گۆران هەڵەبجەیی:
{زۆر سەختە مرۆڤ بەردەوام لە ترسدا بژی} ، هاووڵاتیەکی فەرەنسی.
کارە تەرۆسیستیە خوێناویەکەی پاریس ،ئەو ڕاستیەی سەلماند کە هەنوکە مەزنترین مەترسی بۆسەر مرۆڤایەتی ، ئاینی ئیسلامە ، بەتایبەتیش ئیسلامی سیاسی.
لەم جیهانە بەرینەدا جێگەیەک شک نابەم کە ئیرهابی ئیسلامی دەستی تەرۆری پێ نەگەیاندبێت. دەتوانم بڵێم بەهۆی تەرۆری ئیسلامەوە ترس لە هەموو شوێنێکدا چێنراوە . ژیانی هیچ کەس سەد لەسەد لە هیچ شوێنێک پارێزراو نیە.
ڕۆژهەڵاتی نێوین و وڵاتانی ئیسلامی هەردەم ژینگەیەکی لەبار بوون بۆ سەرهەڵدان و گەشەکردنی فیکری تووندڕەو، ئەوەیش بەهۆی بوون و بەهێزیی ئەحزابی ئیسلامی،ناوەندەکانی ئیسلامی تووندرەو ، وتارخوێنی شمشێر بەدەست ، مەنهەجی خوێندنی سەقەت کە هاندەرە بۆ توندووتیژی و بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە ، بەتابەت بەراممبەر بەغەیرە ئیسلام.
پاش ئەوەی تووندڕەو و تەرۆریستەکانی سەر بەم ئاینە کە تینوی خوێن و سەربڕین و وێرانکارین، لە ژینگەکەی خۆیان کۆمەڵگەیەیک بەرهەم دێنن ، ئیفلیج ، نەخۆش ، تێکشکاو ،دواکەوتوو ، تاریکپەرست، [ وەک ئەوەی ئیستا لە ئارادایە] ،ئیتر ڕوو دەکەنە کیشەورەکانی دیکە ،تا هەمان مەنهەج پەیڕەو بکەن.
لە ئەمریکاوە بگەرە تا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ، بەدەگمەن وڵاتێک بەدی دەکرێت کە تێدا کاری تەرۆرستی ڕوینەدابیت.
ئەوروپیەکان کە خاوەنی شارستانیەکی پێشکەوتوون و ژیانێکی تارادەیەک ئاسودەیان بۆ خۆیان فەراهەم هێناوە ، هەستی ئینسانیان لە ئاستێکی باڵادایە، هەر لەو روانگەوە باوەشیان بۆ خەڵکانی دیکە بەتایبەت موسوڵمانان کردوەتەوە. لەم وڵاتانەدا دەرفەت خولقێنراوە بۆ هەمووکەس تا بتوانێت خۆی و ئایندەی خێزانەکەی مسۆگەر بکات و ژیانێکی ئاسودە بژی.ئەوانەی ڕێزییان لەو خزمەتگوزاریانە گرت کە وڵاتانی پێشکەوتوو پێشکەشی کردوون ، توانییان سودی لێوەربگرن و ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکەیان دەستبەر بکەن. ئەوانەش کە هەڵگری ڤایرۆسی تووندووتیژی و حەقد و کینەن ، بێگومان ئەوانە ناتوانن لەگەڵ ژیانی لێبوردەیی و هێمنی و شارستانیدا هەڵبکەن . نامۆ دەبن بە کەلتووری ئاشتی و پێکەوە ژیان و مافی مرۆڤ . جا لەم حاڵەتەدا تاکە ڕێگە لە پێشیاندا تێکدانیەتی.
