وەرگیڕانی لە ئینگلیزییەوە: محهمهد ئاکۆیی
ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ فەیلەسوفی بە ناوبانگ سلاڤۆ ژیژەک، لە تەلەڤزیۆنی (Kurdish MedNuce TV)، لە لیبیانای پایتەختی سلۆڤینیا ئەنجام دراوە. لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەدا ژیژەک باس لە پرسی کورد و تێڕوانینی خۆی لە سەر گەلی کورد دەکات. چاوپێکەوتنەکە لەلایەن ماڵپەڕی(Kurdish Question)- ەوە تەرجەمە کراوە (بۆ ئینگلیزی).
وێنەیەکی تۆ ۆ ڕێبەری کورد عبداللە ئۆجەلان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکرێتەوە. چیرۆکی ئەو وێنەیە چییە؟
بەڵێ، لە تورکیا ئەو وێنەیان پیشاندام. لە سەر ئنتەرنێت هەیە و دەڵێن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی هەشتا کان. بەڵام پێوەیستە بڵێم کە بەداخەوە وێنەکە ڕاست نییە و دروستکراوە. بەڵام بە هیچ جۆرێک دژی دروستکردنی ئەو وێنەیە نیم. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێی کە چیرۆکێکی جوان هەیە لە پشت ئەو وێنەوە. ئۆجەلان ئێستا لە زیندان دایە، وە پێم وایە گرنگیەکی زۆر بە شوناسی خۆی دەدات وەک کەسێکی ڕۆشنبیر. لیستێک کتێبم بەرچاو کەوت کە بەڕێز ئۆجەلان داوای کردووە بۆ ببەنە زیندان. بۆ نمونە، ئەو فۆکۆ دەخوێنێتەوە. قسەیەکی باو دەربارەی کۆردەکان هەیە کە دەڵێ: کوردەکان لە شاخ دەژین و ئەوان خێڵێکی سەرەتایین کە لە ئازاردا دەژین. بەڵام بە پیچەوانەوە، من تێبینیم کردووە کە کوردەکان گەلێکی عەلمانین. کوردەکان وەک ڕۆشنفکر و مۆدێرن خۆیان پیشانی جیهان دەدەن. ئەمەش میتۆدێكی دروستە. ئەگەر من لە جێگەی ئێوە بومایە هەمان شتم دەکرد.
کەواتە تۆ هەرگیز ئۆجالانت چاوت بە ئۆجەلان نەکەوتووە؟
نەخێر بەداخەوە. حەزدەکەم سەردانی بکەم لە زیندان. بەڵام بیستوومە کە لە زیندانی تاکەکەسی دایە و ڕێگا نادەن پارێزەرەکانیشی ببینێت. دەزانم کە ئۆجەلان ئێستا سیاسەتێکی نەرمتر پەیڕەو دەکات. ئێستا خۆی بە هاوڵاتی تورکیا دەزانێت و داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان دەکات. پێم وایە دەبێ دەرفەتی ئەوەی پێبدرێت کە داوای زیاتر بکات.
با سەیری مێژوو بکەین: کوردەکان گەورەترین قوربانی دابەشکاری استعماری بوون. سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاستدا پشتی بەوە بەستووە کام خێڵ لەگەڵ کامەیان شەڕ دەکات. واتە، ڕۆژئاوا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات. دەستتێوەردانی ڕۆژئاوا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مێژووی هەیە. گەورەترین کارەسات بە دوای جەنگی جیهانی دووەم-دا هات. ئیتاڵیەکان و فەڕەنسیەکان و ئینگلیزەکان بڕیاریاندا چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش بکەن. سوریا لەژێر رکێفی میصر دابوون و وڵاتانی تریش هەریەکە و لە دەستی ئەویتردا. لەبەر ئەوە، هەموو سنورەکان دەستکردن. سەیری عیراقی ئێستا بکە: بەشی ڕۆژهەڵات شیعەیە و لە ژێر کاریگەری ئێران-دایە، وە ڕۆژئاواش سوننەیە. لە دیدی خەڵکەوە، فیدراسیۆن ڕەنگە چارەسەر بوایە. سەیری ئەفغانستان و پاکستان بکە، لەوێش هەمان شتە.
