یەکەم کارى کابینەى نۆیەم( Privatization-خەسخەسە) بەتایبەتکردنى بەشێک لە وەزارەتى داد بوو، لە فرۆشتنى کارى (عەریزە) داواکارى لە فەرمانگە دادنووسییەکان بۆ کۆمپانیایەکى تایبەت .
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ڕووئیاى حکوومەتى هەرێم لە چوارچێوەى پاکێجى حکوومەتى نیولیبڕالیزم کە پێشتر لە فرۆشتن و هەراجکردنى بەشێک لە کەرتەکانى پەروەردە و تەندروستى و خزمەتگوزارییە ڕۆژانییەکان وەک ئاو و کارەبا و هەڵگرتنەوەى خۆڵ و خاشاکى ماڵان و باخچەى ساوایان و تا دەگاتە پارکەکان دەستی پێکردبوو. واتە ئەم هەنگاوەى دوایى کە خۆى لە فرۆشتنى بەشێک لە وەزارەتى داد دەبینێتەوە وەک یەکەم هەنگاوى کابینەى تازە دەستیپێکرا، بەشێکى بچووکى ئەلقە تەواونەکراوەکەى سیاسەتى حکوومەتى هەرێمە. سیاسەتێک کە وەزیفەى حکوومەت تەنیا لە کارى پاسەوانى دەبینێتەوە، لە پاراستنى (سنوور و ئاسایشى ناوخۆ). هەموو کەرتەکانى گشتى واتە ماڵى گشتى دەفرۆشێت یا دەقیقتر هەراج دەکرێت بۆ کەرتى تایبەت. جەوهەرى کار و وەزیفەى کەرتى تایبەتییش قازانجپەرستى و بەکاڵاکردنى هەموو شتێکە. لەوەها دۆخێکدا ئەوەى پارەى هەیە هەموو شتێکى دەبێت، ئەوەى نیەتى هیچ خزمەتگوزارییەکى نابێت، تەنانەت فریاکەوتنى تەندروستییش کە سەرەتایترین مافە و پەیوەندى بە مردن و ژیانى ڕاستەوخۆى هەمووانەوە هەیە. لە داهاتوویەکى نزیکدا بە پێى پلانى پێشتر داڕێژراوى دەسەڵات، حکوومەت واز لە زۆربەى بەرپرسیارییەتییەکانى تریش دەهێنێت و ماڵى گشتى واتە کەرتى گشتى هەراج دەکات بۆ سەرمایەدارەکان و کۆمپانیاکان کە هەموومان دەزانین سەر بە کێن. لێرەدا دەسەڵات بە گشتى ئەرک و کارى دەبێتە پاسەوانى سەرمایەدار و کۆمپانیاکان لە جێگاى هاووڵاتى وەک دەیبنین. ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوو ڕوویدا مەسەلەکە گرانکردنى نرخى عەریزە نییە، بەڵکو پێش ئەوە فرۆشتنیەتى بە کەرتى تایبەت، کەرتى تایبەتییش واتە قازانجى زیاتر و زیاتر لە سەر حیسابى بەرژەوەندى خەڵک. بۆیە پێشتر نرخى نووسینى یەک عەریزە تەنیا دوو هەزار و پێنج سەد دینار بوو، بەڵام ئێستا وەک یەکەم هەنگاو لە دادنووسى عەنکاوە لە شارى هەولێر دەستی پێکردووە بۆ هەر عەریزەیەک بیست و پێنج هەزار دینار لە هاووڵاتى گیرفانبڕاو وەردەگیرێت، دواتریش لە هەموو دادنووسەکانى تریش جێبەجێ دەکرێت. کاردانەوەکان و ناڕەزایەتییەکان لە ژێر ناونیشانی (گرانکردنى نرخى عەریزە، یاسایى نییە) بوو، یان بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان لە چوارچێوەى گرانکردنى (نرخەکەى) هەواڵەکەیان وەک زانیارى دەرخواردى خەڵکدا! لێرەدا بەرزبوونەوەى نرخەکەى ئەنجامە، هۆکارە سەرەکییەکەى فرۆشتنیەتى بە کەرتى تایبەت. لە وەها هەلومەرجێکى دروستکراودا وشیارى چینایەتى و ئاگایى سیاسى هاوکاریمان دەکات تا بتوانین دیمەنەکە وەک خۆى ببینین و تێبگەین تا بتوانین بیگۆڕین، چونکە پێش گۆڕینى واقیع پێویستە لە واقیع وەک خۆى بگەین .
ئەوەى ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و بۆتە هەڕەشەى جدى لەسەر ئەو بڕە کەمەى لە ماف و ئازادییەکانى نەوەى ئێستا و داهاتووشمان سیستەمى سەرمایەدارییە لە فۆرمە بنچینەییەکەى خۆیدا. چاوەڕێکردن لەوەها نۆرم و مۆدێلێکى حکومڕانى بۆ ئەوەى گۆڕانکارى بکات بە ئاراستەى بەرژەوەندى کرێکارانى بیر و بازوو بە بیانووى گۆڕانکاریکردن بە فیگەرەکانى ناوى، جگە لە خەیاڵپڵاوى یان تێنەگەیشتن لە واقیع شتێکى تر نییە. ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر خەرەندى چینایەتى لە هەڵکشاندایە، لە هەموو کات زیاتریش پێویستمان بە دیدێکى ڕوون بۆ ئابوورى و سیاسەت هەیە، دیدێک بە ئامانجى گۆڕین لە واقیع نەک تەسلیم بوون. دەرکەوت تێگەیشتن بۆ گۆڕانکاری ئەگەر لە مەفهومێکى فیکرى سیاسى جیاواز نەبێت نەک ناتوانێت هیچ بگۆڕێت بەڵکو واقیعى دروستکراو ئەویش دەگۆڕێت وەک گۆڕى .
یەکەم کاری کابینەی نۆیەم: تێگەیشتن لێى بۆ گۆڕینى
هیوا عومەر