هەموو تاکێکی موسوڵمان خۆی لە خۆیدا هەڵگری باگراونیکی ئیسلامیە، کە بە درێژایی تەمەنی و لە پرۆسێسێکی دووروودرێژدا لە مێشکیدا چەسپیوە . هەیە بەهۆی هۆشیاری وخوێندنەوەوە ، ئەو باگراونەی لەکۆڵ خۆی کردوەتەوە و ژیانی ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرتووە . لێ بۆ هەندێکی دیکە تەنها هیندەی گەرەکە ئەو باگراونە ئەکتیڤ بکرێت، ئیدی بەهۆی برادەرێکەوە بێت یا مەلایەکی تووندرەوی مزگەوتێک یا بە هۆی دەورووبەرەوە بێت ، ئەو دەمە کەسێکی توندڕەو یا لە خراپترین حاڵەتدا تەرۆریستێکی لێ درووست دەکرێت.
دەرکەوتووە ڕێکخراوەکانی وەک قاعیدە و داعش و هاوشێوەکانیان چەندە ڕۆڵی مەترسیدار دەبینن، مەلا و وتارخوێنی مزگەوتەکان و ناوەندە ئیسلامیەکانی ئەوروپا دە هێندە ئەو ڕۆڵە دەیبینن. زۆربەی ئەو مزگەوتانە باشترین کارگەن بۆ بەرهەم هێنانی تەرۆریست و ناردنیان بۆ دەڤەرەکانی جەنگ. زۆرێک لە مەلای ئەو مزگەوتانە بە ئاشکرا هاوسۆزی خۆیان لە میدیاکانەوە بۆ ڕێکخراوە تەرۆریستیەکان نیشان دەدەن ، جگە لەمە، بێ ئابڕوانە تەکفیری کۆمەڵگەی ئەوروپی دەکەن، بێزاریان دەکەن، لە کاتی نوێژی هەینیدا بڕێک لە شەقامەکان دەگرن ،بێڕیزی بە خەڵک و یاسا دەکەن، داخوازیەکانیان بەزۆر دەسەپێنن بەسەر کۆمۆنەکاندا. هەڕەشە و هێرش دەکەنە سەر ئەو موسوڵمانانەی کە ئیمانداری ناکەن.
لەبری ئەمانە دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ئەورپی بێدەنگ وەستاون ،هیچ پەرچەکردارێکیان نیە. بگرە چاوپۆشیەکی زۆریان لە ڕەفتارەکانی ئەو کۆمەڵە ئاینیە کردوە ، ئەویش لەسەر حسابی سیستەم و دەستور و یاساو کەلتوری وڵاتەکەیان. وێرای ئەمانە ئەم وڵاتانە بەردەوامن لە هاوکاری ناوەندە ئیسلامیەکان.
بۆئەوەی ئافەتی تەرۆر لەو ولاتانە و لە سەرچاوەکانیانەوە کە ڕۆژهەلاتی نیوینە بنەبڕ بکرێت ،گەرەک هەندێک هەنگاو هەڵگرن. دەشێ بڕێک لەو هەنگاوانە پاش چەند ساڵێک ئامانجەکەی بێتە دی، لێ هەندێکیشیان چاوەڕوان دەکری لەئێستادا بەرهەمیان بچننەوە.
1. بڕینی هەمووجۆرە هاوکاریەکی دارایی بۆ مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیەکان.
2. ڕێگەنەدان بەکردنەوەی مزگەوتی نوێ. لە ئێستادا تەنها لە فەرنسا 2500 مزگەوت هەن، وەک دەڵین 200 دانەی دیکەش بەڕیوەن.
3.ڕێگەگرتن لە هەمووجۆرە چالاکیەک وەک پڕوپاگەندە کردن ، پیتاک کۆکردنەوە ،خۆپیشاندان ،نوێژکردن لە شەقام و شوێنە گشتیەکاندا لە لایەن ناوەندە ئیسلامیەکانەوە . دەرکەوتووە زۆر جار بە ناوی کاری خیرخوازیەوە پارە بۆ گرووپە تەرۆریستەکان کۆکراوەتەوە.
4.چاودێریکیردنی وردی چالاکی نێو مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیەکان. وە کردنەوەی مزگەوتەکان تەنها لە کاتی نوێژدا.
5. لێسەندنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێ بوون و دوورخستنەوەی لە ولات وسزادانی هەر پێشنوێژو ئیمامێک کە لە ڕێگەی وتارەکانیانەوە تووندووتیژی بڵاو دەکەنەوە .
6. چاودێریکردنی ئەو گەنجە تووندڕەوانەی کە مەترسین بۆسەر ئاسایشی ولات و ناوبەناو بانگکردنیان بۆ بنکەکانی پۆلیس.
7. جێبەجێکردنی یاساکانی دەوڵەت ،تایبەت بە خوێندنگاو باخچەی منداڵان و گەڕانەوە بۆ ستانداری ولاتەکانیان ، لادانی هەر چاوپۆشین و مراعاتێک کە پێشتر لەو شوێنانەدا بەرامبەر بە منداڵە موسوڵمانەکان کراون.
8. قەدەغەکردنی نیقاب و حیجاب لە شوێنە فەرمیەکاندا، وەک فەرمانگە، قوتابخانە.
9.سازادانی هەرکەسێک کە هەستی دژایەتی و کین و بوغز بلاو دەکاتەوە ،جا بەرمابەر بە کەسێکی ئەورپی بێت یا کەسێکی دیکە ،وەک بەکارهێنانی وشەی [ بەرازی ڕەش،مولحد،بەرازخۆر] و ئەم جۆرە وشانە کە بەردەوام بەکاردەهێنرێن . تەنانەیت زۆرێک لە منداڵەکانیشیان فێری ئەو وشانە کراون.
10.قەدەغەکردنی سەفەر لەو گەنجە مەترسیدارانە بۆ ئەو وڵاتانەی جێگەی گروپە تەرۆریستەکانە ،وەک ئیراق ،سوریا ، تورکیا.
11. قەدەغەکردنی کاری دەعەوی و ڕاکێشانی گەنجە ئەوروپیەکان بۆ نیو حیزبە ئیسلامیەکان لە قوتابخانەکاندا. ئەم کێشەیە لە دانمارک بە زەقی دیارەو تا ئێشتا دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە سنوورێکی بۆ دابنێن.
12.دابینکردنی دەرفەتی کار و خوێندن و ژیانێکی شایستە بۆ گەنجە بێکارەکان ،تا نەبنە خۆراکی مزگەوت ومەلا تووندرەوەکان. دەرکەوتووە بێکاری هۆکارێک بووە بۆ نزیکبوونەوەی زۆرێک لەو گەنجە موسوڵمانانە بە ڕێکخراوە تەرۆریستەکانەوە.
هەرچیش پەیوەندی بە سەرچاوەکەوە هەیە ،گرنگە ئەم ڕێگانە بگرنە بەر:
1. هاوکاری سەربازی و لۆجستی ئەو ولاتانەی دەناڵێنن بەدەست تەرۆرەوە.
2.وشککردنی سەرچاوەی دارایی ڕێکخراوە تەرۆریستەکان.
3.سنوردانان بۆ ئەو وڵات و کەسانەی هاوکاری مادی ئەو ڕێکخراوانە دەکەن، کە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا چ وەک ولات و چ وەک کەسانی پارەدار دیارن.
4. هاوکاری مادی ئەو ولاتانەی کە کیشەی ئابووریان هەیە ، تا هەلی کار بڕەخسێت بۆگەنجەکان و ژێرخانی ئابووری بگەشێتەوە. بەمەش گەنجان چەند هەنگاوێک لە حیزب و ڕێکخراوە ڕادیکاڵەکان دوور دەکەونەوە.
5.ئەم خالە لە هەمووی گرنگترە ،ئەویش هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی سیاسی ولاتانی ڕۆژهەلاتی نێوین ،و هاوکاری ئەو ولاتانە بۆ پەیڕەو کردنی سیستەمێکی مەدەنی و ئینسانی و دیموکراتی ،کە تێیدا کەرامەتی هاووڵاتیان پارێزراو بێت وهەموو تاکێک هەست بە مانای هاولاتی بوون بکات .