بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان ڕای دەگەیەنێت، ”ڕۆژانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلام بۆ ھەندێک بەرھەم دەکرێت، بە مەبەستی دابەزاندنی کێشی لەش و چارەسەرکردنی لاوازیی سێکسی و زۆر دۆخی تر و بانگەشەی سروشتیبوونیان بۆ دەکرێت، بەڵام ئەو دەرمانانە لە ڕێگەی دامەزراوەی دەرمانی کوردستان ھاوردەی ھەرێم نەکراوە و بە شێوەی قاچاخ ھاوردە دەکرێن”.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان لە ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دهڵێت “ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕیکلام بۆ ھەندێک بەرھەم دەکرێت، بۆ مەبەستی دابەزاندنی کێشی لەش، چارەسەرکردنی لاوازی سێکسی و زیادکردنی کێشی لەش. ئەو جۆرە بەرھەمانە لە ڕیکلامەکاندا بانگەشەی سروشتیبوونیان بۆ دەکرێت و بانگەشەکاران گەرەنتی دەدەن، کە ١٠٠ % بەرھەمەکانیان سروشتین و ھیچ زیانی لاوەکییان نییە، لە ڕاستیدا ئەو بەرھەمانە لە ڕێی دامەزراوەی دەرمانی کوردستان KMCA ھاوردەی بازاڕی دەرمانی وڵات نابن و بە شێوەی قاچاغ و بەڕێی نایاسایی ھاوردە دەکرێن و بە ئۆنلاین بە خەڵک دەفرۆشرێن”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: “ئەو بەرھەمانەی، کە بە ڕێی ئۆنڵاین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وێباسیتەکان دەفرۆشرێن، تەنیا دامەزراوەی دەرمانی کوردستان KMCA ی نەھێناوەتە قسە، بەڵکوو سەرجەم دامەزراوە گرنگەکانی بواری زانستی دەرمانسازی لە جیھاندا، لەسەر ئەو بابەتە ھاتوونەتە دەنگ و چەندان ڕاپۆرتیان لەسەر داون و ھۆشداریی تەواویان بە فرۆشیاران و بەکارھێنەرانی ئەو بەرھەمانە داوە. فرۆشتنی ئەو بەرھەمانە بەناوی تەواوکەری خۆراکی و سروشتی، دیاردەیەکی جیھانییە و تەنیا لە کوردستاندا نییە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی FDA و دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپی EMA لە سەدان ڕاپۆرتدا ئەو جۆرە بەرھەمانە بە مەترسیدار و ساختە ناودەبەن و ھۆشداریی توندیش دەدەن”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: “دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی FDA دەڵێت، ئەو بەرھەمانەی بۆ دابەزاندنی کێشی لەش ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، لە ئەنجامی پشکنینی بەشێک لە بەرھەمەکان دەرکەوتووە، ئەو جۆرە بەرھەمانە دەرمانی قەدەغەکراو و مەترسیدار و دەرمانی میزپێکەر بۆ چارەسەرکردنی بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە و دەرمانی نەخۆشیی پەرکەم و خەمۆکییان بە بڕێکی زۆر تێدایە”.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان، ڕوونی کردووەتەوە: “ئەو بەرھەمانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی لاوازیی سێکسی ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، دەرمانی شاراوەیان لە جۆری دەرمانەکانی چارەسەرکردنی لاوازیی سێکسی بە بڕێکی مەترسیدار تێدایە، کە مەترسیدارن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی لەناکاو، بوونی ئەو دەرمانە شاراوانە، دوای پشکنینی تاقیگەیی دۆزراونەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بەرھەمەکان بە سروشتی و بێ زیان وێنا دەکرێن”.
جەخت لەوەش کراوەتەوە: “بەشێکی تری ئەو بەرھەمە ساختانە بۆ قەڵەوکردنی ڕوخسار و جەستە ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، بەپێی ڕیکلامەکان بەرھەمەکان سروشتی و بێ زیانن، بەڵام ئەنجامە تاقیگەییەکان بە بەڵگەی تەواو ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئەو جۆرە بەرھەمانە دەرمانی ستیڕۆیدەکانیان بە بڕێکی زۆر تێدایە، وەک ستیڕۆیدی (دێگزامیتازۆن- Dexamethasone)، بەکارھێنەر دوای ماوەیەک لە بەکارھێنانی بەشێوەیەکی کاتی جەستە و ڕوخساری قەڵەو دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا کاریگەرییەکە بەردەوام نابێت و زیانە مەترسیدارەکان دەردەکەون”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: “دامەزراوەی دەرمانی کوردستان KMCA بەردەوام ھاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە، کە خۆیان لە کڕینی دەرمانی ساختە و قاچاخ و بێ ستیکەر بەدوور بگرن، ھۆشداری داوەتە ھاونیشتمانییان. کە بەھیچ جۆرێک نەکەونە ژێر کاریگەریی ڕێکلام و بانگەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرھەمی بەناو سروشتی، داوای لێکردوون، تەنیا ئەو دەرمان و بەرھەمە دەرمانسازییانە بکڕن، کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانیان لەسەرە”.