لاپەڕەی سەرەکی ئەدەب و هونەر ئازەر قوبادی: بەرنامەی زۆرم هەیە بۆ داهاتو

ئازەر قوبادی: بەرنامەی زۆرم هەیە بۆ داهاتو

0 تێبینییەکان 18 بینینەکان

azarئازەر قوبادی هونەرمەندی گۆرانی بێژی كورد لەخانەوادەیەكی هونەرمەند گەورەبوە‌و خوشكی بەهمەن قوبادی دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمای كوردییە. لەدیدارێكی تایبەت بەئاوێنە باس لەهونەری گۆرانی‌و ستایلی تایبەتی خۆی لەگۆرانی وتن‌و چەند پرسێكی گرنگی دیكەی بواری هونەری دەكات.

 لەبارەی ستایل‌و شێوازی خۆی لەوتنی گۆرانیدا، ئازەر قوبادی وتی “ئەم میوزیكەی من میوزیكی رۆژئاواییەوە‌و لەرۆژئاوەوە وەرگیراوە كە میوزیكی دانس‌و میوزیكی ئەی دی ئێم ئیلیكترۆنیك دانس میوزیكە كە من كاری لەسەر دەكەم‌و ئەم جۆرە گۆرانیە لەرۆژئاوا دەستی پێكردوە‌و ئێستا پەلی هاویشتۆتە ناو پۆپ‌و ناو تەواوی گۆرانییەكانی ئێمەو ناو گۆرانی كوردی.”. 

وتیشی “ئەگەر لەسەر بنەمای میلۆدی‌و بنەمای گۆرانی كوردی قسەبكەین ئەوا میوزیكی من میوزیكی كوردی نییە”.

قوبادی لەو بڕوایەدایە كە داهاتوی هونەری كوردی بەرەو پێشكەوتن ئەڕوا هەروەها لەبواری فەرهەنگی‌و لەبواری میوزیك‌و لەبواری سینەما لەكودرستان خەریكە بەرەو پێشكەوتن ئەڕوا”. 

بەڵام رەخنەی لەوەش هەیە كە زۆرێك لەكایە هونەرییەكان كۆپی كردن‌و تەقلیدكردنی ئەو شتانەیە كە لەرۆژئاواوە دەستی پێكراوە‌و لەو بارەیەوە وتی “بەڵام هەر كەسێكمان جۆری كۆپی كردنمان جیاوازە، هەر یەكەمان بیرۆكەی فكری خۆیی‌و فەرهەنكی خۆیی‌و بیروباوەڕی خۆی ئەخاتە ناو ئەو بەرهەمە”. 

وتیشی “من كە لەسەر میوزیكی دانس یان میوزیكی هاوس كار دەكەم تەواوی هەست‌و تەواوی تێكۆشانم ئەوەیە كە بیرو باوەڕی كوردی خۆم‌و ئەزمونی خۆمی تێكەڵ ئەكەم”. 

ئازەر قوبادی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كاتی ئەوتۆی نییە گوێ‌ لەگۆرانی بێژانی كورد بگرێت‌و رایدەگەیەنێت كە ئەوبەستایلێكی تایبەت كاردەكات‌و وتی “بەڕای من هەر گۆرانی بێژێك گوێگری خۆیی‌و بینەری خۆی هەیە‌و كەس جێگەی كەس ناگرێ‌و میوزیكی منیش بۆ ئەو كەسانەیە كە ئەچن بۆ دیسكۆ‌و میوزیكی رەقس‌و ئەو شوێنانەیە لەوانەیە حەزی پێ بكەن”.

سەبارەت بەوەی كەتاچەند هونەری كوردی توانیویەتی سنوری لۆكاڵی ببەزێنێت، ئازەر قوبادی وتی “راستیەكەی نازانم مەبەستتان لەگۆرانی كوردی چییە بەو مانایەی كە ئەمە گۆرانی كوردییە‌و ئەمە گۆرانی فارسییە‌و ئەمە میوزیكی غەربییە من وا هەست ئەكەم هەموی تێكەڵ بووە لەئاستی جیهانیدا هەمو ئەم هونەرانە پێكەوە تێكەڵ دەبن‌و هەر كەسێك حەزی بەشتێك بێت لێی وەردەگرێت بەڵام بەدڵنیاییە گۆرانی كوردیش ئەتوانێت ئینتەرناشناڵ بێت بەڵام لەئێستادا پێم وانییە كە بەو ئاستە بێت‌و لەو ئاستی ئینتەرناشناڵە بێت”.

