ئومیت کیڤانج
لە ئینگلیزییەوە: ئاراز ئەحمەد محەمەد
تورکیا نەتەوەیەکە کە لە حاڵەتی نکۆڵی کردندایە لەڕاستییەکان.
سەرکردە سیاسییەکانی تورکیا و دانیشتوانەکەی سەبارەت بە بەرخۆدانی کورد بۆ ئازادی نابینان هەروەک لەمەوبەریش هەروا کوێر بون. ئەمەش لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژویی ناسەقامگیری ئەو وڵاتەدا هەڵدەداتەوە.
یەکێک لە خەسڵەتە جیاکراوەکانی دانیشتوانە زۆرینە سونییەکەی تورکیا ئەوەیە کە شەیدای بازدانن (تەراتێنن). تەراتێنکردنی هەنگاوێک بۆ پێشەوە لەو شوێنەی کە پێویستە لێی بن، یان بازدانە بەسەر ئەو پەرەگرافەی کە پێویستە بیخوێننەوە، یانیش تەراتێنکردنە بەسەر ئەو کێشەیەی کە پێویستە رەچاوی بکەن یان ئەو ئاریشە مێژوییەی کە پێویستە لە ئێستادا بە هەند وەری بگرن.
تورکیا بۆ نمونە ناتوانێت خۆیی بدات لە قەرەی باسکردنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان. چونکە هیچ گونجاو نییە باس لە ماوەیەک بکرێت کە تیایدا پلان و ئەنجامدانی جینۆسایدەکە رویداوە. تورکیا هەمیشە تەراتێن دەکات بۆ هەنگاوی دواتر، چونکە تەنها لە هەنگاوی دواتردا دەتوانرێت کردەی تۆڵەیی ئەرمەنەکان بدۆزرێتەوە. تورکیا بەوە دانیشتوانەکەی گۆش دەکات کە قەسابخانە ئەنجام بدات و خەڵک لە نیشتیمانی خۆی شاربەدەر بکات بە وتنی “بەڵام، بەڵام…” و پاشانیش باس لە “چەتەی ئەرمەنی” و رەفتارەکانیان بکات. هەرچۆنێک بێت، تورکیا خۆی ئەبوێرێت لەوەیی ئاخۆ چۆن یان بۆچی لە بنەڕەتدا ئەو چەتانە دروست بون.
وتارەکەم بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەستپێکرد، چونکە پێموایە مشتوماڵکردنی کێشەی کورد لەو مەسەلەیە بە دور نییە. لەڕاستیدا، پێموایە هیچ کێشەیەک بە بێ تێگەیشتن لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان نابێت. ئەمە شێوازی نەتەوەی ئێمەیە (دیارە نوسەر خۆی تورکە).
لەمەڕ کێشەی کورد لە تورکیادا، پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە پلەی دوەمدا دێت. ئەمە ئەو رێگایەیە کە حکومەتی تورکیا و زۆرینەی دانیشوانی تورکیا دەیانەوێت مامەڵەی پێبکەن لەگەڵ کەمەیاتییە چەوسێنراوەکانی تورکیا. چونکە پەکەکە کوشتن بە بەشێک لە سیاسەت دادەنێت. پەکەکە خەڵک دەکوژێت و هەندێک کاری تر ئەنجام دەدات کە پشتیوانانی هاونیشتمانی یەکسان و چالاکەوانانی مەدەنی داکۆکیکار لە مافی کورد بە کارێکی نەشیاوی دەزانن.
نکۆڵی کردن لە ڕاستییەکان
بەڵام زۆرینەی ئەوانەی کە کوێرانە بۆچونی دژە کوردیان هەیە یان شکستیان هێناوە لەوەی رەچاوی ئەو راستییە بکەن کە باڵێکی چەکداری کورد هەیە، یان نایانەوێت راستی قبوڵ بکەن. ئەو تورکانە ئەگەر لەو راستییە تێبگەیشتنایە، ئەوا هەوڵی چارەسەرێکیان بۆ دەدا. ئەو تورکانە دەبێت ژیان بە هاوبەشی لەگەڵ کوردەکان بکەن لە تورکیا وەک هاونیشتیمانییەکی یەکسان، ئەمەش ئەو بیرۆکەیەیە کە تورکەکان هەراسان دەکات. سونەی زۆرینەیی تورکیا نایانەوێت هەژمونی خۆیان لە دەست بدەن.
