کوڕە بچکۆلەکەم لێم دەپرسێت:
پێویست دەکات بیرکاری بخوێنم؟
حەز دەکەم بڵێم:
نا، چ پێویست دەکات
لە کاتێکدا هەر ئاواش دەتوانیت بزانیت
کە دوو پارچەنان زیاترە لە پارچەیەک.
کوڕە بچکۆلەکەم لێم دەپرسێت:
پێویست دەکات زمانی فەرەنسی بخوێنم؟
حەز دەکەم بڵێم:
نا، ئەم ئیمپراتۆرییە سەرەنجام خاپوور دەبێت و
تەنیا پێویستە دەستت بنێی بە زگتەوە
تا تێیان بگەیەنیت کە برسیتە.
کوڕە بچکۆلەکەم لێم دەپرسێت:
پێویست دەکات مێژوو بخوێنم؟
حەز دەکەم بڵێم:
نا، چ پێویست دەکات
لە بری ئەوە فێر بە وریای سەرت بیت
لەوانەیە بتوانیت خۆت قورتار بکەیت
بەڵام سەرەنجام دەڵێم
بەڵێ
بیرکاری بخوێنە
زمانی فەڕەنسی فێر بە و
لە مێژوو دەرس وەرگرە
●
من لە ڕۆژگارێکی تاریکدا دەژیم
لە ڕۆژگارێکدا کە قسەی سادە، نیشانەی بێئەقڵییە و
ئەگەر نێوچەوانت تێک نەنێی
وا دەزانن گوێت پێ نەداون
بەڵێ
ئەوەی پێ دەکەنێت
هێشتا هەواڵی کارەساتەکەی نەبیستووە
●
یەکەمجار چوونە گیانی جوولەکەکان
من جوولەکە نەبووم، سکاڵام نەکرد.
پاشان هێرشیان کردە سەر پۆڵەندییەکان
من پۆڵەندی نەبووم، سکاڵام نەکرد.
ئەوکاتەش کە گوشاریان خستە سەر لیبڕاڵەکان
من لیبڕاڵ نەبووم، سکاڵام نەکرد.
ئینجا نۆرە گەیشتە سەر کۆمۆنیستەکان
من کۆمۆنیست نەبووم. هەر بۆیە سکاڵام نەکرد.
سەرەنجام هاتنە گیانی من
هەرچەند هاوارم کرد، کەس نەمابوو کە سکاڵایەک بکات.