لەبارەی خانەوادەكەیان كە خانەوادەیەكی هونەرمەندن بەتایبەت لەبواری فیلمسازیدا، قوبادی وتی “من زۆر حەزم بەسینەمایە‌و هەردەم حەزم لێی كردوە‌و ئێستاش حەزم لێیەتی. ئەو سەردەمەی كە من بڕوانامەی دبلۆمم وەرگرت كەخوێندكاری زانكۆبوم سینەما بەشێكی زۆر باو نەبو لەشارەكەی ئێمەدا كە لەسینەمام بخوێندایە‌و برۆشتمایە بۆ تاران‌و زۆر باو نەبو كە كچەكان سینەما بخوێنن”. 

وتیشی “عیشقی یەكەمی من عیشقی گۆرانی بو لەتەمەنی ١٢ ساڵیەوە خەریكم‌و هەردەم دەم بەگۆرانیم‌و گۆرانی دەڵێم”. 

ئازەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو هەر لەمنداڵیەوە ئەوەی ویستوە ببێتە گۆرانی بێژ‌و حەزی بەو كارە بوە‌و وتی ” من ١٥ ساڵە لەئەمریكام ٤ ساڵ لەمەوبەر لە٢٠١٠ چوینەوە بۆ هەولێر بۆ ماوەی ٣ ساڵ، ئەو ٣ ساڵە منی بەكورد ئاشنا كرد‌و زۆر منی لەكورد نزیك كردەوە‌و وای لێكردم هەست بكەم بە كوردستان‌و بەكوردبونی خۆم”. 

لەبارەی رۆڵ‌و پێگەی بەهمەن قوبادی هونەرمەندی سینەماكاری بەناوبانگی كورد لەژیانی ئەودا، ئازەر قوبادی وتی “بەهمەن بۆ من لەچەند لایەكەوە گرنگی هەیە لەژیانی من‌و جێگەی دیارە لەژیانمدا، بەهمەن بۆ من  برایەكی زۆر زۆر باشە برایەكی زۆر خۆشەویستە‌و هونەرمەندێكی زۆر گەورەیە بەڕای من هونەرمەندێكی زۆر شێتە زۆر سەیرە زۆر بەهێزە”. 

وتیشی “لەكاری میوزیكیش بەهمەن زۆر لەگەڵ من بووەو یارمەتی منی داوە، لەوانەیە بەهمەن نەبوایە من ئەم كارەم درەنگتر دەست پێكردبایە یان لەوانەیە هەرگیز دەستم پێ نەكردایە”. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە “بەهمەن هەمیشە بۆ ئێمە بۆ هەریەكە لەخوشك‌و براكان كە پێویستیەكی هەبێت یارمەتی ئەدات‌و هەمو شتێكی خۆی ئەبەخشێت بۆ دایكم‌و خوشك‌و براكانی”. 

سەبارەت بەخەونی داهاتوی ئەو لەبواری گۆرانی وتندا، ئازەر قوبادی وتی “من بۆ داهاتو خەونی زۆرم هەیە، زۆر خۆشحاڵم كە ئەلبومی یەكەمم تەواو بوە كە ٦ گۆرانییە كە دوانی فارسییە‌و بەفارسی وتومە‌و ئەم ئەلبومە خەریكە تەواو دەبێت‌و سیدیەكە بەم زوانە لەكوردستان بڵاودەكەمەوە‌و ئەلبومی دووەمیشم دەست پێ كردووە”. 

وتیشی “هەروەها بەنیازم كۆنسێرت لەئەمریكا لەو شارانەی كە كوردی تیایە‌و ئێرانی تیایە دەستپێبكەم‌و وردە وردە بەرەو ئەوروپا ئەڕۆم‌و هەركاتێك دەرفەت رەخسا پێمخۆشە لەشارەكانی كوردستان كۆنسێرت ئەنجام بدەم‌و گۆرانی بڵێم‌و بەرەو ئەلبومی سێهەم‌و چوارەم هەنگاودەنێم”. 

راشیگەیاند “من لەم كارە دەست هەڵناگرم تازە هاتومە ناو ئەم كارە زۆر تامەزرۆم‌و زۆر حەزی پێ ئەكەم.بەرنامەی زۆرم هەیە بۆ داهاتو”.

سەرچاوە :ئاوێنە

 

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە