ئایا نیقابپۆشه‌كان خێون؟ ئایا له پشته‌وه‌ی نیقابه‌وه چی ده‌گوزه‌رێ؟ چ ئایدۆلۆژیا و چ هێزێك خۆی مه‌ڵاس داوه؟ ده‌كرێت وه‌سفكردنی نیقابپۆشه‌كان به خێو له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرێكی كورده‌وه زۆرێك له خه‌ڵك و پیاوانی ئاینی و ئیسلامیه‌كان نیگه‌ران بكات به‌ڵام ئه‌م هه‌موو هێرشه‌ی پیاوانی ئاینی بۆشه‌ر ئافره‌تی غه‌یره حیجاب زۆر به بێده‌نگی تێپه‌ڕێت و كه‌س نیگه‌ران نه‌كات؟
چه‌مكی نیقاب ڕامان ده‌كێشێت به‌ره‌و جۆرێكی تر له قسه‌كردن له‌مه‌ڕ ئازادی، ئازادی پۆشینی جل و به‌رگ. كه‌واته ناكرێت به یه‌ك دیدگا ته‌ماشای ئازادی بكه‌ین، وه‌ك چۆن مرۆڤ ئازاده له‌وه‌ی مۆدێله‌كانی جل تاقی بكاته‌وه و به ئازادی حیجاب یان نیقاب نه‌پۆشێت، به‌هه‌مان ڕاده ئازادیشه له‌وه‌ی حیجاب یان نیقاب بپۆشێت و ئه‌مه ئه‌لف و بێی ئازادییه و هه‌موو كۆكین له‌سه‌ری، به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا نیه.
كێشه‌كه لێره‌دایه. له دنیای عه‌ره‌بی و ئیسلامی، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا جه‌سته‌ی ژن هی خۆی نیه. مێینه هه‌میشه چاوی له‌سه‌ره. زۆربه‌ی خیتابه‌كانی پیاوانی ئاینی باسكردنه له جه‌سته‌ی ژن و مێینه وه‌ك به‌ڵایه‌ك وێنا ده‌كه‌ن كه نێرینه‌كان فریو ده‌ده‌ن.تا جه‌سته‌ی ژن نه‌بێته ده‌سته‌ی خۆی تا ژن خۆی ئازاد نه‌بێت له هه‌ڵبژاردنی جلوبه‌رگ بۆ داپۆشین بان دانه‌پۆشینی جه‌سته‌ی خۆی، ئه‌م قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئازادی باڵاپۆشی ئازادی نیه و شتێكی تره. به‌مانایه‌كی تر تا ئه‌م هه‌موو قسه‌كردنه‌ی نێرینه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژن ببینین ده‌بێـت هه‌ست به‌وه بكه‌ین له پشت حیجاب و نیقابه‌وه شتی تر خۆی حه‌شارداوه ئه‌ویش پیاوانی ئاینی و هێزی سیاسی و سه‌له‌فیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه. بۆیه به‌ر له هه‌ر هێز و لایه‌نێك ژنان ده‌بێت ده‌ستی خۆیان هی خۆیان بێت، سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌م مافه ئیتر ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئه‌و ڕێڕه‌وه ڕاسته‌ی كه ژن ئازاد ده‌بێت چی له جه‌سته‌ی خۆی ده‌كات. وه‌ك چۆن پیاوان ئازادن چی له جه‌سته‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و هیچ هێز و مه‌لایه‌ك موفره‌ده‌یه‌كی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی نێرینه نیه.
ئیشكالێكی تر كه ئێستا زۆرێك له وڵاتانی خۆئاوای به‌خۆوه سه‌رقاڵ كردووه نیقابه. ئیشكاله له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا ئینسان ڕوخساری دیار نه‌بێت. سه‌خته له كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌دا كه‌سانێك هه‌بن ئاماده نه‌بن ڕوخساری خۆیان پیشانی ئه‌وانی تر بده‌ن. سه‌خته له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا بژیت به‌ڵام نه‌ته‌وێت ڕوخسارت ده‌ركه‌وێت. ئه‌مه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌لایه‌تی هه‌ڵگری ئیشكالی گه‌وره‌یه. به‌ڵام له‌ڕووی ئاسایشی نیشتیمانیشه‌وه نیقاب كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ وڵاتانی خۆرئاوا و ته‌نانه‌ت زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه دروست كردووه. له سه‌رده‌می تیرۆردا كه ئێستا سه‌ده‌ی تیرۆریزمه، سه‌خته بتوانی ئاسایشی وڵات بپارێزی به‌بێ ئه‌وه‌ی تاكه‌كان له شه‌قام و شوێنه گشتیه‌كاندا ڕوخساری خۆیان ده‌ربخه‌ن. بۆ هه‌رێمی كوردستانیش ڕاسته، زۆرێك له‌و كرده‌وه توندوتیژیانه‌ی سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی داعش، تیرۆرسته پیاوه‌كان، به نیقابی ئافره‌تانه‌وه دێنه شوێنه گشتیه‌كان و كاری خۆكوژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
له كوردستان مێینه جسته‌ی خۆی نیه. له پشته‌وه‌ی ئه‌م نیقابه، له پشتی ئه‌م له‌شكره له حیجاب له‌شكرێكی تر له پیاوی ئاینی و سه‌له‌فی و كۆنزیرڤاتیڤه‌كان ئاماده‌ن. له هه‌ر شوێنێكی دنیا حیجاب و نیقاب به‌مانای ئازادی تاكه‌كه‌سی بێت ئه‌وا له هه‌رێمی كوردسان و ناوچه‌كه هه‌رگیز دابۆشینی جسته‌ی مێینه به‌مانای ئازادی نایات به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ڕۆژێكی هه‌ینی ڕێی بكه‌وێته مزگه‌وته‌كان، هێرشی به‌شێك له پیاوانی ئاینی ده‌بینین بۆ سه‌ر ئافره‌تی غه‌یره حیجاب، بۆ سه‌ر مرۆڤه ئازادیخوازه‌كان و ڕۆشنبیران. به كورتی له‌م هه‌رێمه پرۆژه‌یه‌ك نیه بۆ ڕووتكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه ئه‌وه‌نده‌ی زیاد له پرۆژه‌یه‌ك هه‌یه بۆ داپۆشینی كۆمه‌ڵگه. كه‌سمان نه‌بینی ته‌نوره‌ی كورت ته‌وزیع بكات، به‌قه‌ت ئه‌وه‌ی له زیاد له ڕێكخراو و حزب و سه‌نته‌رێكه‌وه حیجاب ته‌وزیع ده‌كرێت به‌سه‌ر ئافره‌تانی باڵاپۆشدا و وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك هێزه دینی و ئیسلامگه‌راكان زۆر به جدی له فه‌راغی پرۆژه‌یه‌كی عه‌قڵانی ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
تا له كوردستا جه‌سته‌ی ژن نه‌بێته هی خۆی، ده‌بێت چاوه‌ڕێی زیاد له خێوێك و ده‌ركه‌وتنی زیاد له هێزێك بین كه به پرۆژه ئیش له‌سه‌ر ئه‌م به‌كۆیله‌كردنی ئیسنان ده‌كات.
عه‌زیز ڕه‌ئووف