ترپەی دڵی حەسەن خێراتر بوو، هەناسەی بەرەو تەنگ بون دەڕۆیشت كاتێك شتێكی نوێی لەیەكێك لەئەكاونتەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بینی، ئەوەش تایبەت بوو بەهەواڵەكانی نێو شارەكەی (موسڵ) كە لەساڵی رابردوەوە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنتڕۆڵكراوە.
حەسەن كە پێیباش بوو ناوی خوازراو بەكاربهێنێت، ماوەی دو رۆژی لەگرتوخانەكانی موسڵ بەسەر بردوە كە لەژێر دەستی داعشدا بوە، بەرلەوەی ئازادبكرێتو لەو شارە هەڵبێت، ئەو لەماوەی 13 مانگی دوای هەڵاتنی عەوداڵی هەواڵێك بوە دەربارەی چارەنوسی باوكی كە لەگەڵ خۆیدا لەلایەن داعشەوە زیندانیكراوە، تا ئەوكاتەی لەسەر تۆڕەكەی فەیسبوك ئاماژە بەوەكراوە كە داعش لیستێكی دو هەزارو 70 ناوی كوژراوانی دەستی لەموسڵ بڵاوكردۆتەوە.
دانیشتوانی شاری موسڵ روبەڕوی سزای توند دەبنەوە لەلایەن داعشەوە، كە لەجگەرەكێشانو سەیركردنی یاری فوتبۆڵەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە زیناو هاوڕەگەزبازی كە سزاكانیان تا كوشتنیش دەڕوات.
حەسەن پێشتر هەواڵی جیاوازو دژبەیەكی بیستبو لەسەر چارەنوسی باوكی، كە هەمیشە ئومێدی ئەوەی دەخوازی هێشتا لەژیاندا بێت، بەڵام ئەو بەگومانە لەمانی باوكی لەسایەی دەسەڵاتی ئەو گروپە توندڕەوەو یاساكانیاندا، بۆیە سەیركردنی ناوەكانی ئەو لیستە دواهیوای ئەو بوو بۆ ئەوەی بگاتە هەواڵێكی یەكلاییكەرەوە سەبارەت بەباوكی.
لەموسڵدا هەزاران كەس هەن كە ونبونو چارەنوسیان نازانرێت، كاتێك داعش دەستگیریكردونو راپێچی زیندانەكانی كردون لەوشارە، هیچ كەسێك لەدەرەوەی ئەو گروپەش هیچ زانیاریەكی لانیە لەسەر چارەنوسیان.
ئەوە یەكەمجارە داعش لیستی كوژاروەكانی دەستی لەموسڵ بڵاوبكاتەوە كە بەلیستی مەرگ ناودەبرێت، لەسەر دیواری ئەو دەزگایانە هەڵیواسیوە كە بەپۆلیسی ئیسلامی ناودەبرێن.
لەگەڵ هەڵواسینی ئەو ناوانەدا، دانیشتوانی موسڵ بەرەو خوێندەوەیان رایان كرد، بۆ ئەوەی بەدوای چارەنوسی خزمو كەسە نزیكەكانیاندا بگەڕێن كە بێسەروشوێنن.
عومەر جەرجیس، ناوی خوزراوی یەكێك لەو هاوڵاتیانەی موسڵە كە ماڵەكەی نزیكە لەبنكەیەكی پۆلیسی “ئیسلامی” رۆژهەڵاتی شارەكەوە، ئەو دەڵێت “دەیان كەس لەدەوری ئەو بنكەیە كۆبونەوە، بۆ ئەوەی بەدوای ناوی كوڕو خزمو كەسوكاریاندا بگەڕێن، روخسازی زۆربەیان دودڵیو نائارامی پێوە دیاربو، بەشێكیان بەگریانەوە شوێنەكەیان بەجێهێشتو بەشێك لەژنەكانیش دەستیانكرد بە لەخۆدانو لاواندنەوە بۆ كەسوكارە كوژراوەكانیان”.
لەگەڵ نزیكبونەوەی ئەو هاوڵاتیانە لەو دیوارەی لیستی ناوەكانی پێدا هەڵواسرابوو، چەكدارانی داعش دەستیانكرد بەپشكنینیانو دەستیشیان بەسەر ئامێری مۆبایلەكانیاندا گرت، رێیان پێنەدان وێنەی لیستی ناوەكان بگرن تا سەرجەم خێزانی ئەو كوژراوانە ناچاربن بچنە ئەو شوێنە.
جەرجیس دەڵێت “داعشەكان بەرودی چاودێری كاردانەوەی كەسوكاری قوربانیەكانیان دەكردو هەر كەسێكیش ناوی كەسوكارەكەی لەنێو كوژراوەكاندا هەبوایە نەیدەتوانی بەزمان هێرشبكاتە سەر هیچ كەسێك، چونكە دەیزانی كە بكەری ئەو كارە داعشنو كارێكی واش روبەڕوی سزای توندی ئەو گروپەیان دەكاتەوە”.
