بودجه‌ی 2016.. بودجه‌یه‌كی پڕ لهتهڵهو دا‌و
پێده‌چێت هیچ چاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م عێراقدا نه‌مابێت جگه له‌وه‌ی په‌نا بۆ قه‌رزێكی گه‌وره ببات بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌رووی ئه‌و قه‌یرانه گه‌وره‌یه ببێته‌وه كه چاوه‌ڕێی ده‌كات.
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌ڕوونی دانی به‌وه‌دا ناوه كه ساڵێكی پڕ قه‌یران له‌رووی داراییه‌وه رووبه‌رووی وڵات ده‌بێته‌وه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێوشوێنی پێویستی نه‌گرتووه‌ته به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌و قه‌یرانه.
به‌پێی پرۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 2016 كه به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، بڕی كورتهێنان له‌بودجه‌دا گه‌یشتووه‌ته رێژه‌ی 26.5% له‌كۆی خه‌رجی بودجه‌كه كه پێكهاتووه له 113.5 ترلیۆن دینار، به‌جۆرێك كۆی داهاتی پێشبینیكراوی ساڵه‌كه 84 ترلیۆن دیناره‌و ئه‌و 29.5 ترلیۆنه‌ی ده‌مێنێته‌وه ده‌چێته چوارچێوه‌ی كورتهێنانه‌وه.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی بوجه‌ی ساڵی داهاتوو له‌دوو به‌شدا خۆی ده‌بینێته‌وه، یه‌كه‌میان په‌یوه‌سته به‌وه‌ی عێراق نه‌توانێت بگاته بڕی داهاتی پێشبینی كرا‌و، دووهه‌میشیان په‌یوه‌سته به‌و كورتهێنانه‌ی زۆره‌ی هه‌یه‌و ئه‌و رێوشوێنانه‌ی ده‌گیرێته به‌ر بۆ پڕكردنه‌وه‌ی.
به‌شی یه‌كه‌می كێشه‌كه له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه 83% داهات پشتی به‌ستووه بهنهوتو نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به 45 دۆلار مه‌زه‌نده كراوه‌و پێشبینی كراوه هه‌ر رۆژێك 3.6 ملیۆن به‌رمیل هه‌نارده بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌م دوو ژماره‌یه‌ك كه‌م ببێته‌وه، ئه‌وا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر چاوه‌ڕێی عێراق ده‌كات.
هه‌ر له‌بودجه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه بڕی 14.3 ترلیۆن دیناری داهات له‌سه‌رچاوه‌كانی تری جگه له‌نه‌وت به‌ده‌ست دێت، به‌دیاریكراویش پشتی به‌ستووه بهباجو ئه‌و داهاتانه‌ی تر كه قابیلی گۆڕانكارین.
به‌شی دووه‌می كێشه‌كه‌ش خۆی ده‌بینێته‌وه له‌چۆنێتی پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان به‌تایبه‌تی له‌رێی قه‌رزكردنه‌وه، كه ئه‌مه‌ش دڵه‌راوكێیه‌كی زۆری له‌لای پسپۆڕانی ئابوری دروست كردووه‌و پێیان وایه ئه‌و قه‌رزه هه‌روا بێ كێشه تێپه‌ڕ نابێت.
ده‌وڵه‌ته نه‌وتییه‌كانی تری وه‌ك فه‌نزوێلا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بارودۆخی زۆر له‌عێراق باشتر بوو، به‌ڵام خۆی نه‌خسته گێژاوێكی ناڕوونه‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی نرخی به‌رمیلێك نه‌وت به 45 دۆلار مه‌زه‌نده بكات، له‌بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا حیسابی 40 دۆلار بۆ كردووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌رگای له‌به‌رده‌م قه‌رزی ده‌ره‌كیدا داخست.
به‌سام باسم كه پسپۆڕێكی ئابورییه ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی عێراق ده‌یكات جۆرێكه له‌قومار، گه‌شبینی هیچ له‌بارودۆخه‌كه ناگۆڕێت، به‌ڵكو پێویسته لێكدانه‌وه بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بكات”.