هیچ گۆڕانکاریەک دەبینی لە پێگە و پرسی کوردەکاندا؟
لە ڕووی مێژوویەوە کوردەکان نەخشەی وڵاتی خۆیان هەیە، بەڵام لە ڕوکەشدا سنووری دەستکرد هەن. هەرچەندە زلهێزەکان ڕێگە نادەن، بەڵام بە بڕوای من یەکگرتنەوەی کوردەکان باشترین چارەسەرە؛ لانیکەم بەشی ڕۆژهەڵات و باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، باکوری سوریا وە باکوری عێڕاق. ڕاستە ڕەنگە ئەوان بە سنوورە دەستکردەکانەوە پابەند کرابن، بەڵام مافێکی مێژووی خۆیانە یەکبگرن. ئیستا هەرێمی کورردەکان لە عێراق-دا سەلامەتترین شوێنە. ڕۆژانە لە چەندین وڵاتەوە خەڵک لە ڕیگەی فرۆکەخانەکانەوە دەچنە ئە هەرێمە، وە هەروەها سیستەمی یاسایی هەیە و یاساش هەیە. سێ گروپ لە عیڕاق-دا هەیە: کەمینەی سوننە، زۆرینەی شیعە و کوردەکان. لەسەردەمی سەددام-دا سوننەکان حاکمی ئەو وڵاتە بوون، وە ئێستاش شیعەکان هەژموونیان هەیە، وە وەزعەکە زۆر لەبار نییە.
لەبەر ئەوە، ئایا کارێکی باش نییە کە چانسێک بە کوردەکان بدرێت خۆیان فەرمانڕەوای خۆیان بن؟ دەزانین ئەوە یوتۆپیایە! تا ئەمڕۆش کوردەکان هەر بەرگرییان لەخۆیان کردووە. هەرگیز تەماعی داگیرکاریی و توندڕەوییان نەبووە، وە گەلانی تریان نەکوشتووە. دەرفەتدان بە کوردەکان تا موختاری خۆیان بن واتە سەقامگیری بۆ ناوچەکە. کوردەکان عەلمانیترین گەلی ناوچەکەن. داننان بە قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان پشگیری کردنە لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئەمە دەزانم و بە دڵ پشگیری لە کوردەکان دەکەم.
چەند ڕۆژێک لەمەو بەر تۆ لە ئیسانبوڵ بوویت، چۆن بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنی؟
بەڵێ، دوو ڕۆژ پێش ئێستا لەوێ بووم. لەگەڵ هاوڕێیەکم باسی خۆشەویستیمان دەکرد. باسی دینمان کرد و ئە دروشمەی ئاینی مەسیحی کە دەڵێت: “دراوسێکەت وەک خۆت خۆشبوێ.” دەکرێ ئەمە بە تورکەکان بڵێین: کوردەکانتان وەک خۆتان خۆش بوێت. ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات تاقیکردنەوەی خۆشەویستییە. شتێکی تریشم باسکرد. تۆ ئاگاداری تراژیدیای کورد و ئەرمەنەکانی؟ قەتڵوعامی کورد و ئەرمەنەکان بە هۆی عەقڵیەتی کۆنی بەربەری تورکەکانەوە نەبووە، بەڵکو لەسەر دەستی “تورکە تازەکان”-ەوە بووە. ئەو کارەساتانە لەگەڵ لەدایکبوونی مۆدێرنیزم لە تورکیا ڕوویاندا. لە ڕاستیدا ئەگەر ئیمراتۆریەتی عوسمانی بە دەوڵەتی ئێستای تورکیا بەراورد بکەین ئەوا عوسمانییەکان لەخۆبوردە تر بوون بەرامبەر بە گروپە کەمایەتییەکان. کێشەکان لەگەڵ تورکیای مۆدەێرن-دا دەستیان پێکرد. لە کاتی شەڕی یوگوسلاڤیادا زۆربەی جولەکەکان لە ساراجێڤۆ دەژیان. بۆ؟ چونکە کەمایەتیە مەسوڵمانەکان لە مەسیحیەکان لێبوردەتر بوون بەرامبەر جولەکە. نامەوێ هیچ بەدحاڵیبوونێک ڕووبدات: ئەوەی ئیستا ئەردوغان دەیکات دڕندەییە. لە جیاتی بەرزکردنەوەی بینا بە سەیری مێژووی عوسمانییەکان بکات و بزانێت چ ئازادییەک هەبوو ئەوکات کە ئێستا نییە، بزانێت چی ئەوکات باشتربوو لە ئێستا. ماوەیەک لەمەوپیش یادەوەری پیاوێکی فەڕەنسیەکم خوێندەوە کە سەرەتای سەدەی نۆزدە سەردانی ئیستانبوڵی کردبوو. بە پیی تێگەیشنی ئەوبێت لەو شارە، ئیستانبوڵی ئەوسا لە هی ئێستا لیبوردەترە. دەنووسێ کە قەشە و ڕابای بینیوە لەسەر جادەکان. ئەگەر ئەوە بەراورد بکەیت بە ئەوروپای سەدەی نۆزدە، بێگومان ئیستانبوڵ لێبوردەیی زیاتر بووە. ئەگەر دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سوڵتانیەتی عوسمانی، ئەوا تورکەکان دەبێ سەیرێکی یاسا و ڕێساکانی عوسمانی بکەن.
بەدڵنیاییەوە سەردەمی عوسمانی لایەنی ناشرینی هەیە. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک موسوڵمان نەبوایە باج و سەرانەی زیاتریان لێوەردەگرت. بەڵام، هەندێ یاسایان هەبووە بۆ کەمایەتییەکان کە لەوەی تورکیای ئێستا باشترە. چەپەکان دەزانن کە هەردوو ئیمپراتۆریەتی ڕۆژهەڵات پێش جەنگی جیهانی دووەم، عوسمانی و نەمسا-هەنگاریا، لە سەر هەندێ پرس لە دەوڵەتەکانی ئێستا توندتر بوون.
کوردەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر پرسی کوردەکان چارەسەر بکرێت ئەوا هەموو پرسەکانی تر چارەسەر دەکرێت. ئێستا بارودوخێکی ناعەقڵانی لە هەرێمەکانی بەڵکان دەگوزەرێت. ئەلبانیا و کۆسۆڤۆ کە هەمان نەتەوەن بەس دوو دەوڵەتی جیاوازیان هەیە دەیانەوێت یەکبگرنەوە. خۆرئاوا ڕێگەنادەن یەکبگرنەوە چونکە ترسیان لە دەوڵەتێکی گەورەی ئەلبانیا هەیە. دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نابێت هەڕەشە بۆ هیچ لایەک، لە راستیدا پێم وایە دەبێتە پردی پەیوەندی بۆ گەلانی ناوچەکە.
