لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا من و ئه‌وانی تر!

من و ئه‌وانی تر!

0 تێبینییەکان 19 بینینەکان

شارا تاهیر:Shara_Tahir
چاره‌نوسی په‌روه‌رده‌ له‌نێوان “دۆزه‌خی کوردی و به‌هه‌شتی سویدی” دا

پیاژێ و گرنگی زمان له‌په‌روه‌رده‌دا

– 2 –
بۆ زیاتر تیشکخستنه‌ سه‌ر تراژیدیای ئه‌و سیستمه‌ په‌روه‌رده‌ییه “کوردی ــ سویدی”‌‌ یه‌ که‌تێیدا هیچ تروسکاییه‌ک بۆ له‌دایکبونی مرۆڤ نابینین، سیستمێک که‌ هێنده‌ی له‌زیندانێک بۆ دیلکردن و په‌کخستنی توانا ده‌رونی و فیزیکیه‌کانی تاکه‌کان ده‌چێت، له‌ژینگه‌یه‌کی پیداگۆگی ناچێت بۆ که‌شفکردنی ووزه‌ داهێنه‌ره‌کانی مرۆڤ‌، ده‌مه‌وێت ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ وه‌ک نمونه‌یه‌ک بهێنمه‌وه‌ تا به‌هۆیه‌وه قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ک له‌ چه‌مکه‌کانی وه‌ک زمان و گه‌شه‌ی بیرکردنه‌وه‌، یاری و گه‌مه و گاڵته‌کردن‌‌، ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی و دواجاریش په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا و خوێندکار بکه‌م، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌به‌ر رۆشنایی تیۆره‌کانی هه‌ریه‌ک له‌ ژان پیاژێ و لێڤ ڤیگۆتسکی دا، هه‌ڵبژاردنیشم بۆ ئه‌م دوو زانایه‌ په‌یوه‌ستی گرنگی و کاریگه‌ریه‌کانیانه‌ له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌ی پێداگۆگی و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی مۆدێرن.

