بۆ عێراقییەكان ساڵی 2017 یەكێك بوو لەشیرینترین ئەو ساڵانەی تێیانپەڕاند، سەرەڕای شەڕی سەختو ماڵوێرانی، بەڵام دواجار سەركەوتن بەسەر داعشدا هیوای بەساڵی نوێ بەخشی.
گرنگترین ئەو رووداوانەی لەبواری سیاسیو ئەمنیو ئابوریو كۆمەڵایەتیدا لەساڵی 2017 روویاندا، لێرەدا “نیقاش” دەیانخاتە روو:
تەقینەوەی خوێناوی
رۆژی 1ی كانوونی دووەم، عێراقییەكان بەزنجیرەیەك تەقینەوەی خوێناوی پێشوازییان لەساڵی نوێ كرد كە بەغدای پایتەختو نەجەف سامەرای گرتەوەو بەسەدان كەس لەنێو بریندارو كوژراودا بوونە قوربانی، پشكی شاری سەدری شیعەنشینیش لەناو بەغدا لەهەموویان گەورەتر بوو، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە هێزە عێراقییەكان سەرقاڵبوون بەشەڕی موسڵەوەو ئەو كاتیش مشتومڕی ئەوە هاتە ئاراوە كە ئاخۆ توندڕەوان چەندە دەتوانن كردە تیرۆریستییەكانیان ئەنجام بدەن لەكاتێكدا هەڵمەتێكی بەرفراوانی سەربازی لەدژیان دەستی پێكردووە.
سەرۆكی فەرەنسا لەبەغداو هەولێر
تەنیا دوای رۆژێك لەتەقینەوەكان، فرانسوا ئۆڵاندی سەرۆكی پێشووی فەرەنسا لەسەردانێكی رانەگەیەندراودا گەیشتە بەغداو چاوی بەفوئاد مەعسومی سەرەك كۆمارو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانو سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان كەوت، پاش ئەوەش چووە هەولێرو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، سەردانەكە بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتییەكانی فەرەنساو ئەوروپا بوو بۆ عێراق لەشەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سوپای فەرەنساش لەرێی تۆپهاوێژەكانیەوە لەپاڵ سوپای ئەمەریكا بەشداری شەڕی تیرۆری كرد، ئۆلان لەكاتی سەردانەكەیدا وتی “بەشداریكردن لەئاوەدانكردنەوەی عێراقدا هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی داعش هێرشی تیرۆریستی نەكاتە سەر خاكەكەمان”
زیقارو موسڵ هاوسەرگیری دەكەن
لە 25ی كانوونی دووەمو لەو كاتەی شەڕێكی قورس لەموسڵ بەڕێوەدەچوو، پەیوەندییەكی خۆشەویستی لەنێوان فەهد رەباح سەربازی هێزی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو كچێكی موسڵی دروستبوو، سەرەنجام گەیشتە هاوسەرگیری، ئەمە لەكاتێكدا بوو، كە یەكەیە سەربازییەكەی فەهد گەڕەكی زەهرای لای چەپی موسڵی ئازادكردو داعش چەند هێرشێكی كرد بۆ داگیركردنەوەی ناوچەكەو ترسێكی زۆری لەدڵی خەڵكیدا دروستكرد، دوای چەند رۆژێك خەڵكی ناوچەكەو هێزە ئەمنییەكان پەیوەندییان بەهێزبوو بۆ رێگرتن لەگەڕانەوەی داعش، ئەوكات فەهد كچە موسڵییەكەی ناسیو بڕیاریاندا هاوسەرگیری بكەن، ئەم رووداوە بۆ چەند هەفتەیەك عێراقییەكانی سەرقاڵكرد، دواتر هەر لەو شەڕانەدا فەهد بەسەختی برینداربوو، بەهۆیەوە قاچی چەپی بڕایەوە.
سعودییە لەبەغدا
لە 25ی شوبات عادل جبێر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودییە گەیشتە بەغدا، ئەمەش یەكەمین سەردانی بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە بوو لەساڵی 1990ەوە، لەرێیەوە قۆناغێكی نوێی دیبلۆماسی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ناكۆكەدا دروست بوو، لەساڵی 2003وە، سعودییە وەها مامەڵەی لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق دەكرد كە لایەنداری ئێراننو عێراقییەكانیش سعودییەیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە پاڵپشتی گروپە تیرۆریستییەكان دەكات، سەردانەكەی جبێر بەدوای خۆیدا جموجۆڵی وەفدی دیبلۆماسیو ئابوریو وەرزشی هێنا.
