخات رێژەی ئەو موڵكانەی هاوڵاتیان كە ئەمساڵ لەماوەی 10 مانگدا بەهۆی نەدانەوەی قەرز فرۆشتوویانە بە بەراورد بە شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2014 دوو هێندە زیادی كردووە.
لە بەشی تۆماری بەرێوەبەرایەتی جێبەجێكاری دادی هەولێر ئاماری 10 مانگی ئەمساڵ پیشانی دەدات كە تەنیا لەمساڵدا 200 سامانی نەگوێزراوە كە خانوو و زەوی دەگرێتەوە بەهۆی نەدانەوەی قەرزەكان فرۆشراون بەڵام لە شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2014 تەنها 52 موڵك فرۆشراون.
لەمساڵیشدا مانگێك بۆ مانگێكی دیكە ژمارەی موڵكە فرۆشراوەكان ڕوو لە زیاد بوونە هەروەك لە ئامارەكەدا دیارە لەماوەی 6 مانگی ئەمساڵ 112 موڵك فرۆشراون كە مانگانە دەكاتە 20 موڵك بەڵام تەنیا لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا 40 موڵك فرۆشراون.
ئەحمەد محەمەد, بەرێوەبەری جێبەجێكاری هەولێر, وتی: ئێمە توانیومانە بەشێوەی زارەكی لەگەڵ بانكەكان رێكبكەوین تاوەكو بۆ ماوەی سێ مانگ چاوەڕێی پێدانی قیستی مانگەكان بكەن چونكە موچەی هاوڵاتیان سێ مانگ دواكەوتووە و زۆربەی قەرز وەرگرەكانیش موچەخۆرن و ئەوانەیشی كاسبن بەهۆی قەیرانی داراییەوە تووشی گرفتی دانەوەی قەرزەكان بوون.
هەر لە بەشی ئاماری بەرێوەبەرایەتی جێبەجێكردن دەركەوت كە لە ساڵانی 2005 تا 2008 ساڵانە تۆماری ئەو بەرێوەبەرایەتییە لە هەزار دۆسییە تێپەڕ نەبووە، بەڵام لە ساڵی 2009وە بەهۆی كۆمپانیا و بانكە قەرزبەخشەكان ژمارەی دۆسییە كراوەكان لە 5 هەزار تێپەڕ دەكات و ساڵانەش بە رێژەی % 4 تا 8 زیاد دەكات .
هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە ماوەی دوو ساڵە بەرۆكی گرتوون تووشی جۆرەها گرفت بوونەتەوە لەنێویشیاندا دەستكورتی داراییە چونكەموچەی مانگانەیان جار بە جار زیاتر دووادەكەوێت.
سەرچاوە:سایتی دوارۆژ