نوسینگەی فیدراڵی بۆ بنەبڕكردنی تاوانی توندوتیژی دژ بە پەنابەران، هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی لە دژی پەنابەران، لە راپۆرتێكیشیدا رایگەیاند، ئاستی توندوتیژی لە دژی پەنابەران لە ئەڵمانیا، بەراورد بە ساڵی 2014، سێ هێندە زیادی كردووە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە زاری نوسینگەی فیدراڵی بۆ بنەبڕكردنی تاوان لەو وڵاتە، بڵاویان كردەوە: “ئاستی توندوتیژی دژ بە پەنابەران زیادی كردووە”، رۆژنامەی (دی فیڵت)یش ئاماژەی بە تۆماركردنی 104 حاڵەتی دەستدرێژی كرد كە 53 حاڵەتیان سوتاندنی جێنیشتەجێی پەنابەرانە.
دی فیڵت ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی حاڵەتەكان كە تاوانی ریكلامی و تاوانی هاندان بۆ توندوتیژی دژ بە پەنابەران لە خۆدەگرێت، گەیشتووەتە 637 حاڵەت، ئەوەش سێ هێندەی ئاستی ئەو حاڵەتانە دەكات كە لە ساڵی رابردوودا تۆماركراون.
رێكخراوی (دیاكونی)ی مەسیحی خێرخوازی، هۆشداریدا لە زیادبوونی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر سەنتەرەكانی داڵدەدانی پەنابەران و ئەو كەسانەی كە یارمەتی پێشكەش بە پەنابەران دەكەن.
لای خۆیەوە ئۆلیرش لیلی، بەڕێوەبەری رێكخراوەكە رایگەیاند: “لەم ماوەیەدا قێزەونترین گوزارشتی رەگەزپەرستی و دەستدرێژكردنە سەر پەنابەران لەلایەن راستڕەوەكانەوە دەبیستین كە بیست ساڵ لەمەوبەر شتی لەو شێوەیەمان نەدەبیست”.