لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ لەزانکۆی سلێمانی 174 مامۆستا مۆڵەتی بێ موچە‌و 333 مامۆستاش مۆڵه‌تی خوێندنیان وه‌رگرتوه‌

لەزانکۆی سلێمانی 174 مامۆستا مۆڵەتی بێ موچە‌و 333 مامۆستاش مۆڵه‌تی خوێندنیان وه‌رگرتوه‌

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان

ئا: ته‌رزه‌ ته‌ها

قەیرانی دارایی‌و خراپی بارودۆخی ئابوری، مامۆستایانی زانكۆی ناچاركردوه‌ كه‌ په‌نابه‌رنه‌به‌ر ‌ئیشی دوه‌م‌، وانه‌وتنه‌وه‌ له‌زانكۆ ئه‌هلیه‌كان‌و مۆڵه‌ت وه‌رگرتن. تەنها لەزانکۆی سلێمانی ١٧٤ مامۆستا مۆڵەتی بێ موچەیان وه‌رگرتوه‌و ٣٣٣ مامۆستاش مۆڵەتی خوێندنیان وه‌رگرتوه‌، جگە لە‌مامۆستا، ١٦٩ فەرمانبەریش مۆڵەتیان کردوە.

ویداد وەلید محەمەد، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان لەزانکۆی سلێمانی هۆکاری مۆڵەتەکانی گەڕاندەوە بۆ قەیرانی دارایی‌و وتی “قەیرانی دارایی‌و ئەم بارودۆخە وایلێکردون مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران مۆڵەت بکەن، بۆیه‌ هۆکارەکەی ڕونە”.

داواکردنی مۆڵەتی بێ موچە بۆ مامۆستا تەنها بۆ ماوەی دو ساڵەو ئەو دوساڵەش بە‌خزمەت بۆی ئەژمار ناکرێت. جیالەوەش مامۆستایانی‌ زانكۆ ئەتوانن لەدوشوێن وانە بڵێنەوە، بەڵام بەو مەرجەی کاتژمێرەکانی وانە وتنەوە لە‌شوێنە فەرمییەکەیان بە‌تەواو بکەن.

ویداد ولید باسی لەوەش کرد “ئەم قەیرانە تەنها کاری نه‌کردۆتە سەر مامۆستاکان بەڵکوکاری کردۆتە سەر بەڕێوەبردن‌و کارکردنی زانکۆش، چونکە ئێستا ئیش‌و کاره‌کان بەو خێرایی‌و میکانیزمەی جاران ناڕۆن. بەخەرج نه‌کردنی پاره‌ زۆر شت هەیە ناتوانرێت بکرێت، بۆیە ئیشەکان ئەبنە جۆرێ له‌بەڕێکردن. ئێستا زانکۆ بە‌دڵسۆزی خەڵکەکەی به‌ڕێوه‌ ده‌ڕوات، مامۆستاش بەپێی توانا ئەوەی لەسەر شانیەتی ئەیکات”.

د.کاوە محەمەد جەلال، ڕاگری کۆلێژی کارگێڕی‌و ئابوری، باسی لەخراپی گوزەرانی مامۆستاکان‌، بەشنەکردنی چارەکە موچەکە کردو وتی “مامۆستاکان بۆ بژێوی ژیانیان پابەندن بەوموچەیەی کە مانگانە وەریدەگرن. هەرێمی کوردستان ئێستا لە‌بارودۆخێکی زۆر خراپدایە لەلایەنی ئابورییەوه‌. موچە بەشێوەیەکی ناتەواو دەدرێت‌و مامۆستاکان بواری ئیشیان کەمترە، لەبەر ئەوە هانا بۆ شتێکی دیکە دەبه‌ن. لەگەل خراپی بارودۆخە ئابوریەکه‌دا‌ پێداویستیەکانیش زۆرو گرانن. باڵانسێک نیە لەنێوان پێداویستی کڕین‌و ئەو پارەییەی کە وەردەگیرێت، بۆیە هەوڵدەدەن کارێکی دیکە بدۆزنەوە دوای دەوام”.

د. کاوە وتیشی “مامۆستایان یا مۆڵەتیان کردوە یا لەدو شوێن وانە دەڵێنەوە. ئەچێ بۆ زانکۆ ئەهلیەکان بۆ وانە وتنەوە، لەبەرئەوەی مەجبورەو دەسەڵاتی نیە. ئەڵێ ناتوانم بەو چارەکە موچەیە بژیم کە چل ڕۆژ جارێکە. مامۆستاکان هەمو ئیشێکیان پێناکرێت. کەسێک تا ئەبێت بە‌پڕۆفیسۆر بۆ نمونە نزیکی ٣٥-٤٠ ساڵی بە‌خوێندن بەسەر دەبات، ئەم مامۆستایە ٤٠ ساڵە خەریکی توێژینەوەو خوێندکاریە، بچێ چێ بکات!!”.

د.عەبدولقادر حەمەئه‌مین، ڕاگری کۆلێژی زمان ئەوەی خستەڕو کە زانکۆش بەشێکە لەکۆمەڵگاو قەیرانی داراییش کاری کردۆتە سەری. وتیشی “هەمو مامۆستایەک لێرە چارەکە موچەیەک وەرئەگرێت. ئەو چارەکە موچەیەش کاری تێکردوە، لەبەر ئەوە مەجبورە بچێتە دەرەوە وانە بڵێتەوە، ئەوەش بەپێی پێویستی خۆی”.

د.عەبدولقادر ‌حەمەئه‌مین ئاماژەی بەوەش کرد “هاوکاری مامۆستاکانمان کردوە کە هەم سودی بۆ مامۆستاکەش هەبێت هەم بۆ زانکۆش. لەجیاتی سێ یان چوار ڕۆژ بێتەوە، دو ڕۆژ دێتەوەو هەمان وانەی خۆشی دەڵێتەوە. واتە لەڕوی زانستییەوە کاریگەریەکی‌ وای نییە، بەڵام لەڕوی ئابوری‌و داراییەکەوە ئەوە شتێکی جیاوازە”.

دەربارەی بارودۆخی مامۆستاکان د.عه‌بدولقادرده‌ڵێت “ڕاستە قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام لەزانکۆ جیاوازترە لەپه‌روەردە یان شوێنەکانی تر، واتە کاریگەریەکەی بەو شێوەیە نیە کە لە‌شوێنەکانی تر دەرکەوتوە”

بە‌پێچەوانەی ئەم وتانه‌وه‌ یەکێک لەمامۆستاکانی هەمان کۆلێژ، باسی لەوە کرد “دۆخی مامۆستاکان لەوپەڕی خراپیدایە. ئەبێ زۆربەی ڕۆژەکان دەوام بکەن‌و بەبیرکردنەوەیەکی باش‌و گڕوتینیشەوە وانە بڵێنەوەو خوێندکاریش هانبدەن”.

هەروەها وتیشی “دەوامێکی زۆر،ئیشێکی زۆر، بە‌چارەکە موچەش. لەبەر ئەوەی دامەزراندنیش نیە، لەبەشەکان کێشەی کەمی مامۆستا هەیە. کەسێک کە بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرای هەیه،‌ ئەچێتە زانکۆیەکی ئەهلی کە موچەکەی مسۆگەرە، لەبەر پارەکەی. ٤٠٠ هەزار لەکوێ‌و ٢ملیۆن لە‌کوێ، حەقی خۆشیەتی”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە