پاش روخاندی رژێمی دیکتاتۆری فاشیی بەغداو داگیرکردنی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوەو دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانی لەسەر بنەمای(مەزهەبیو تیرەییو نەتەوەیی) کە لەلایەن حاکمی رەهای ئەوکاتەی ئێراقەوە(پۆل بریمەر) بەڕێوەدەبرا! سەرەتای ئەو پێکهاتەیەش، لەڕێگەی دیموکراتیی سازان الدیمقراگیه (Consesus democracy) التوافقیه کە دامەزرێنەرەکەیشی، فرەزانی هۆڵەندیو دانیشتوی ئەمریکا، (هەوڵدەدەین لەداهاتودا چاکیو خراپیەکەی بخەینە پێش چاوی خوێنەران) بۆ یەکەمجاریش لەئێراق پەیڕەوکراو لەلایەن پێکهاتە سیاسیەکانەوە پەسندکرا! لە ئەنجامی پیادەکردنی پڕۆژە سیاسیەکەدا رۆژ لەدوای رۆژ دەرکەوت کە هەر حزبێک خەمی بەرژەوەندیی حزب و تیرەو تاقم و دەستوپێوەندەکەی خۆیەتی لەسەر حیسابی رەنج و بەتاڵانبردنی ماڵی گشت وهەموان و بە هەژارکردنیان و زەلیلکردنیان، بەم شێوەیە پڕۆسە سیاسیەکە بەردەوامبوو، بێئەوەی پێشڕەوێکی دڵسۆز دەرکەوێت و داکۆکیکاربن لە قوتی هاوڵاتیان و مافەکانیان و، ئەمەیشئەوە دەسەلمێنی کە هەر لەسەرەتای پێکهێنانی پێکهاتەکانەوە بە نادروستی پێکهات، کە تەنیا نوێنەری خۆیان و بەرژەوەندیەکانیانن و بەس، لەلایەکیکەیشەوە بەتاڵانبردنی سەرمایەی وڵات کە بەشێوەیەکی سەرەکیش دەستتێکەڵاوکردنیان لەگەڵ کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکانی جیهان و مافیاکانی وڵاتانی دەوروبەرو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، لەسەرحیسابی مافە سەرەکیەکانی بەهاوڵاتیبوونیان و کەرامەتیان، لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە
چەوتەو تێکچونی پێکهاتەی کۆمەڵ و پاکتاوکردنی چینی ناوەند، دروستبوونی چین و توێژی مشەخۆرو گەندەڵ، لە لایەک و لەلایەکیکەیشەوە چینێکی زۆری هەژاران و بێکاران لە لاوان و گەنجان وئافرەتان و هەموو کارگوزاران سوپایەکی بێشومار کە رۆژ لە دوای رۆژ ریزەکانیان زیاتردەبوون، لەولایشەوە کەمایەتیەکی حزبیی یارییان بە قوت و چارەنوسی زۆربەی کۆمەڵ دەکردو روبەڕوی دەردی هەژاری و سەختیی ژیانیان دەکردنەوە، هەر بۆیە لەوبارودۆخە تاریکەدا، قۆناغ و سەختیی ژیان و بێکەرامەتی بەرانبەر هاوڵاتیانکرا. ئەوەی خواست، جەماوەر لەسەرەتاوە، خۆی رێکخست و دروشمەکانی لەسەر بنەمای کارەباو بێکاری و، ئازادی و دەوڵەتی دیموکراسی، دادی کۆمەڵایەتی، درەوشایەوەو رێگەی شەقامیان گرتەبەر بە شێوەیەکی زۆر شارستانیانە، قورساییەکەیشیان فشارێکی سەنگداربو کە عەرشی حوکمەتی هەژاندو، بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکانیان پەسەندکردوەو هەنگاوی جیدی بۆ دەنێن، داواکانیش ئەمانەن:
١- پێکهێنانی دەستەیەک لە دادوەرانی شارەزاو پاک.
٢- سزادانی گەندەڵکاران و دادگاییکردنیان لەلایەن دادگاوە.
٣- گێڕانەوەی سامانی دزراوی وڵات بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
٤- پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات کە لە خزمەتی گەلدا کاربکەن.
٥- لابردنی هەموو پلەو پایە بەرزەکانی کاربەدەستانی وڵات هەر لە لابردنی برێکارەکانی(سەرەک کۆمارو پەرلەمان و سەرەکوەزیران و، هەموو برێکارەکانی خوارو نەهێشتنی راوێژو راوێژکاران، کە بە لێشاو ماڵی گشتی بەتاڵاندەبەن لەسەر حیسابی ملیۆنان هاوڵاتی و زۆر داوایکەیش کە داوای رەوان.
بێگومان ئەو بارودۆخەیش لەئێراقی بەشە عەرەبیەکەیدا گوزەردەکات. لە کوردستانیشدا روی لەیەکچوونی زۆر نزیکەو بگرە لە چەند خالێکدا خراپترەو، رەشترە، بەتایبەتی لەچاو دانیشتوانی ئێراقدا، بەبەراورد لەگەڵ دانیشتوانی کوردستاندا کە کەمترین و، تەنیا پشتمان بە فرۆشتنی نەوت بەستوەو بەس! وەک دەوڵەتیکی “ریعی”، هەمو بوارەکانی( پیشەسازی کشتوکاڵی، گەشت و گوزار، بازرگانی، پەروەردەو زانست و فێرکردن) سەرەڕای ئەوەش هەمو سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵ لای هەردو حزبی تاکڕەوەوە قۆرخکراوەو گەلی کوردستانیان لێی بێبەری کردوە! وەک لە بەشی کوردستاندا ئاماژەی پێدەکەین.
بارودۆخی کوردستان لەماوەی ئەم ٢٤ ساڵەدا
کوردستان دوای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢و پێکهێنانی حوکوم لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجاو قۆرخکردنی هەمو جومگە سەرەکیەکانی (ئابوری، دارایی وپەروەردە) و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات لەلایەن هەردو حزبی قۆرخکارو بێبەشکردنی جەماوری سەرەکی لە خێروبێری کوردستان هەرچەندە ئەو جەماوەرە هەمیشە سوتەمەنیی یەک لە دوای یەکەکانی بون دژ بە داگیرکاران و دوژمنانی گەلەکەمان و بەهەژارکردنیان و بێ ئیرادەکردنی گشت تاکەکان و بەها مرۆییەکان و، لەولاشەوە بە یەکدادانی هەردو حزب و بەرپاکردنی شەڕی ناڕەوای کوردکوژی و گەل کوژی و، وێرانکردنی هەموو روەکانی ئاسۆی داهاتوو بەدەستی شەڕخوازانی ناوخۆوە! تاکو بەزەبری چاوسور کردنەوەی ئەمریکاو داننیشاندانیان لەسەر مێزی گفتوگۆ لە واشنتۆن! بەوشێوەیە بارودۆخەکە تا رادەیەک ئارامبوو، بەڵام لە رووی باری ئابوری و هەژاری و کەمدەرامەتی و ترس و دڵەڕاوکێوە وەک خۆی مایەوە، کەرتبوونی وڵاتیش بە دوو ئیدارەوە دەردێکی کوشندەبوو بۆ هاوڵاتیانی هەردو دەڤەرەکەو دابڕاندنیشیان لە یەکتری و خەستبوونەوەو قوڵبوونەوەی کێشە سیاسیەکان و پەنابردنی هەردولایەکیشیان بۆ نەیارانی گەل و وڵاتمان لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتیدا، بەم شێوەیە کوردستان لە هەموو رویەکەوە توشی قەیرانێکی دەستکردی خۆماڵی بوو کە لەو بارە تەم و مژاویەدا مافیای خۆماڵی تێداخوڵقاو کوردستانیش با وێرانبێت! بەڵێ کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ لە گێژاوی بێکەسیدا گوزەری دەکردو بارەکەیشی لەسەر هەموان قورستردەبوو تا ساڵی ٢٠٠٣کە ئەوەبوو رژێمی فاشی و دیکتاتۆریی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە سەرەونوگومکراو کوردستانیش بەتەواوی حوکمی خۆماڵی پیادەکردو ئارامیی تێدا بەرقەراربوو، لەهەمانکاتیشدا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکانی دنیادا بەسترا بێزانیاریەکی پسپۆڕی و پڕۆفێشناڵی لەلایەک، لەلایەکیکەیشەوە بانگەوازی خۆشی و خۆشگوزەرانی بۆ لێدەدرا، کە نەوت نیعمەتێکە بۆ گەلانی کوردستان و لە دواییدا دەرکەوت نەگبەتیەکە بۆ گەلانی کوردستان! وەک دەریشکەوت تەنیا لەلایەن هەردو حیزب(ینک و پدک) دەستی بەسەرداگیراو، گەلیس لێی بێبەشەو لەپاڵ سەرانی حزبدا چەندان مافیای گەورەو بچوکی حزب و سێبەرەکانیان چەندان ملیۆنێرو ملیاردێر لەماوەیەکی کورتداو بە پشتیوانیی دەستڕۆیشتوانی سەرانی حزب و مافیاکانیان وەک قارچک هەڵتۆقین! بەڵێ کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکانی جیهان دەستیانکرد بە بیرلێدان و دەرهێنانی نەوتی کوردستان بە شارەزایی و پڕ لە ئەزمونیانەوە لەلایەک و، لەلایەکیکەیشەوە بە نەزانی و نەشارەزایی و کڵۆڵی خۆمانەوە بەلێشاو خێروبێری کوردستان بە تاڵاندەبەن و لە داهاتوشدا تاکی کوردستان دەکەوێتە ژێر قەرزێکی زۆرەوەو باجەکەیشی هەموومان دەیدەین، بەڵێ لەم دۆخە قورس و گرانەدا تاکی کوردستان بەهەموو روویەکی ژیانەوە، لەژێر قورسایی ئەو بارودۆخەدا دەیناڵاندو رۆژ لە دوی رۆژیش بێئەوەی داواڕەواکانی شەقام و گەل چارەسەر بکەن! وەک ئەوەی بەرپرسییان نەکەوێتەسەر! لەولایشەوە گەلانی راپەڕیوی بەشە عەرەبیەکەی ئێراق لەژێر ئەو بارەدا راپەڕین و داوای ماف و ئازادیەکانیان دەکەن کە لە لایەن مافیاکانی حزب و دەسەڵاتەوە لێیان زەوتکراوە!
هەر بۆیە لە ئەنجامی ئەو فشارە زۆرەدا لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکانیان پێدراوە.
جابۆیە لێرەدا واپێویستدەکات کە سەرانی کورد بەوپەڕی بەرپرسیەوە چاوێک بەو بەرنامە بەسەرچووەی خۆیاندا بگێڕنەوەو دەرس لەو راپەڕینە وەربگرن و بە زویی خۆیان لە برسیکردنی گەلی کوردستان رزگاربکەن و، دەست بە چاکسازیی بنەڕەتی بکەن و لە پێناو نیشتیمان و گەل و هەژاراندا کاربکەن و مافەکانیان پێشێل نەکرێن کە خۆیان لە ئازادی و کەمکردنەوەی بێکاری و هێنانەدیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراسیدا دەبیننەوە کە زامنی پێکەوەژیانێکی ئابڕومەندانەوپەیڕەوکردنی بەهامرۆییەکانبێت.
جا بۆ چارەسەرو گرتنەبەری ئەو رێگایەش پێویستمان بەم هەنگاوانە هەیە:
١- دامەزراندنی دەزگایەکی دادوەریی بێلایەن لە دادوەرانی دەستپاک و نەترس کە فشارو پارەو شتیوا کاریانتێنەکات.
٢- جیاکردنەوەی دەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و دەستوەرنەدان لە کاروبارەکانیان.
٣- پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان لەسەر بنچینەی دڵسۆزی وپسپۆڕی لە بوارەجیاجیاکانی بەڕێوەبردنی کوردستاندا.
٤- دادگاییکردن و سزادانی ئەوانەی لە گەندەڵکارییەوە گلاون و پلەوپایەکانیان بۆ بەتاڵانبردنی ماڵی گشتی بەکارهێناوە.
٥- پاکتاوکردن و لابردنی هەموو پلەبەرزەکانی برێکارانی سەرۆکی هەرێم و جێگرو راوێژکاری پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و برێکارانی وەزیران و راوێژکاران کە بەناوی موچەوە بڕەپارەیەکی زۆریان لە بوجە پێدەدرێت.
٦- دانانی پلانێکی تۆکمەو زانستانە لەلایەن لیژنەیەکی شارەزاو پسپۆڕەوە بۆ بوژاندنەوەی کەرتەکانی ئابوری، کشتوکاڵی، پیشەسازی، گەشتوگوزار و پەروەردەو بە سیستەماتیککردنی هەمو جومگە گرنگەکانی وڵات و بایەخدان بەمافەکانی مرۆڤی کوردستان لەسەر رۆشنایی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهان.
بەوهیوایەی سەرانی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستان فەرامۆشی نەکەن و بەپەلە هەوڵی چارەسەری جیدی بدەن تاکو پڕیشکی راپەڕینی دڵسۆزو توڕە بەردەرگای پێنەگرتوون.