
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ (لێبوردنی نێودەوڵەتی) رایگەیاند، چاوپێکەوتنی لەگەڵ 65 “رزگاربووی ئەشکەنجەدان”ی ناو گرتوخانە و زیندانەکانی حکومەتی سوریا ئەنجامداوە، کە ئاماژەیان بە پێسێلکاری مەترسیداری ناو زیندانەکان کردووە.
رێکخراوەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، فشار بخەنە سەر دیمەشق بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە بەرانبەر زیندانییەکان. حکومەتی ئەسەدیش بە بەردەوامی لە ماوەی رابردوودا هەموو ئەو راپۆرت و دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە.
راپۆرتەکەی ئەمنستی ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ی ئاب) لە ژێر ناونیشانی – ”مرۆڤ دەشکێنێت”ئەشکەنجە، نەخۆشی و مەرگ لە زیندانەکانی سوریادا – بڵاوکرایەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوەکە، زیاتر لە 17 هەزار و 723 کەس لە نێوان ئازاری 2011 و کانونی یەکەمی 2015دا گیانیان لەدەستداوە. ئەو بەروارەش سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی ناو سوریا بوو دژ بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
ئەمەش واتە رۆژانە 10 هاوڵاتی گیانیانلەدەستداوە، یاخود زیاتر لە 300 کەس هەر مانگێک.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەبةوةكراوة، هەندێکجار دەستگیرکراوەکان لە کاتی گەیشتنیان بە گرتوخانەکانی سوریا (بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو) لەلایەن پاسەوانانی زیندانەکانەوە رووبەڕووی لێدانێکی زۆر دەبنەوە و ئەم رووداوە بە “ئاهەنگی بەخێرهاتن” لەناو زیندانەکاندا ناسراوە.
لەدوای ئەمە زۆرجار “پشکنینی ئەمنی” دەستپێدەکات، کە تیایدا بە دیاریکراوی دەوترێت ئافرەتان لەلایەن پاسەوانە پیاوەکانەوە دەستدرێژیی سێکسی-یان کراوەتەسەر.
سامر، یەکێکە لە رزگاربووەکان و لەبارەی دۆخی زیندانەکانی رژێمەکەی ئەسەدەوە دەڵێت “وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردین. دەیانویست خەڵک تاکو بەرزترین ئاستی گونجاو نامرۆڤانە بن”.
دەشڵێت “خوێنم بینی، وەک رووبار بوو… هەرگیز پێموانەبووە کە مرۆڤایەتی بگاتە ئاستێکی ئاوا نزم.. هیچ کێشەیان نەبوو لەوەی کە راستەوخۆ لەوێ یان دواتر بمانکوژن”.
زیندانییەکی دیکە بە ناوی زەید (کە ناوی راستەقینەی خۆی نییە)، لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەوەی روونکردووەتەوە، کە چۆن لە رۆژێکدا حەوت کەس بەهۆی وەستانی ئامێری هەواگۆڕکێی ناو یەکێک لە سەنتەرەکانی راگرتنی دەزگا هەواڵگرییەکانی سوریادا مردوون.
وتيشى “ئەوان بە شەق لێیان دەداین تاکو ببینن کێ زیندووە و کێ مردوو”.
فیلیپ لوثەر، بەرپرسی رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەمنستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا وتى “بۆ ماوەی دەیان ساڵە، هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ تێکشکاندنی دوژمنەکانیان ئەشکەنجەیان بۆ بەکارهێناوە. ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هێرشێکی فراوان وسیستەماتیکدا دژی هەرکەسێک ئەنجامدەدرێت کە لەناو هاولآتیانی مەدەنیدا حکومەت رەتبکاتەوە”.
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و گروپەکانی دیکەی مافی مرۆڤ ئاماژە دەکەن بەوەی کە ئەم دەنگۆیانە دەبێت بەزووترین کات لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تاووتوێ بکرێت، بە دیاریکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و روسیا، لەگەڵ هاوسەرۆکانی دانوستانەکانی ئاشتی سەبارەت بة قەیرانەکانی سوریا.