ئەو راستییە ناپەسەندکراوانە کامانەن کە وادەکات تورکیا تەراتێن بکات؟
یەکەم: ئەوەیە کە کوردەکان لە تورکیا چەوسێنراونەتەوە. بۆچی دەبێت کورد بچەوسێنرێتەوە؟ بۆچی دەبێت ئەم بارودۆخە قبوڵ نەکرێت؟ زۆرینەی تورکەکان وەڵامیان لا نییە. هەروەها دەوڵەتیش وەڵامی لا نییە. “بەم شێوەیەیە. کورد دەچەوسێنرێتەوە. ئەیی باشە کێ بچەوسێنرێتەوە ئەگەر کورد نەبێت؟”
دوەم: زۆرینەیی کوردەکان پەکەکە بە “ڕێکخراوی چەکداری کورد” دادەنێن. جۆرە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان کورد و پەکەکەدا ناتوانرێت ببچڕێنرێت تەنها بە قسەکردن لەبارەیی تاوان و خراپەکارییەکانی پەکەکەوە، هەرچەند ئەو رەخنانەی دەگیرێن توانای پاساودانەوەیان هەبێت هەر ئەو پەیوەندییە ناپچڕێت. زۆرینەی تورکەکان و دەوڵەتی تورکیاش گوندەکانی کوردەکانیان سوتاندوە، هەر ئەمەشە وا دەکات کە کوردەکان قەناعەت پێبکات کە پێویستە باڵێکی چەکداریان هەبێت.
ئایا سنورم تێپەڕاندوە؟ ببورن ئەگەر جارێکی تریش بگەڕێمەوە سەر جینۆسیادی ئەرمەنەکان. یادەوەرییەکانی ئەو جینۆسایدە هانی خەڵکی ترسێنراو و ستەملێکراو دەدات کە کاریی لە پێشەنەیان ئەوەبێت چۆن رزگاریان بێت. زۆرینەیی ئەو ئەرمەنیانەیی لەو جینۆسایدە رزگاریان بوە خەڵکی ئەو ناوچانەن کە توانیویانە خۆیان چەکدار بکەن و بەرگری لە خۆیان بکەن.
ئایا کوردەکان، کە لەو سەردەمە پاڵپشتی تورکیای ستەمکار بون، دەتوانن ئەوە لە بیر بکەن؟ ئەیی باشە ڕەفتاری تورکیا سەبارەت بە کۆبانێ، گرێ سپی و کارابلوس چی بە کوردەکان دەڵێت؟ پەیامەکە ڕونە: “ئێمە وەک تورک دەتوانین بتانکوژین لەپێناوی بەرژەوەندی خۆتاندا. ئێمە وەک تورک دەتوانین خۆمان کوێر بکەین بەرامبەر بە ڕفاندنی مێینەکانتان و وەک کۆیلە بفرۆشرێن. ئێمە وەک تورک دەتوانین زەوییەکانتان داگیر بکەین”. بۆ هەرکەسێک کە گومانی لەڕاستی ئەم قسانە هەیە، دەتوانێت گرتەیەک لەسەر ئەم لینکە بکات.
ئەو دڕندەیەی کە تورکیا خۆی دروستیکردوە
کوردەکان لەو باوەڕەدان کە پێویستی هەبونی هێزی چەکدار ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرەنجامی ڕەفتاری دەوڵەتی تورکیا و دانیشتوانی زۆرینە سونی تورکیایەوە هەیە بەشێوەیەکی گشتی. چونکە زۆربەیی ئەو کوردانەیی کە ویستویانە گۆڕانکاری بکەن لەڕێگایی سیاسەتەوە یان ئەوەتا بریندار کراون یان ئەوەتا مردون یان لە زینداندان.