ده‌شڵێت “دیاریكردنی به‌رزترین نرخی نهوتو به‌رزترین توانای ههناردهكردنو پشت به‌ستن به‌قه‌رز، ترسناكترین رێگاكانن له‌به‌رده‌م ئابوری عێراقدا”.
باسم ترسی له‌وه‌یه عێراق له‌ئاینده‌دا نه‌توانێت ئه‌و قه‌رزه بداته‌وه كه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی، ئه‌مه‌ش كورتهێنانی به‌رده‌وام له‌بودجه‌ی ساڵانی داهاتوویدا دروست ده‌كات.
له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش چه‌ند لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی ترسی خۆیان له‌م هه‌نگاوه‌ی عێراق نه‌شاردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر زاری لیزا كوبیسكی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری دارایی‌و گه‌شه‌سه‌ندنی نێوده‌وڵه‌تی، به‌روونی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی به‌هۆشیاری زێباری وه‌زیری دارایی عێراق راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش له‌میانی كۆنگره‌ی بانكی نێودهوڵهتیو سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له لیمای پایته‌ختی پیرۆ.
له‌به‌رامبه‌ردا دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه گه‌وره‌كانی وه‌ك سندوقی نه‌ختینه‌و چه‌ند بانكێكی تر پێیان وایه عێراق كێشه‌ی نه‌ختینه‌ی نابێت، هه‌رچه‌نده هیچیان ئاماده نه‌بوون پشتیوانی عێراق بكه‌ن له‌مه‌سه‌له‌ی پێدانی قه‌رزدا.
سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بڕێك قه‌رز به‌عێراق ده‌به‌خشێ به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕه‌كه‌ی دیاری بكات، به‌ڵام دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و كۆمه‌كه خێرایه ده‌بێت كه له‌ته‌موزی ئه‌مساڵدا پێی بهخشیو بڕه‌كه‌ی گه‌یشته 1.24 ملیار دۆلار.
مه‌سعود ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی ناوهڕاستو ئاسیای ناوه‌ندی ئه‌و سندوقه ده‌ڵێت “ره‌نگه سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قه‌رزێكی گه‌وره بۆ ساڵی 2016 بداته عێراق تا یارمه‌تی بدات له‌و كێشه داراییه‌ی تووشی هاتووه له‌ده‌ره‌نجامی دابه‌زینی نرخی نهوتو شه‌ڕی داعشه‌وه”.
ده‌شڵێت “ئێستا عێراق له‌به‌رده‌م مه‌ترسی نه‌مانی نه‌ختینه‌دا نییه، چونكه ده‌توانێت پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان دوابخاتو پشت ببه‌ستێت به‌و پاره‌یه‌ی له‌بانكی ناوه‌ندیدا هه‌یه، له‌گه‌ڵه ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت پێویستی به‌وه‌یه پلانێكی روون‌و گشتگیر دابنێ بۆ چاره‌سه‌ری بواری دارایی، ده‌كرێت له‌وه‌دا سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری بكات”.
بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌كه‌ی عێراق به‌ته‌واوی پشتی به‌ستووه به‌و قه‌رزه نێوده‌وڵه‌تییه‌و قه‌رزی بانكه‌كان، ته‌نانه‌ت بۆ بارودۆخه نائاساییهكانیش هه‌ر چاوی له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌یه.
له‌وه ده‌چێت شه‌ڕی داعش‌و خواستی دارایی خه‌ڵك‌و پێداویستی كۆمپانیاكانی نه‌وت دواجار عێراق ناچار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ قه‌رز ببات، ئه‌مه‌ش به‌بڕوای پسپۆڕانی ئابوری دۆخێكی نه‌خوازراو ده‌هێنێته ئاراوه كه كه‌س نازانێت چاره‌نووسه‌كه‌ی به‌چی ده‌گات .
سەرچاوە : نیقاش