ئاواره‌كانی كه‌مپێكی قه‌زای كه‌لار ژیانیان ده‌كه‌وێته‌وه مه‌ترسیه‌وه، به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كی پێسته‌وه، هه‌رچه‌نده ده‌یان كه‌س توشبون‌و هۆشداری ده‌درێت له‌په‌ره‌سه‌ندنی، به‌ڵام ته‌ندروستی گه‌رمیان به‌ئه‌سته‌می ده‌زانێت كۆنتڕۆڵبكرێت.
به‌غدادی، وه‌كو ناوی نه‌خۆشیه‌كی پێست دانراوه كه سه‌ره‌تا له‌ناوچه‌كانی خواروی عێراقه‌وه ده‌ركه‌وتووه‌و له‌ئێستاشدا له‌كه‌مپی ئاواره‌كانی قۆره‌توی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌زای كه‌لار سه‌ر به‌ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ریهه‌ڵداوه.
به‌پێی روپێوییه‌كی ئه‌لیكترۆنی رێكخراوی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان (PDA)، تایبه‌ت به‌نه‌خۆشیه گوازراوه‌كان له‌كه‌مپی قۆره‌تو، ده‌ركه‌وتوه له‌كۆی دوو هه‌زارو 779 ئاواره‌ی نیشته‌جێی ناو كه‌مپه‌كه، 116 كه‌سیان توشی نه‌خۆشی پێست (به‌غدادی) بوون.
به‌هار مونزیر، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان، به‌هاوڵاتی وت “له‌كه‌مپی ئاواره‌كانی قۆره‌تو نه‌خۆشیه‌كی مه‌ترسیدار سه‌ریهه‌ڵداوه، له‌و كه‌مپه‌دا شوێنی ژیان بۆ ئاواره‌كان گونجاو نیه”.
له‌و 116 ئاواره‌یه‌ی توشی نه‌خۆشیه‌كه بوون، 68یان له‌ره‌گه‌زی مێن‌و 48 كه‌سیان له‌ره‌گه‌زی نێرن، رێكخراوی (PDA) راپۆرتێكیان له‌وباره‌یه‌وه ئاماده‌كردوه‌و بڕیاره بیده‌نه رێكخراوه ته‌ندروستیه جیهانیه‌كان‌و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم.
به‌هار مونزیر وتیشی “به‌هۆی به‌رزی پله‌ی گه‌رماوه له‌و كه‌مپه‌دا هاوڵاتیان پێویستیه‌كی زۆریان به‌ئاو هه‌بوه، هه‌رچه‌نده پێشتریش لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان ئاگاداركردۆته‌وه به‌ڵام بۆیان دابیننه‌كراوه‌و گرنگییان پێنه‌دراوه، بۆیه توشی ئه‌و نه‌خۆشیه بون”.
ئاواره‌كانی كه‌مپی قۆره‌تو به‌هۆی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی داعشه‌وه، له‌ناوچه‌كانی دیاله‌و سه‌عدیه‌و شاره‌بانه‌وه رویانكردۆته كه‌لار، له‌ئێستاشدا كه‌مپه‌كه له‌لایه‌ن ته‌ندروستی كه‌لارو رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه سه‌رپه‌رشتی لایه‌نی ته‌ندروستی ده‌كرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان، ده‌ڵێت تیمی پزیشكیان هه‌یه‌و به‌هاوكاری رێكخراوه ته‌ندروستیه جیهانیه‌كان به‌رده‌وام پشكنین بۆ ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، كلینكێكی 24 كاتژمێریشی تێداكراوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام له‌چاودێریدان.
سیروان محه‌مه‌د به‌هاوڵاتی وت “ئه‌و نه‌خۆشیه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ركه‌وتوه، نه‌خۆشیه‌كی پێسته‌و له‌ناوچه‌كانی خواروی عێراقه‌وه هێنراوه‌و له‌بنه‌ڕه‌تدا نه‌خۆشیه‌كه له‌كوردستان بونی نیه، له‌گه‌ڵ هاتنی ئاواره‌ی نوێشدا له‌و ناوچانه‌دا نه‌خۆشیه‌كه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ كه‌سێكی تر، ئه‌سته‌مه بتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت”.
بڕیاره له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا كه‌مپینێك بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه به‌ڕێوه‌بچێت‌و بڕی 18 ملیۆن دیناریشی بۆ ته‌رخانكراوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان هۆشداریدا، به‌هۆی به‌رده‌وامی هاتنی ئاواره‌وه پێداویستی ته‌ندروستی‌و ده‌رمان به‌شی نه‌خۆشیه‌كان ناكات، چونكه مه‌ترسی ئه‌و جۆره نه‌خۆشیه ئه‌وه‌یه له‌كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر ده‌گوازرێته‌وه، “ته‌نانه‌ت هاوڵاتی كوردیش توشی نه‌خۆشیه‌كه بون، بۆیه ناتوانین له‌سه‌دا 100 كۆنتڕۆڵی نه‌خۆشیه‌كه بكه‌ین”.
چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كه به‌دوو جۆر ده‌بێت، سیروان محه‌مه‌د رونیكرده‌وه كه له‌ڕێگه‌ی ده‌رزی‌و خواردنی تایبه‌ته‌وه ده‌بێت، ده‌رزیه‌كه له‌و په‌ڵانه ده‌درێت به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌وه له‌سه‌ر پێسته‌كه دروستبوه، به‌وه‌ش خوران‌و ئازاری نامێنێت‌و رێگریش ده‌كات له‌گواستنه‌وه‌ی بۆ كه‌سێكی تر.
چاكبونه‌وه‌ی هه‌ر نه‌خۆشێكی توشبوو ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی پێویسته‌و ده‌بێت به‌شێوه‌ی كۆرس چاره‌سه‌ره‌كان وه‌ربگرێت.
سیروان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا، ده‌ستده‌كه‌ن به‌ڕشتنی ده‌رمان له‌و شوێنانه‌ی گومانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ی لێده‌كه‌ن.