توندوتیژی دیاردەیەکی شاراوە و نادیار نییە بەڵکو جیھانییە و تایبەت بە شوێنێک یان وڵاتێک نییە، بەڵکو بە پێی بەڵگەکان و ھەواڵەکان و راپورتی مافەکانی ژنان و ئەوەی کە خۆمان دیتومانە لە ھەر شوێنێک ژن ھەبێت توندوتیژیش ھەیە، جا چ بە شێوەی نھێنی بێت یان چ بە شێوەی ئاشکرا، توندوتیژی سنووری نییە ، ژنان چ لە ماڵەوە بن ، چ لە دەرەوە بن، چ خوێندوار بن، چ نەخوێندوار و سەرقاڵی کار ی نێو ماڵ بن، چ لە بواری ئابوری دەوڵەمەند بن و چ ھەژار و دەست کورت بن، چ جوان بن و چ ناشرین بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن پیاوانەوە تووشی توندوتیژی جینسی، دەرونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی و تەنانەت سێکسیش دەبنەوە.
توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیھانی و بەرهەمی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتییە، و دنیای سەرمایەداری ئەمرۆش دریژەپێدەری ئەم زوڵم و ستەم و بێمافیەی ژنانە لە فۆرم و ئەلگۆی نوێدا. ئەم ستەمە هەزار سەرە لە ئێستادا ھەموو میدیاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی کەلتوری و کۆمەڵایەتی و و سیاسی و ئابوری لە پشتە، ئەگەرچی بەو پێیە توندوتیژی دژی ژنان کات و شوێنی تایبەتی نییە و ھەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی چ بە کۆمەڵگای پێشکەوتوو و چ بە کۆمەڵگای دواکەوتوو دەگرێتەوە. ژنان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا لە لایەن باوک ، برا، ھاوسەر، کەس و کاری نزیک وەک خاڵو ومامە و تەنانەت ئاموزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، .بە پێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ ناوەندەکانی تەندروستی توندوتیژی دژی ژنان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ژن وەک تاک بەڵکە کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداری دەبێت لە سەر تەندروستی خێزان و کۆمەڵگە، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەش لێک بترازێت.
ئاسەوارەکانی توندوتیژی لەسەر ئافرەتان:
١: سەرەتا لە سەر توندوتیژی جەستەیی قسە دەکەن: بەھەر جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ژنان وەک لێدان، سوتان، بڕین و دڕین و کوشتن، لەم جۆرە توندوتیژییەدا ئاسەواری توندوتیژی بە تەواوی بە جەستەی کەسی لێدراو دیارە، کە بە پێی نوێترین ئامارەکان ٢٥ % ژنانی گۆی جیھاندا بەرەوڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە و ژنان لە ترس و یا لەبەر شەرم وحەیا و ئابرو چوون باسی لێوەناکەن و زیاتر بێدەنگی ھەڵدەبژێرن، ھەندێ جار بەشیک لە ژنانی ناهوشیار وا بیردەکەنەوە کە ڕەنگە ئەرکەکانی خۆیان بەرانبەر بە ھاوسەرەکانیان لە نێو خیزاندا یان کەسوکاریان بە باشی بە ئەنجام نەگەیاندووە ھەقی خۆیانە کە توندوتیژیان بەرانبەر بکرێت.
٢: توندوتیژی دەروونی: ئەم جۆرە توندوتیژییە بە رواڵەت ھیچ نیشانەیەکی دەرەکی نییە و ناوەکی و دەروونییە و شمولی سووکایەتی پێکردن، تانە، تەشەر، جنێودان، بێ حورمەتی لە لایەن کەسانی جگە لە بنەماڵەو خێزانی خۆیان، تۆقاندن و بەکارھێنانی زمانی رەق و تەق و ھەڕەشەو گوڕەشەیە. ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری قوڵتر و مەترسیدارتر پێوەیە و کەسێک کە تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە بێت زیاتر گۆشەگیر و بێزار و خەمۆکە دەبێت و بە پێی وتەی پزیشکان ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکەنەوە.
٣: توندوتیژی سێکسی:
ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لە لایەن ھاوسەر و و کەسوکاری نزیکی ژنانەوە دەکرێت و ژنان تووشی شۆک و زیان دەکات. دەستدرێژی سێکسی و دووگیانبوونی زۆرە ملێ و لەباربردن و…. لە خۆ دەگرێت کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی ھیچکات لە دڵ و جەستەی ژنان سارێژ نابێت .