یه‌کێک له‌گرنگترین ئه‌و تیۆریانه‌ی له‌باره‌ی گه‌شه‌ی ئه‌قڵی مناڵه‌وه‌ دانرابێت بریتیه‌ له‌تیۆرییه‌که‌ی ژان پیاژێ. به‌ بڕوای پیاژێ گه‌شه‌کردن وه‌ک پردێک وایه‌ که‌ دوو جیهانی جوداو ته‌واو لێکجیاواز به‌یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، واته‌ به‌ستنه‌وه‌ی جیهانی خودسه‌نته‌ریی “ئیگۆسه‌نته‌ریزم” به‌ جیهانی کۆمه‌ڵسه‌نته‌ریی “سۆسیۆسه‌نته‌ریزم” ه‌وه‌.
به‌ڕای ئه‌و، مناڵ له‌سه‌ره‌تادا خۆی به‌ سه‌نته‌ری هه‌موو شته‌کان ده‌بینێت و پێی وایە ته‌واوی شته‌کان به‌ ده‌وری ئه‌مدا خولده‌خۆن و گردده‌بنه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ مناڵ جیهان و روداوه‌کانی نێوی به‌ به‌شێک له‌ئه‌زمونی خۆی ده‌زانێت و داده‌نێت. به‌ڵام پاشتر و له‌قۆناغێکی دیکه‌ی گه‌شه‌ی ئه‌قڵییدا بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ ده‌شێت جیهان له‌ڕوانگه‌ و چاوی ئه‌وانی دیکه‌شه‌وه‌ ببینرێت و بناسرێت. به‌ڕای ئه‌م دەروونناسە‌ زمان سیستمێکی ره‌مزییه‌ که‌ مناڵ له‌سه‌ره‌تادا -واته‌ له‌و قۆناغه‌دا که‌ به‌ خودسه‌نته‌ریی ناوده‌برێت- له‌بیرکردنه‌وه‌ی خۆیدا دروستیده‌کات، ئه‌ویش به‌ تێترنجاندن ناواخنکردنی کۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ له‌چوارده‌وری خۆیدا ڕووده‌ده‌ن، تا له‌کۆتاییدا ئه‌م سیستمه‌ ره‌مزییه‌ ده‌بێته‌ زمان. هه‌ربۆیه‌ له ‌زانستی ده‌روونیشدا بیرۆکه‌ی سه‌ره‌کی له‌دایکبونی زمان له‌فیکره‌وه،‌ به‌پله‌ی یه‌که‌م ده‌خرێته‌ پاڵ پیاژێ.
بۆ زیاتر رونکردنه‌وه‌ی هه‌ریه‌که‌ له‌گه‌شه‌ی ئه‌قڵیی و زمانه‌وانی مناڵ، پیاژێ قۆناغه‌کانی ئه‌و گه‌شه‌کردنه بۆ چوار قۆناغ‌ دابه‌شده‌کات:
١ــ قۆناغی (جوڵەهەستی) سێنسۆمۆتۆریسک (سفر بۆ دوو ساڵ)
لەم قۆناغەدا مناڵ زیاتر لە ڕێێ جوڵە(مۆتۆریک) و هەست (سێنس) ەوە بیردەکاتەوە. ئەم دۆخە جۆريکە لە کاوس و ناڕێکی لە دەرەوە. لێرەدا مناڵ بە تەواوی خودسەنتەرە و پێوایە هەموو شتێک لە دەوری ئەم خۆی دەسوڕێتەوە، هەر بۆیە لە ڕێی جوڵەو هەستەکانیەوە هەوڵدەدات لەو دەوروبەرە تێبگات کە تیایدا دەژی تا ئەو ناڕێکی و کاوسە ڕێکبخات کە لە دەرەوە، هەیەتی. بۆ نموونە مناڵ هەر زوو بۆی دەردەکەوێت کە ئەگەر هاتو بەم جۆرە هاوار بکات و بگری، ئەوا دەستبەجێ نانی دەدرێتی، یا گەر بەو شێوەیەی تر نوزەنوز و گڕۆزی بکات ئەوا دەخرێتە باوەش و نازی دەکێشرێت. بە واتەیەکی تر، تاکە ڕێگەیەک بۆ مناڵ کە بەهۆیەوە بتوانێت ئاخاوتن لە گەڵ دەوروبەرەکەیدا بکات بەکارهێنانی جۆری جیاوازە لە جوڵە و دەنگدەرکردن.
٢ــ قۆناغی بەرلەبیرکردنەوە (دوو بۆ شەش ساڵ)
ئەم قۆناغە ماوەیەکی درێژتر دەخایەنێت و تیایدا مناڵ دەستدەکات بە بەکارهێنانی سیمبولگەلێک کە پێشتر نەیتوانیوە بەکاریانبهێنێت. لەم قۆناغەدا لەوە تێدەگات کە وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا ئاماژەیە بۆ سیمبولی خۆی نەک ئەوانی تر، بەو مانایەی ئیتر مناڵ لەوە تێدەگات کە وێنە، سیمبولی مرۆڤەکان و شتەکانی تری دەوروبەری خۆیەتی، وەکچۆن هەر لەم قۆناغەیشدایە فێری ئەوە دەبێت کە ژمارەیش وەک سیمبول بەکاربهێنێیت.
٣ــ قۆناغی دروستکردنی بیری کۆنکرێتی(ماوەی حەوت بۆ یانزە ساڵ)
لەم قۆناغەدا مناڵ زیاتر سۆسیۆسەنتەریک بیردەکاتەوە تا ئەوەی ئێگۆسەنتەریزم بێت. لەم قۆناغەدا تێدەگات کە ژیان بە تەنیا ئەم خۆی نیە، بەڵکو ئەوانی تریش بوونیان هەیە، لەم قۆناغەدا مناڵ فێردەبێت خۆی بخاتە شوێنی ئەوانی تر، واتە بزانێت ئەوانی تر چۆن بیردەکەنەوە و هەست بە شتەکان دەکەن. بەڵام دەبێت بزانین کە هێشتا هەر بە شیوەیەکی کۆنکرێتی بیردەکاتەوە، بۆیە دەبینین کە لەکاتی ژماردندا هێشتا هەر پەنجەکانی بەکاردەهێنێت. وەکچۆن هێشتا لە ڕەهەندە دزێو و ناشرینەکانی زمان و ئایرۆنیەکانی تێناگات.
4ــ قۆناغی بیرکردنەوەی ئەبستراکتی (ماوەی یانزە بۆ شانزە ساڵ)
لە ماوەی قۆناغی مامناوەندیدا مناڵ تا بێت ئەبستراکتتر بیردەکاتەوە و چیتر بنەمای بیرکردنەوەکانی کۆنکرێتی نین بەتەنها، بەو مانایەی لەم قۆناغەدا لەوە تێدەگات کە هەندێ زاراوە هەن کە بەرجەستە نین و ناتوانیت بە دەست بیانگریت وەکو (دیموکراتی، یەکسانی، ئازادی … هتد). هەربۆیە کاتێک مناڵ فێردەبێت بە شێوەیەکی ئەبستراکت بیربکاتەوە، هاوکات دەیشتوانێت گفتوگۆ دەربارەی ئەو بابەتانە بکات. ئا لەم قۆناغەدایە کە دەتوانین لە دووفاقی زمان و ئایرۆنی تێبگەین. ئەو مناڵانەی کە ناتوانن بە شێوەیەکی ئەبستراکت بیربکەنەوە، ئەوا زمان بە شێوەیەکی حەرفی و وەک خۆی چۆن هەیە، وەردەگرن. کاتێک کە قسە لەگەڵ مناڵێک بکەیت کە هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی بیرکردنەوەی ئەبستراکتی، ئەوا جگە لە بە هەڵەدابردن و سەرلێتێکدانی، هیچی تر ناکەیت.
ئەم پێشەکیەی پیاژێم لەبەرئەوە باسکرد وەک تیۆرە تا بیری مامۆستا (ناسیح) و هەموو مامۆستاکانی تریشی بخەمەوە و بڵێم كه‌ مناڵی تەمەن شەش ساڵ (وەک لە نمونەی هۆگردا بەرجەستەیە) له‌ دیوه‌ ناشرین و گاڵته‌وگه‌پئامێزه‌كه‌ی زمانی تۆی مامۆستا وەک قۆشمەچییەک، ناگات! مناڵ هەموو سوعبەت و قەشمەریات و گاڵتەگەپەکانی تۆ بە کۆنکرێتی و وەک خۆی چۆن هەیە وەردەگرێت، هەربۆیەیشە کە دەبینین بێدەسەڵاتانە بە دەستتەوە دەگری و خەمبار دەبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە