ئاڵۆزییه‌كانی ژینگه‌ی سیاسی، نائارامیی ژینگه‌ی ئابووری، كێشه‌كانی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ژیان به‌س نه‌بوون، پیسبوونی ژینگه‌ی میدیاییش هاتووه‌ته سه‌ر.
به‌ڕێز د. مه‌غدید سه‌پان، له گفتوگۆیه‌كدا زۆر كورت و پوخت گوزارشتی له واقیعه میدیاییه‌كه كرد، له باره‌یه‌وه وتی: “كاتێ كێشه له هه‌موو بواره‌كانی ژیانمان هه‌یه، ماقووڵ نییه چاوه‌ڕوان بین میدیاییه‌كی زۆر پیشه‌یی و ڕێكوپێكمان هه‌بێت”، ئه‌مه ڕاسته، چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌شمان نه‌بێت، به‌ڵام ده‌كرێت په‌رۆشی ئه‌وه بین میدیا وه‌ك خوێ ڕێگربێت له بۆگه‌نكردنی ته‌واوی گۆشته‌كه. ناشكرێت به‌وه ڕازی بین، خوێیهكه بۆگه‌ن بكات.
هه‌ندێ به‌ڕێز لێره و له‌وێ ده‌ستیان داوه‌ته كاری میدیایی، كه ئه‌هلی كاره‌كه نین، پێنه‌گه‌یشتوون یان تێنه‌گه‌یشتوون، هه‌شیانه تێگه‌یشتووه و وه‌ك مه‌قاش ئه‌م و ئه‌و، كردوویانه‌ته كڵاوسووری به‌ر له‌شكر و شه‌ڕی لاكۆڵانی پێ ده‌كه‌ن، له بری ئه‌وه‌ی وه‌ك مامۆستایه‌كی ئایینی ده‌یفه‌رموو “شهقاوهیهكیشمان پێویسته شه‌ق بوه‌شێنێت”، له سۆشیال‌میدیا شه‌قی پێ ده‌وه‌شێنن و به‌ری ده‌ده‌نه گیانی نه‌یاره‌كانیان.
پرسیارێك دێته پێشه‌وه، كاتێ ئه‌هلی نووسینی، كاری میدیایی ده‌كه‌یت، چۆن ده‌كرێت ڕێگه به خۆت بده‌یت به‌و بێ په‌رواییه بڕوانیته به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی وشه و كاری میدیایی، له كاتێكدا بانگه‌شه‌ی گه‌یشتن به “ترۆپكی ئیتیك” ده‌كه‌یت؟!
تێبینی ده‌كرێت، خراپ كه‌ڵك وه‌رگرتن له میدیا به گشتی و سۆشیال‌میدیا به تایبه‌تی و گواستنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ به بێ چاره‌سه‌ری هه‌واڵیانه و میدیایی پیشه‌ییانه كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر به دیارده‌بوونی حاڵه‌ته‌كانی تاوان هه‌یه.
ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی توانای خۆیان له تێكدانی ئاسایشی ده‌روونی تاك و كۆمه‌ڵ خه‌رج ده‌كه‌ن، پێیان وایه به نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵك و بڵاوكردنه‌وه و چاندنی ڕق و جیاكاری ئایینی و ڕه‌گه‌زی، كاری میدیایی ده‌كه‌ن، ئه‌رێ هیچ كات بیریان له‌وه كردووه‌ته‌وه، خه‌ریكن چی به‌رهه‌م ده‌هێنن و كۆمه‌ڵ به‌ره‌و كوێ ئاراسته ده‌كه‌ن؟
هه‌ریه‌ك له‌م وشه و ڕسته، یاخود هه‌واڵانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه، له فیشه‌كی وێڵ، له بۆمب مه‌ترسیدارترن، ڕێك ده‌ڵێی ده‌ستچن كراون بۆ ههڵپڕوكاندنی هه‌رچی جوانییه له‌م وڵاته هه‌یه، ئه‌مه‌ی ئه‌مانه ده‌یكه‌ن له كاری كاره‌كته‌ری قورمیشكراو ده‌چێت، نه‌ك تاكێك له كۆمه‌ڵگه.
وه‌رگرانی وشیار و تێگه‌یشتوو، ئه‌وانه‌ی له خه‌می خۆیان و گه‌وره وبچووكی خێزانه‌كانیان و ژینگه‌ی میدیایی و داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ن، باشتر وایه له بری لایك، شێر و كۆمێنت، چه‌كی ڕیپۆرت له دژی ئه‌م جۆره په‌یج، ئه‌كاونت و بابه‌ته بڵاوكراوانه به‌كاربهێنن.
له ڕێی سیاسه‌ت و ڕێساكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، هه‌ركه‌س به‌رپرسیارێتی ده‌مكوتكردنی ئه‌م جۆره كونهبایانهی فیتنه و شه‌ڕخوازییه بگرێته ئه‌ستۆ، كه‌مێك كاتی خۆی ته‌رخان بكات بۆ ریپۆرتكردنیان، به‌وه‌ش ده‌كرێت هه‌نگاوێك بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی میدیایی بنێین.
جێی خۆیه‌تی چۆن ژینگه پارێزان، به هه‌ره‌وه‌زی سه‌یرانگه و شار‌و و دێهات پاك ده‌كه‌نه‌وه، ئاواش به هه‌ره‌وه‌زی به‌كارهێنه‌ری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كار بكه‌ن بۆ ریپۆرتكردنی ئه‌و جۆره په‌یج و پۆستانه‌ی ده‌بنه مایه‌ی درووستكردنی ژاوه‌ژاو، ئاژاوه‌نانه‌وه، جیاكاری ڕه‌گه‌زی، نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی سیاسی، درووستكردنی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ساخته و فه‌یك، چه‌واشه‌كاری و ناوزڕاندن…ئه‌مه ڕێگه‌یه‌كی ڕاست و ئاسان و كاریگه‌ره.