ئەو رۆژنامەنوسەی كەناڵی كەی ئێن ئێن كە ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە (١\١٢\٢٠١٦) لەسنوری قەزی ئامێدی كوژرا، هاوڕێكانی دەڵێن رۆژنامەنوسەكە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەس نەبووە، بەوتەی بەرپرسی نوسینگەی كەی ئێن ئێن لەدهۆك چوار رۆژ پێش ئێستا بە مۆبایل هەڕەشەی لێكراوە، پۆلیسیش لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە.
شوكری زەینەدین، تەمەن 43 ساڵ، وێنەگری كەناڵی كەی ئێن ئێن زمانحاڵی بزوتنەوەی گۆڕان، كە دانیشتووی كۆمەڵگەی سیریە-ی ناحیەی شیلادزێ بوو لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، ئێوارەی دوێنێ لە گوندی بانوسرا لەناوچەی رێكان لەسەر سنووری توركیا-هەرێمی كوردستان، كوژرا.
وەهبی محەمەد، هاوڕێی شوكری، بەخەندان-ی راگەیاند، كە شوكری لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی میرزاكەرۆ كە تەمەنی نزیكەی 65 ساڵە، بۆ مەبەستی راوكردن چوبوونە گوندی بانوسرا، لەناوچەی رێكان لە قەزای ئامێدیو ئەو شوێنەش شەبەكەی مۆبایلو ئینەرنێـتی لێنییە بۆیە هیچ هەواڵێكی نەبوە.
وەهبی، كە بۆ ماوەی حەوت ساڵە هاوڕێی شوكری-یە رەتیدەكاتەوە هاوڕێكەی هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەس هەبووبێت، “شوكری كەسێكی زۆر فەقیر بوو كێشەی لەگەڵ كەس نەبوو، هەمیشە بەدەم خەمی خەڵكەوە بوو”.
شوكری، وێنەگری كەناڵی كەی ئێن ئێن بووە لە شیلادزێ، لەوسنوورە كاری رۆژنامەوانی بۆ كەناڵەكە كردوەو دووكانی وێنەگریشی هەبووە.
“ژیان و گوزارەانی باش نەبوو، لەسەر ئەوپارەیە دەژیا كە لەكەناڵەكە وەریدەگرت، چونكە دوكانەكەی سودی زۆر نەبوو، جار جار دەیوت ئەوە پارەی راپۆرتێكی تر وەردەگرم لە كەی ئێن ئێن”وەهبی محەمەد وای وت.
شوكری زەینەدین، خێزاندرابوەو هەشت منداڵی لەدوای خۆی جێهێشتووە، ئەوەش بەوتەی برقی رێكانی هاوڕێی.
برقی كە رۆژنامەنوسە لەو سنوورەو هاوڕێی شوكری بووە بەخەندان-ی راگەیاند، پێشتر شوكری لای ئەو باسینەكردووە كە هەڕەشەی لەسەرە.
بەوتەی ئەو هاوڕێیەی، شوكری باری دارایی باش نەبوەو بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆی بەردەوام كاری كردووە.
تەرمی شوكری لە ئێستادا لەپزیشكی دادوەرییە لەدهۆك، پۆلیسیش دەڵێت، ئەوان لێكۆڵینەوە دەكەنو تائێستا بەئەنجام نەگەیشتوون.
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك بەخەندانی راگەیاند، ئەوان زانیاریان لەهاوڕێكەی شوكری وەرگرتووە كە ناوی میرزایەو كاتی رووداوەكە لەنزیكی بووە، “چونكە بۆ راوكردن پێكەوە چوبونە گوندی بانوسرا”.
بەوتەی هێمن سلێمان، میرزا وتویەتی “ماوەیەك لە شوكری دابڕاوە، دواتر گوێی لەدەنگی تەقە بووە، دواتر گەڕاوەو تەرمی شوكری دۆزیوەتەوە كە ئاسەواری گولەی پێوەبووە”.
میرزا، بۆ ماوی دووكاتژمێر بەپێی هاتووە تا گەیشتوەسەر شەقامی سەرەكیو لەوێوە هاتوەتەوە بۆ شیلادزێو كەسوكاری شوكری لەكوژرانی كوڕەكەیان ئاگاداركردۆتەوە، دوای ئەوەش كەسوكاری شوكری بەرەو گوندەكە بەڕێكەوتوون، بەڵام بەهۆی مەترسی تۆپبارانەوە نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی تەرمەكە، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەتەرمەكە گەیشتوونو هێناویانەتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی دهۆك، دەڵێت” شوكری كێشەی لەگەڵ كەس نەبووە، جارێ نازانین رووداوەكە كوشتن بووە یاخوود خۆكوژی بووە، ئەوە دواتر لە لێكۆڵینەوەكانی پزیشكی دادوەری یەكلا دەبێتەوە”.
بەرپرسی نوسینگەی كەی ئێن ئێن لە دهۆك، رایدەگەیەنێت، پێش چەند رۆژێك بە مۆبایل “هەڕەشە لە شوكری كراوەو پێیوتراوە كە دەبێت واز لە كارەكەی بهێنێت”.
ئەمیر گۆران، بەرپرسی نوسینگەی كەی ئێن ئێن لە دهۆك بۆ خەندان باسیلەوەكرد، كوڕە گەورەكەی شوكری وتویەتی رۆژی یەكشەممەی رابردوو بە مۆبایل كەسێكی نەناسراو هەڕەشەی لە شوكری كردوەو وتویەتی”واز لەكارەكەت بهێنە ئەگەرنا زەرەر دەكەیت”.
بەوتەی ئەمیر، پێشتر چەندجارێك رێگری كراوە لە شوكری بچێتەوە گوندەكەی ئەوەش لەلایەن ئاسایشی ناوچەكەوە بەبیانوی ئەوەی، ئەو گوندە ناوچەیەكی ئارام نیەو تۆپبارانی توركیای لەسەرە بەبیانوی بوونی گەریلاكانی پەكەكەوە.