یاریی نێودەوڵەتی لەیاریگاكانی عێراق
رۆژی 9ی ئایار عێراقییەكان هەواڵێكی خۆشیان بیست، پاش ئەوەی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) لەپاش چواردە ساڵ، ئابڵوقەی سەر یاریگاكانی عێراقی لابرد، هەرچەندە بڕیارەكە تەنیا یەك یاریی دۆستانەی دەگرتەوە، بەڵام خەڵكی دڵخۆشكردو وەك هەنگاوێكی گرنگیان بینی.
ئازادكردنی موسڵ
رۆژی 10ی تەمموز حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیران بەشێوەیەكی فەرمی ئازادكردنی موسڵی لەدەست داعش راگەیاند پاش شەڕێكی درێژخایەنی نۆ مانگە، بەهۆیەوە هێزە ئەمنییەكان زیانێكی گەورەیان پێگەیشتو بەهەزاران هاوڵاتی لەنێو كوژراوو برینداردا بوونو بەشێكی سەرەكی شارەكە كاولبوو.
موقتەدا سەدر لەریاز
رۆژی 30 تەمموز موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر سەردانێكی مێژووی بۆ سعودییە ئەنجامداو تیایدا چاوی بە محەمەد بن سلێمانی جێنشنی پادشای ئەو وڵاتە كەوت، ئەم سەردانە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، بەشێك دژو بەشێكی دیكە لەگەڵیدا بوون.
ئەستێرەكانی جیهان لەبەسرە
رۆژی 9ی ئەیلول، پارێزگای بەسرە رووداوێكی مێژووی تیایدا روویدا، كاتێك یارییەكی دۆستانە لەنێوان هەڵبژاردەی ئەستێرەكانی عێراقو ئەستێرەكانی جیهان بەڕێوەچوو، لەوانە ریڤاڵدۆی بەرازیلیو زانێتی ئەرژەنتینیو سەلگادۆی ئیسپانیو ماتێرازی ئیتالیو كلایڤێرتی هۆڵەندی.
كۆچی دوایی تاڵەبانی
رۆژی 3ی تشرینی یەكەم جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق پاش پێنج ساڵ نەخۆشی لەنەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد، لەمەراسیمی بەخاك سپاردنیدا دەیان كەسایەتی سیاسی ناوخۆییو جیهانی ئامادە بوون، تاڵەبانی یەكەم سەرۆك كۆماری كورد بوو لەمێژووی عێراقدا.
بومەلەرزە عێراقی گرتەوە
رۆژی 13ی تشرینی دووەم بومەلەرزەیەك بەگوڕی 7.2 پلەی رێختەر عێراقی گرتەوە، هەرچەندە بومەلەرزە هەموو پارێزگاكانی هەژاند، بەڵام زیانمەندی یەكەم پارێزگای سلێمانی بوو كە بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەستداو ماڵو حاڵیان وێران بوو.
بەشوودانی كچانی منداڵ
رۆژی 30 تشرینی یەكەم، پەرلەمانی عێراقی بڕیاریدا لەسەر یاسایەك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتیو گۆڕینی بەیاسایەكی تر كە رێگە دەدات كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بەشوو بدرێن، ئەمەش توڕەییەكی زۆری لەعێراقدا لێكەوتەوەو چالاكوانان خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا تا ئەوەی پەرلەمانیان ناچاركرد هەمواركردنەوەكە دوا بخات بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.
سەركەوتن بەسەر داعشدا
رۆژی 9ی كانوونی یەكەم یەكێكە لەو رۆژانەی لەبیرو هۆشی عێراقییەكاندا دەمێنێتەوە، چونكە لەو رۆژەدا حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیران سەركەوتنی یەكجاری بەسەر داعشو ئازادكردنی هەموو شارەكانی عێراقی راگەیاند، خەڵكی بۆ ئاهەنگ گێڕان رژانە سەر شەقامەكانو سوپا نمایشی سەربازی ئەنجامدا.
سیستانی داوای كۆنترۆڵكردنی گروپە شیعەكان دەكات
رۆژی 15ی كانوونی یەكەم عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە داوایكرد حەشدی شەعبی تێكەڵی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەكان بكرێتو بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتەوە، فەرماندەكانی سەر بەسیستانی پابەندبوونیان بەو بڕیارەوە راگەیاند، بەڵام هەندێ لەگروپەكانی سەر بەئێران ئامادە نین پابەند بن پێیەوە، ئەمەش ئاستەنگی سەرەكی بەردەم حكومەتی عێراقی دەبێت لەچەند مانگی داهاتوودا.
هەواڵی درۆینە
ساڵی 2017 چەندین هەواڵی درۆینە لەمیدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەوە، زۆربەی ئەم هەواڵانەش لەپاش شەڕو ناكۆكییەكانەوە هاتن، هەواڵەكانیش بۆخۆیان بەشێك بوون لەو هۆكارانەی ناكۆكییەكانیان گڕ دەدا.