سوتاندنی گوندەکان و دارستانەکان ڕێگایەکی گرنگی دەوڵەتی تورکیا بو لە ساڵانی ١٩٩٠ دا بۆ بەرپەرچدانەوەیی گەرێلا. ئەم ڕێگایی سوتاندنە بوە بە هۆکاری ئەوەیی کە پەکەکە تەنها چەند هەزار چەکدارێکی دەست بکەوێت. ئەم سوتاندنی گوند و دارستانانە بوە هۆکاری کۆچی نێوخۆیی لە تورکیا و پاشانیش دروست بونی نەوەیەکی هەژار و توڕە لە شارەکاندا. ئەو پەیامەیی کە لە حکومەتی تورکیاوە دێت ئەمەیە: “دەتوانم گوندەکانتان بسوتێنم. دەتوانم دارستانەکانتان بسوتێنم. دەتوانم مەڕوماڵاتەکانتان لەناوبەرم. ئێوە ناتوانن نوتق بکەن. ئێوە دەبێت بڕۆن بۆ شوێنە پیس و قەرەباڵغەکانی شار و ببن بە سواڵکەر و دەستگێڕ و کۆڵکیش.” کوردەکان وایان بە باشترزانی دەنگ هەڵبڕن. ئایا بۆ دەبێت ئەوە زۆر نامۆ بێت، یان بۆ دەبێت چاوەڕوان نەکراو بێت؟
لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا و دوای هەڵبژاردنەکەی مانگی شەشی ٢٠١٥ کە پارتێکی رێگەپێدراوی سیاسی کوردی ئەوەندە دەنگی بەدەستهێنا هەشتا کورسییەک لە پەرلەماندا مسۆگەر بکات، هەربۆیە زۆرینەیی خەڵک و دەوڵەتی تورکیش بەشێوەیەکی گاریگەرانە دەڵێن، “گرنگ نییە پارتە کوردییەکەیی ئێوە لە پارتێکی لۆکاڵییەوە بو بە بزوتنەوەیەکی دەوڵەتی. گرنگە نییە ئێوەیی کورد بەربەستی هەڵبژاردنتان تێپەڕاند و توانیتان بڕۆنە پەرلەمانەوە. ئەمە مانایی نیە و ڕێگایەکە کە بەڵێنی داهاتویەکی ئاشتیانە نییە بۆ وڵاتەکە. هیچ ڕێگایەکی سیاسی ئاشتیخوازانە بۆ ئێوەی کورد نییە. هیچ جۆرە ئاشتییەک لە گوند و شارەکانتاندا نایەتە دی. هیچ مافێکی ژیانتان نییە هەتاوەکو نەکەونە سەر ئەژنۆ.”
لە سەروبەندی پرۆسەیی ئاشتیدا هەرچەندە جێگایی ئومێد بو بۆ کوردەکان سەرەڕایی ئەو هەمو ماڵوێرانییە، دەوڵەت سەرقاڵی پێشاندانی هەگبەیی خویی بو بە قایمکردنی پۆستە سەربازییەکانی (کالیکۆل). بنیاتنانی ئەو پۆستە سەربازییانە وەک تەختەیی ئاگاداری هاواریان دەکرد بۆ کوردەکان بەوەیی، “ئێمەی تورک لە یەکەم دەرفەتدا چۆکتان پێدادەنێن.”
حکومەتی تورکیا دەنگدانە پەرلەمانییەکەیی مانگی شەشی هەڵوەشاندەوە سەرقاڵی هەڵبژاردنی نوێیە، لەو هەڵبژاردنەدا کوردەکان توانیان هەشتا کوردی بە دەست بهێنن. ئەم هەڵبژاردنە دوەم دەرفەتە بۆ سەرکردەکانی وڵاتی تورکیا هەتاوەکو بتوانن دەنگی زۆرینە بە دەست بهێنن. ئاگربەستەکەیی مانگی شەش هەرەسی هێنا و حکومەتی تورکیا شەڕی دژ بە کوردەکان جاڕدا، سەرکردەکانی پەکەکەش ئەوەیان قبوڵ کرد و دەستیانە دایە شەڕ دەستبەجێ و بەخۆشحاڵییەوە.
لە کۆتایدا، با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا و پرسیارێک بکەینەوە کە رەنگە گەمژانەش بێت. بەڵام ئەگەر پرسیار نەکەین رەنگە گەمژانەتر بێت. بۆچی پەکەکە هەیە؟ بۆچی کورد ئارەزومەندانە ئامادەن قوربانی بدەن بە ژیانیان، بە منداڵیان و بەسەروەت و سامانیان لەپێناوی ئازادیدا؟ دەبێت ئەو پرسیارەش بکەین لە ٢٠١٥ و دوای ٣٥ ساڵ و زیاد لە ٤٠٠٠٠ هەزار قوربانی ئینجا بگەینە بنەڕەتی کێشەکە.
سەرچاوە: ۆڵد کرەنچ