بەڵام ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە پێچەوانەکەیمان پیشان دەدات، سەرکوتکردن و توندوتیژی دژی کوردەکان، بە تایبەت لە تورکیا، ڕوو لە زیادبوونە…
هەڵویستی توریا جێی شەرمە، ترسناکە. پارتەکەی ئەردوغان لەم هەڵبژاردنەی کە دێت زۆرینە ناباتەوە. پێم وایە چەپەکان، کەمالیستەکان و کوردەکان دەتوانن ئیتلافێک درووست بکەن. بە دڵنیاییەوە ئەم شەڕانەی دوایی خزمەت بە ئەردوغان دەکەن. دەیانەوێت کوردەکان وەک توندوتیژ پیشان بدەن. لە تورکیا وەرچەرخانێکی گەورە بەڕێوەیە بۆیە یاریەکەش ئاوا پیس بووە. ئەگەر کوردەکان فرامۆش بکرێن، سۆسیال دیموکراتەکان چیان پێدەکرێت. بە خاڵێکی ئەرێنی دەبینم کە کوردەکان شێوازی کارکردنیان گۆڕیوە. کوردەکان دەبێ خۆیان پیشانی دنیا بدەن نەک تەنها داوای بەزەیی بکەن. بە کورتی، کوردەکان تەنها خەڵکێک نین کە لە شاخەکان شەڕ دەکەن، بەڵکو لە هەموو گەلانی تری ناوچەکە پێشکەوتووتر و دیموکراتیخواز ترن. وە دەبێ بەم جۆرە خۆیان پیشانی دنیا بدەن. هەموو جارێک کە سەردانی ئیستانبوڵ دەکەم، لەوێ گوێگری کوردم هەیە. دەبێ ئامانجی سەرەکی پروپاگەندەی کوردەکان بۆ گۆڕینی تێڕوانینی خۆرئاواییەکان بێت دەربارەی کورد.
چەپەکان لە ئاستی نێوەدەوڵەتیدا پشتگیرییان لە کورد نەکردووە و هەماهەنگیان لەگەڵ خەباتی کوردان نەکردووە وەک ئەوەی لەگەڵ فەلەستینیەکان و ئەمریکای لاتین کردوویانە…
کیشەکە ئیوە نین بەڵکو چەپە خۆرئاواییەکانن کە مایەی شەرمەزارین. زۆربەی چەپەکانی ئێرە لە ناو قسە سواوەکانی خۆیاندا گیان خواردووە: دژە فاشیزم و دژە ڤاتیکان، هتد… هاوڕێیەکم، سیاسەتوانێکی بۆسنی-سڕبی (ڕادۆڤان کارادزیک) نمونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی بۆ باس کردم. لە کاتی شەڕی ناوخۆیی یوگوسلاڤیا، ساراژێڤۆ لە ژێر گەمارۆی سڕبیەکاندا بوو. دەکرا ڕێڕەوێکی هاریکاری بکرێتەوە ئەگەر ئەوروپا فشارێکی کەمی دروستبکردایە، بەڵام ئەوروپا ئەو داوایەی لە سربیەکان نەکرد. ڕادۆڤان بۆ خۆی بۆی گێڕامەوە. دیسان، کاتێک کڕواتیا و سلۆڤینیا جیابوونەوە، چەپەکان دژایەتییان دەکرد. دەیانگووت: “ئێستا کاتی یەکگرتنە.” بەڵام کەتەلۆنیەکان دەیانەوێت جیا ببنەوە، چەپەکان پشتگیریان دەکەن. بە واتایەکی تر، هەندێ کەس ڕێپیدراوە جیابێتەوە، هەندێکیش نا. من لەوە تێناگەم. خۆرئاوا پشتگیری کۆسۆڤۆ و چیچانیان دەکرد، بەڵام هیچ کەسێک لە بارەی کوردەکانەوە شتێک ناڵێت. پێم وایە بۆ تێگەیشتن لەمە دەبێ دیراسەی بزوتنەوە جیۆپۆلەتیکە جیهانیەکان بکەین. وەک کوردەکانیش، پێم وایە دەبێ یاریەکی بێڕەحمانە بکەن، مەبەستم لە توندوتیژی نییە. واتە، دەبێ ئیوە هێز و جوڵەکان لەگەڵ یەکتر بەراورد بکەن و بە باشی لێیان تێبگەن.
بەڵام دەرەنجامی ئەوە هەموو کەس دەیبینێت، پەنابەران و ئاوارەکان…
من پێم وایە ئەوە گەورەترین پرسی ئەخلاقی و سیاسی ئەمەیە: سەیری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپیەکان بکە. ئەگەر گشتاندنێک بکەین، سێ جۆر وڵات هەیە: زۆر هەژار، مامناوەند، دەوڵەمەند. پەنابەران لە کوێن؟ لە وڵاتە هەژار و مامناوەندەکان… وڵاتانی وەک تورکیا و ئوردن و میصر. زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە هەریەکێک لەو وڵاتانە هەیە. ئەوروپا بە بەراورد دەوڵەمەندە، بەڵام لێرە هەندێک پەنابەری لێیە. بەڵام وڵاتە زۆر دەوڵەمەندەکانی وەک سعودیە و کوەیت و ئیماراتی عەرەبی سیاسەتی “نا بۆ پەنابەر” پەیڕەو دەکەن. ئەم وڵاتانە مافی ئەوەیان نییە بڵێن: “ببورە، ئەوە شەڕی ئێمە نییە.” سعودیە پشتیوانی لە هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا دەکات. ئەمە جێێ شەرمەزارییە. هەمووان ئامادەن ئیسرائیل پشتگوێ بخەن و گەمارۆی ئابوری و سیاسی بخەنە سەر، بەڵام چی دەربارەی فشار خستنە سەر تورکیا لەسەر ئەو سیاسەتەی بەرامبەر کوردەکان دەیکات؟ یان فشار خستنە سەر سعودیەی عەرەبی؟ جارێ سعودیە بیانووی نیە. سعودیە تەنها وڵاتێکی تەقلیدی ئیسلامی نییە، بگرە بە جۆرێک لە جۆرەکان وێنەی بانقە خۆرئاواییەکانە. بژێوی سعودیە لە بانقەکانەوە دێت، باسی دوبەی و وڵاتانی تریش ناکەم. ئەمانە تەنها دەوڵەمەند نین، بەڵکو وڵاتی سوننە نشینن. دەبوایە لە ئاستی دینی و کلتوری لە پەنابەرانەوە نزیکتر بوونایە.
کوردەکان تێڕوانینی خۆیان هەیە، مۆدێلێک بۆ ژیانی یەکسان، دیموکراتی خۆسەری…
پێم وایە لەم حاڵەتەدا کوردەکان زۆر گرنگییان هەیە. ئێستا شتێک دەڵێم کە دڵنیام زۆرکەس دژیەتی. پێم وایە پێویستە کورد ڕوویەکی تری جولەکەکان بێت لە خۆرهەڵاتی ناوەرەست-دا. کەواتە، نەک داپڵۆسەر و داگیرکار، بەڵام داینامیک و کراوەبن. هەستیاری کوردەکان دەکرێ وەک نمونە تەماشا بکرێت. ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان دەکرێ هیوایەکی گەورەبێت. مرۆڤ دەبێ واقعبین بێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیران هەیە. کوێی ناوچەکەهەیە کە ئومێدی لێبکرێت شتێکی تازەی لێ سەرهەڵبدا؟ من پێم وایە ئەوە کوردەکانن کە هیوای شتێکی تازەیان لێدەکرێت.
من هەمیشە هاوڕێ عەرەبەکانم، کە دەڵێن پشتیوانی دیموکراسین، بەم پرسیارە تاقیدەکەمەوە: ” ڕات چییە لەسەر کوردەکان؟” دەتوانی بەوە تاقیان بکەیەوە. من بە ڕاشکاوی ئەمە دەڵێم کە پێم خۆشە کوردەکان لە باشترین حاڵدا بن، وە دەمەوێ سەردانیان بکەم لە ڕۆژئاوا. بەس نازانم چۆن بچم. بەڕاستی دەمەوێ بچم. وە دواتریش دەمەوێ بچمە لای ئۆجەلان و لە دەرەوەی زیندان بیبینم.
وەک دەزانی لە ڕۆژئاوا کانتۆنیان هەیە…
لە ڕووی سیاسیەوە تا چەند چانسی مانەوەیان هەیە؟
زۆر دەستکەوتیان هەبووە تا ئێستا لە ڕووی خۆبەڕێوەبەرییەوە…
ڕەنگە دوای ماوەیەکی تر ئاشتی لەو ناوچانە بەرقەراربێت. هەرچەندە پێم وانییە کە سوریا بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزگاری لێبکریت. پێم وایە زۆر درەنگە. سوریا تەزە خۆی ناگرێت.
بەڵام لە ڕۆژئاوا کوردەکان سیستمێکیان بنیاتناوە کە هەموو ئەو خەڵکانە دەگرێتە خۆی کە پێشتر لەو ناوچانە دەژیان…
کێشەکە ئەمەیە. لە ژێر ڕژێمی بشار ئەدەد-دا، هەرچەندە ئەو دکتاتۆرە، جۆرێک لە باڵانس هەبوو لە نێوان کەمە نەتەوایەتیەکاندا. ڕاستە کە ئەسەد زیاتر خزمەتی گروپەکەی خۆی دەکرد، وە ئەمەش کێشەبوو.
ئەگەر من لە جێگەی کوردەکان بام، هەنگاوێکی ترم دەنا لە ڕووی سیسیەوە. پێم وانییە کە هەبوونی کانتۆن لە سوریا و باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بس بێت. پیویستە ڕێگە بە کانتۆنەکان بدرێت یەک بگرن. مەرج نییە دەوڵتەی سەربەخۆ، بەس پیوسیتە یەکێتییەک هەبێت لە نێوان ئەو کانتۆنانەدا.
بەڕاستی هیوای باشترین بۆ بۆ رۆژئاوا دەخوازم. وە دەمەوێ سەردانی ئەو ناوچانە بکەم. لە کانتۆنەکان زانکۆی لێیە؟ خەڵک چۆن دەتوانێت بگاتە ڕۆژئاوا؟
بەڵێ زانکۆی لێیە. دەتوانی لەڕێگەی تورکیا یان کوردستانی باشور بچی…
حکومەتی تورکیا ڕێگە دەدات؟
بەڵێ، هەرچەند پێیان خۆش نییە بەڵام ڕیگە دەدەن…
هەڵبەت، دوایی لاشەی من لەو نزیکانە دەکەوێت. گاڵتە دەکەم. بەڕاستی حەز دەکەم بچم. ئەرێ لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا دەبێ کەس هەبێ قسەکانم تەرجەمە بکا. بە واتەیکی تر، دەتوانم لەوێ بە ئینگلیزی قسە بکەم؟
پێم وانییە کیشەی زمانت هەبێ لەوێ. خەڵکی لێیە کە بە کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی، ئەرمەنی قسە دەکات…زۆربەی زمانەکان.
ئەرمەنیش؟ ئەوە زۆر باشە کەواتە هەر دەچم. ئەگەر زانکۆی لێبێت ئەوە هەر زۆر نایابە. لە تورکیاوە بە فڕۆکە دەچم. من تەمبەڵم و تاقەتی ئەوەم نیە ١٠ سەعات لە سەیارەدا بم.
*********
سلاڤۆ ژیژەک فەیلەسوفێکی سلۆڤینی، ڕەخنەگری بواری کلتور، وە ڕۆشنبیرێکی مارکسییە. لە پەیمانگای فەلسەفە و کۆمەڵناسی لە زانکۆی لیبیانا توێژەری پیشکەوتووە. پڕۆفیسۆری تایبەتی جیهانی ئەڵمانییە لە زانکۆی نیۆڕک. هەروەها بەڕێوەبەری جیهانی پەیمانگای بێربێک بۆ زانستە مۆرڤایەتییەکانە. ژیژەک لە زۆر بوار دەکۆڵێتەوە، لەوانە: فەلسەفە، تیۆری سیاسی، ڕەخنەگری فیلم، دیراساتی کلتوری، دەروونشیکاری، و ئاینناسی.
سەرچاوە: www.kurdishquestion.com