له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیدا، ڕێنمایی پیدانی نازناوی زانستی په‌سندكرا، گفتوگۆش له‌باره‌ی چۆنییه‌تی زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان كرا، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند بڕیارێكی گرنگ دران.
له ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیدا هاتووه: “له كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ، به‌سه‌رپه‌رشتی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ڕێوه‌چوو كه
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د.یوسف گۆران، ڕاگه‌یاند:” هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه بۆ دابینكردنی داهاته‌كانیان پشت به‌نه‌وت ده‌به‌ستن، ڕوبه‌روی قه‌یرانیكی دارایی سه‌خت بۆته‌وه، ئه‌وه جگه له‌شه‌ڕی داعش كه بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ی خستووه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه كار بۆ زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كان بده‌ین، به‌شێوه‌یه‌ك زانكۆكان بتوانن به‌رده‌وامی به‌پرۆسه‌ی خوێندن بده‌ن، له‌هه‌مان كاتدا ببینه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهاتیش بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان”، هیواشی خواست به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی، زانكۆكان هاریكاربن بۆ زیادكردنی داهات و بڕیاری گرنگ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بده‌ن.
له به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئاماژه‌ی به‌ڕێنمایی پیدانی نازناوی زانستی كرد و ڕاگه‌یاند:” یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت، به‌پێی یاسای وه‌زاره‌ت، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی زانكۆكانه، بۆیه وه‌ك وه‌زاره‌ت هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالیتی خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانست زانكۆكان”,
وتیشی:” یه‌كێك له‌و ڕێگه‌یانه، پێدانی نازناوی زانستیه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت نازناوی زانستی بدرێت به‌و كه‌سانه‌ی شایه‌نی ئه‌وه‌ن ببته مامۆستایی زانكۆ و خۆیان بۆ بواره‌كه ته‌رخان بكه‌ن و زانكۆ به‌ره‌وپێشه‌وه ببه‌ن، خۆشبه‌ختانه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لێژنه‌یه‌كی باڵاوه ڕێنماییه‌كانی پێدانی نازناوی زانستی ئاماده‌كرا، ئه‌مڕۆ ده‌یخه‌ینه به‌رده‌ست ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن بۆ په‌سندكردنی، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌باره‌ی لایه‌نه‌كانی ڕێنماییه‌كه كرا، له‌گه‌ل زیادكردنی چه‌ند پیشنیازێك ڕێنمایی پێدانی نازناوی زانستی خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سند كرا”.
له به‌شێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌شدا گفتوگۆ له‌باره‌ی خوێندن به‌شێوه‌ی سیستمی پارالێڵ كرا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی سیستمی پارالێڵ كرا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیاریدا به‌كردنه‌وه‌ی سیستمی پارالێڵ بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016)، زانكۆكانیش سه‌رپشك كران له كردنه‌وه‌ی ئه‌و شێوازی سیستمی خوێندنه له‌به‌شه‌كانی زانكۆكانیان، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ هه‌ر به‌شێك نابێت ڕێژه‌ی وه‌رگرتن له (10) پلانی په‌سندكراو تێپه‌ڕ بكات.
له به‌شێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی خوێندنی ئێواران له زانكۆ حكومییه‌كان بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016) كرا، بۆ ئه‌وه‌ش دوای ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیاره‌كه‌ی په‌سند كرد، به‌شێوه‌یه‌ك زانكۆكان ڕاسته‌وخۆ فۆرمی وه‌رگرتن دابه‌ش بكه‌ن و دواتر به‌رزی بكه‌نه‌وه بۆ وه‌زاره‌ت، سه‌باره‌ت به‌و به‌شانه‌شی كه خوێندنی ئێوارانی لێ ده‌كرێته‌وه، وه‌ك له راگه‌یه‌ندردراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆكراوه، د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاندووه:”له كردنه‌وه‌ی هه‌ر به‌شێكدا ده‌بێت ڕه‌چاوی كواڵیتی خوێندن و پێداویستی بازاڕی كار بكرێت و كرێی خوێندنیش به‌ڕێژه‌ی له (30%) له زانكۆ تایبه‌ته‌كان كه‌متر بێت”.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیاریدا به‌نه‌هیشتنی پێدانی (3) نمره به‌ده‌رچوانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی، ئه‌وه‌ش ڕونكرایه‌وه، ئه‌و بڕیاره له ساڵی خوێندنی (2016-2017) به‌سه‌ر خوێندكارانه‌دا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه قۆناغی (12)ی ئاماده‌یی ته‌واو ده‌كه‌ن.