
بۆ بەرزڕاگرتنی یەکی ئایارو ڕێزگرتن لە قوربانیانی هێزی کار، ڕۆژی پێنجشەمە، ٢٨ / ٤ / ٢٠٢٢ ، کاتژمێر ( ٤ ) لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانیەوە، خۆپیشاندانێکی کرێکاری جەماوەری ، بەرەو پارکی سالم بەڕێکەوت، لەو پارکەدا، مەراسیمێکی شکۆدار بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران و هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخواز بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە بە سرودی جیهانی چینی کرێکار ( ئەنتەرناسیونال ) دەستیپێکرد، دواتر ساتێک ڕاوەستان بۆ گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی و قوربانیانی هێزی کار، هەر لەم مەراسیمەدا، لەلایەن کۆمیتەی یەکی ئایارەوە ، کە مەراسیمەکەی سازکردبوو، بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، لەو بەیاننامەدا ، سیستمی سەرمایەداری بە سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتیانە ئاماژە پێکرابوو، کە ڕووبەڕووی کرێکاران و سەرجەم ستەملێکراوان دەبێتەوە، هاوکات باسی لەوەش کردبوو، کە وێرای ئەوەی ئەم چینە ڕۆڵی گرنگی لە بەرهەمهێنان و خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی دا بینیوە، بەڵام بەهرەمەند نەبووە لە بەری ڕەنجی خۆی و لە هەموو ئەو سەروەت و سامانە زۆرو زەبەندەی لە نێو ناواندایە ..
سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و کوردستانیش ، بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، بارودۆخەکە زۆر خراپترەو لە سایەی سیاسەت وبەرژەوەندی ئیمپریالیزمی و ناوچەیی ، پشک پشکێنەی نەتەوەیی وتایەفەگەری و ئاینی باڵی بەسەر ئابوری و سیاسەت دا کێشاوەو کۆمپانیای حیزبەکان و میلیشیاکان باڵادەستن و حکومەت و دەوڵەت دامەزراوەیەکی شکڵی و سەرو خەڵکین و دزی و گەندەڵی و تاڵانی هەموو بوارێکی گرتووەتەوەو بەشی کرێکاران و زەحمەتکێشانیش هەر هەژاری و برسێتی و بێ خزمەتگوزاری و بێ مافیە…
بۆ ڕزگاربوون لەم بارودۆخەو بەدیهێنانی سیستمێکی ناچینایەتی ، کە ئازادی و یەکسانی تیا بەرقەرار بێت، بەیاننامەیەکە جەختی لەسەر بەردەوامی خەبات و یەکڕیزی و یەکگرتوویی کرێکاران وڕێکخراوبوونیان کردبوو….
هەر لەم مەراسیمەدا، یاداشتنامەی کۆمیتەی یەکی ئایار ، کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرابوو، خوێندرایەوە، یاداشتەکە کۆمەڵێ داواکاری لەخۆگرتبوو، لەوانە: دانی مووچە لەکاتی خۆی داو بەبێ لێبڕین، گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان، زیادکردنی مووچەو پلە بەرزکردنەوەی کرێکاران و کارمەندان، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی و دامەزراندنی هەمیشەیی، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر بۆ هەمووان و ناچارکرکردنی خاوەنکارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای کار ( ٧١ و ٧٨ ) و کۆمەڵێ داواکاری و داخوازی تر…
هەر لەم مەراسیمەدا. نوێنەری شۆفیرانی تاکسیەکانی شاری سلێمانی ، پەیامێکی ناڕەزایەتی خوێندەوە، پەیامەکە کۆمەڵێ داواکاری لەخۆ گرتبوو، لەوانە: دابەزینی نرخی بەنزین وچاککردنی ڕێگاوبانەکان ودیاریکردنی شوێن بۆ ڕاوەستانی تاکسیەکان و چەند داواکاریەکی تر….
سەبارەت بە داخوازیەکانی کرێکاران ، پەیامێک خوێندرایەوەو جەخت لەسەر کۆمەڵێ داواکاری کرێکاران کرایەوەو لە لایەن ڕێکخراوی بیناسازیشەوە ئاماری قوربانیانی هێزی کار لە ماوەی ساڵی ڕابووردوودا خرایە ڕوو…
جێگای ئاماژەیە ، بەدرێژایی کاتی مەراسیمەکە ، چەند دروشم و داواکاری بە دەنگی بەرزلە لایەن بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەوە ئەوترانەوە، لەوانە: نان. کار . ئازادی…ئامانجێکی ئینسانی، داواکاری کرێکار… سەلامەتی شوێنی کار، کارو بیمەی بێکاری… ئامانجی کرێکاری، ئەی حکومەتی غازو نەوت … وازبێنە لە پاشەکەوت ، ئایاری کرێکاران … هێمایە بۆ تێکۆشان…….
شایانی باسیشە لەنێو ئاپورەی جەماوەری بەشداربوودا، هونەرمەند ( نەجم محەمەد ) بەدەنگە زوڵاڵەکەی سرودی یەکی ئایاری پێشکەشکرد وهێندەی تر مەراسیمەکەی پڕ جۆش و خرۆش کرد….
ئا : عەلی محەمەد ئەمین