“یەكێك لەپیاوەكان دەستی خستبوە سەردەمی ژنێك تا رێگری بكات لەوەی هیچ شتێك بڵێت، بەڵام كاتێك چونە ئۆتۆمبێلەكەیانەوە ژنەكە دەستیكرد بەجنێودان”، ئەوەش بەپێی گێڕانەوەكەی جەرجیس.
ئەو ناوانەی لەو لیستەدا بون، ئەوانە بون كە پێشتر داعش دەستگیریكردبونو دواتر دادگاییكرابون لەلایەن ئەو گروپەوە، زۆربەیان لەچوار مانگی یەكەمی كۆنتڕۆڵكردنی موسڵدا دەستیگركرابون لەلایەن داعشەوە.
ناوەكان زۆربەی چینو توێژو رەگەزەكانی تێدابو، بەشێكیشیان پێشتر بەرپرسیارێتی حكومیان هەبوە وەك كارمەندی پۆلیس، سوپا، سیاسەتمەدار، پاڵێوراوی پێشوی هەڵبژاردنەكانو رۆژنامەنوسو تەنانەت پیاوانی ئاینیش كە رەتیانكردۆتەوە پاڵپشتی داعش بكەن.
ئەو لیستە 2070 كەسیە ئاماژەیە بۆ زیادبونی رێژەی قوربانیەكانی دەستی داعش، بەبێ ئەوەی گۆڕەكانیشیان دیاربێت كە زۆربەیان بەكۆمەڵ لەباشوری موسڵ دەخرێنە چاڵەوە، بەشێك لەتەرمەكانی تریش یان دەسوتێنرێن یان دەتەقێندرێنەوە تا هیچ ئاسەوارێكیان نەمێنێت.
ئەبو سامر، دانیشتوی موسڵە، هەمیشە هیوای بەوە دەخواست بۆ جارێك كوڕە گەنجەكەی ببینێت بەرلەوەی ژیان جێبهێڵێت، كە لەلایەن داعشەوە دەستگیركرابو بەهۆی نارەزایی دەربڕین لەدژی ئەو گروپە.
ئەبو سامر دەڵێت “هەمیشە پرسیارم لەچەكدارێكی داعش دەكرد سەبارەت بەچارەنوسی كوڕەكەمو پێیدەوتم لەژیاندا ماوە”.
ئەبو سامر ناوی كوڕەكەی لەنێو كوژراوانی ئەو لیستەدا دۆزیەوەو دەستبەجێ چوو بۆ لای ئەو چەكدارەی هەمیشە پرسیاری كوڕەكەی لێدەكرد، پێیوت بۆ درۆت لەگەڵدا كردوم، ئەویش بەگاڵتەجاریەوە وەڵامیدایەوە “پێتانوایە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئوتێل دابین دەكات بۆ گومڕاكان”.
رەهەندێكی تری ئەو نەهامەتیە ئەوەیە، سەرجەم ئەو كەسانەی لەو لیستە كۆبونەوە دڵنیا نەبون لەچارەنوسی كەسوكارەكانیانو ناوی سەرجەم قوربانیەكانیشی تێدا نەبوە، كەسانێكی زۆر هەن كە چارەنوسیان نادیارە.
لەنێو موسڵدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە كە بەمنزیكانە داعش لیستێكی 570 كەسی تری مەرگ لەوشارە ئاشكرادەكات.
یەكێك لەپزیشكەكانی موسڵ كە بەمدواییە لەو شارە هەڵاتوە، دەڵێت نەخۆشخانەكان پڕ بون لەتەرمی قوربانی دەستی داعش، وتیشی “لەشوێنی پاراستنی هەر تەرمێكدا لەنەخۆشخانەكاندا لانیكەم دو بۆ سێ تەرمی تێخزێنراوە”.
داعش ناوچەی خەسفەی باشوری موسڵ بەكاردەهێنێت بۆ سەرنگومكردنی تەرمی قوربانیانی دەستی.
حەسەن، ناچاربوو داوا لەخزمێكی بكات لەناو شاری موسڵ بۆ ئەوەی لەلیستەكانی مەرگی هەڵواسراو لەوشارەدا بەدوای ناوی باوكیدا بگەڕێت، لەدوای سێ رۆژ ئەو خزمەی وەڵامی دایەوەو پێیوت “ناوی باوكتی تێدایە”.
خێزانەكەی حەسەن لەدهۆك پرسەیان بۆ باوكیان دانا، بەڵام هێشتا عەوداڵی ئەوەن بزان، تەرمی باوكیان لەكوێیەو چۆن نێژراوە.
سەرچاوە: رۆژنامەی دەیلی بێست