٤: توندوتیژی خێزانی: باوترین شێوەی توندوتیژییە بە دژی ژنان کە تێدا کچان و ژنان بە کۆمەڵێک بیانووی پرو پوچ و دواکەوتوانە بەرەو رووی توندوتیژی دەبنەوە ، دڵپیسی یەکێک لەو ھۆکارە سەرەکیەکان و ھەندێ جار نەزۆکیش (نازایی و بچەدار نشدن) دەتوانێت ھۆکارێک بێت بۆ توندوتیژی دژی ژنان. گیرۆدەبوونی پیاوان بە ماددە سڕکەرەکان و بێکای پیاوان و توڕەبوون و ناھۆشیاری پیاوانیش خۆی ھۆکارێکە بۆ توندوتیژی.
٥: توندوتیژی کۆمەڵایەتی: زۆرجار بە بیانووی لادان لە نەریتی باو باپیران و لەکەدار کردنی شەرەف و ناموسی خێزان و ھەڵسوکەوتی ناشیاو و ئابرووبەرانە ژنان لە لایەن باوک و برا و ھاوسەر و کەسوکارەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە. ھەندێ جار ژنان بە توندی دەکەونە ژێر چاودێری و ھەموو ئازادی و سەربەستییەکیان لێ زەوت دەکرێت و لەناو کەشوھەوایەکی پۆلیسی دا دەژین. بەزۆر بەشوودان و بەزۆر جلوبەرگی تایبەت لە بەرکردن و بێبەریکردن لە میرات و بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە دەچێتە ناو چوارچێوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتییەوە.
٦: توندوتیژی ئابووری: لەم جۆرە توندوتیژیەدا ئەو ژنانەی کە لە دەرەوە کار دەکەن ھەر چەند شان بە شانی پیاوان کاردەکەن بەڵام حەقدەستەکانیان، کەمە و زۆر جار لە لایەن بەرێوەبەر یان ھاوکاران چ لە لایەنی جەستەیی یان دەروونی توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. یان لە ماڵەوە لەلایەن ھاوسەرەکانیانەوە یان کەسوکاریان بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ھەندێ کاتیش ژنان لە میرات بێبەری دەکرین و لەمافی سروشتی خۆیان دوور دەخرێنەوە، دەستدرێژکردنی ژنان و سەربەخۆ نەبوونی ژنان بە بواری ئابوریدا خوی سەرەکیترین و ھاندەرترین و کاریگەر ترین ھەنگاوە بۆ توندوتیژی نواندن دژی ژنان.
ھۆکارەکانی توندوتیژی بۆ سەر ژنان زۆرن و تاکۆ ئێستا بە سەدان جار باسی لە سەر کراوە، بەڵام لێرەدا ئاماژە بە قسەی فەیلسوفێکی گەورە دەکەم سەبارەت بە سەرکەیترین ھۆکاری توندوتیژی پیاوان دژ بە ژنان( فەیلەسوفی بەناوبانگی “جان ئیتیوارت مل” لە کتێبەکەی خوێدا ” کە لە ژێر ناوی بە کۆیلەکردنی ژنان نوسراوە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەسەر ئەو باوەرەدایە کە: سەرچاوەی بارودۆخی نالەباری ئێستای ژنان بۆ سەرەتاکان، دروست بوونی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە لە دەستپێکی مێژوو، ژنان خۆی وەک کۆیلەی پیاو بینی لەوانەیە ھۆکارەکەی بۆ لاوازی ھێزی جەستەیی بگەڕێتەوە، ھەروەھا دکتۆر (نادیە رمسیس) ئاماژە بەوە دەکاتو دەڵێت” ئەو کاتەی کە پەیوەندی ژنو مێرد باشە یاسا وەدەر ناکەوێت, بەڵام ئەگەر پەیوەندیان خراپ بوو یاسا وەک شمشێر بۆ سەر ژنان دەردەکەوێتو گشت مافەکانو دەسەڵاتو ھێز بۆ پیاو لە نێو دەستی یاسادایە بە بێ ئەوەی بۆ ئافرەت شتێ پێبێت…
شوانە حەسەن ئەبوبەکر: