بانگه‌شه بۆ ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆبونى كوردستان و بوون به ده‌وڵه‌ت، بووه به بابه‌تێكى نوێى ململانێى حیزبى لایه‌نه سیاسییه‌كان، ئه‌و ململانێیه به دروشمى مافى گه‌ل و نیشتمان‌و كوردپه‌روه‌رى ده‌ڕازێنرێته‌وه، واتا ریفراندۆم كراوه به بابه‌تێكى نوێى كێبركێى سیاسیى لایه‌نه سیاسییه‌كان، هه‌ركه‌س‌و لایه‌نێك له‌گه‌ڵیدا نه‌بێت ئه‌وا دژى كورد و كوردستانه و ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندنى ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه.
بانگه‌شه‌كارانى ڕیفراندۆم، پرۆسه‌ى به ده‌وڵه‌ت بوونى كوردستانیان له‌م پرسیاره‌دا كورت كردۆته‌وه: (له‌گه‌ل سه‌ربه‌خۆیى كوردستانیت ؟ به‌ڵى یان نه‌خێر).
ئایا (ده‌وڵه‌تى كوردستان) به وڵامێكى یه‌ك وشه‌یى دروست ئه‌بێت؟ من ئه‌ڵێم نه‌خێر، ده‌نگده‌ریش ناچێت ده‌نگ به ده‌وڵه‌تێكى بدات نه‌زانێت شێواز و سستمى حوكمڕانى و بنه‌ما ئابوورییه‌كان و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چۆن ده‌بن تیایدا.
له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌بێت ویست و باوه‌ڕى هاوڵاتیان له میساقێكى نیشتیمانى تۆكمه‌دا خۆى ببینێته‌وه ئه‌و میساقه ناوى (ده‌وڵه‌تنامه) بێت.
ده‌وڵه‌تنامه، ئه‌و دۆكیومێنته‌یه كه هاوڵاتیانى كوردستان له‌سه‌رى ڕێكده‌كه‌ون، تیایدا بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانى ده‌وڵه‌تى یاسا‌و دادپه‌روه‌رى بڕیارى له‌سه‌ر ئه‌درێت، ئه‌بێت (هاوڵاتى – ده‌نگده‌ر) بزانێت سستمى ئه‌و ده‌وڵه‌ته كۆمارییه یان پادشایى؟ حوكمڕانى كردن تیایدا سه‌رۆكایه‌تییه یان په‌رله‌مانى؟ ئابورییه‌كه‌ى ناوى چییه؟ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چین سه‌رچاوه‌ى یاسادانان كامه‌یه؟
لێره‌وه بابه‌تى ئه‌م نوسینه ده‌بێت به دیاریكردنى سه‌رخه‌ته‌كانى بڕگه‌و به‌شه‌كان كه ئه‌بێت له دوو توێى ئه‌و ده‌وڵه‌تنامه‌یه‌دا بن :
– به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وماف و ئه‌ركى هاوڵاتى و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى دروستبونى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له ده‌وڵه‌تى كوردستاندا.
– ده‌ستوور و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و به مه‌رجه‌عیبونى یاسا له دادگاى باڵاى ده‌وڵه‌تدا.
– سستمى حوكمڕانى و زامنبونى ئاڵوگۆڕى ئاشتییانه‌ى ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماكانى ئاسایشى نیشتمانى و گشتیى له پاراستنى سه‌روه‌رى ده‌وڵه‌تى یاسا‌و دادپه‌روه‌ریدا.
– بنه‌ما ئابوورییه‌كانى ده‌وڵه‌ت و سستمى به‌كاڵاكردنى سامانه نیشتمانییه‌كان.
– په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌ویى و ناوچه‌ییه‌كانى ده‌وڵه‌ت و چۆنیه‌تى به‌كارهێنانى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى داهاتوى هاوڵاتى كوردستان.
– ئاینده‌بینى بۆ سه‌رخستن و به‌ره‌وپێشبردنى ده‌وڵه‌ت كوردستان له داهاتودا.
له هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه چۆن له‌و ده‌وڵه‌تنامه‌یه‌دا هاوڵاتى گه‌وره‌تر بكرێت له حیزب، چۆن ده‌سه‌ڵات بۆ گه‌ل بێت نه‌ك بۆ تاكه‌كان، چۆن سامانى گشتى بۆ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه بێت نه‌ك بۆ كۆمپانیاى بیانى.
ده‌وڵه‌تنامه، دۆكیومێنتێكى نیشتمانییه، هاوڵاتیانى كوردستان له‌سه‌رى ڕێكده‌كه‌ون تیایدا كات و شێوازى ده‌نگدان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیى و بوون و به ده‌وڵه‌تكردنى كوردستان دیارى ده‌كه‌ن هه‌روه‌ها كاتى دەنگدان له‌سه‌ر ده‌ستوور و كاتى هه‌ڵبژاردنى یه‌كه‌م په‌رله‌مانى ئه‌و ده‌وڵه‌ته په‌سه‌ند ئه‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم له‌سه‌ر بڕگه‌و بابه‌ته‌كانى ده‌وڵتنامه رێكده‌خرێت، ئه‌وا من كه‌سێكم ده‌نگ ئه‌ده‌م و هانى ده‌وروپشته‌كه‌شم ئه‌ده‌م بۆ ده‌نگدان، ئه‌گه‌ر نا، ڕیفراندۆم بۆ وڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێك بێت به (به‌ڵى) یان (نه‌خێر)، ئه‌وا به بێ دوو دڵى من ناچم بۆ ده‌نگدان.
ده‌وڵه‌تى كوردستان ئه‌بێت ده‌وڵه‌تى یاسا و دادپه‌روه‌رى بێت، به ڕێكه‌وتنێكى هه‌مه لایه‌نه‌ى سیاسى و یاسایى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى دروست بكرێت.
سمكۆ ئه‌سعه‌د ئه‌دهه‌م