لە كاتێكدا ئاماژە بەوەدەكرێت لە ئێران لەم ساڵانەی دواییدا حاڵەتەكانی بازرگانی كردن بە مرۆڤ، كارپێكردنی زۆرەملێ و لەشفرۆشی زیادبوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، باس لەوەش دەكرێت حكوومەت بەمەبەستی رێگری كردن لە بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە هەوڵی پێویستی نەداوە.
لە راپۆرتی تایبەتی بازرگانی كردن بە مرۆڤ بۆ ساڵی ٢٠١٥ كە وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە، باس لەوە كراوە لە بابەتی بازرگانی كردن بە مرۆڤدا ئێران بەردەوام لە درێژەدان بە وڵاتی سەرچاوە، رێڕەو و ئامانج و ژنانی ئێران لە پاڵ كچان و منداڵانی ئەو وڵاتەدا، لەلایەن گرووپگەلی جیاوازەوە رێكدەخرێن و بۆ ئیمارات و وڵاتانی ئەورووپا دەبردرێن، لەوێ ناچار بە لەشفرۆشی و كارپێكردنی بە زۆر دەكرێن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە بازرگانەكانی بازرگانی كردن بە مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٣دا كچان و ژنانی ئێرانییان ناچار بە لەشفرۆشی لە هەرێمی كوردستان كردووە و ژمارەی ئەو كچانە بەرزبووەتەوە كە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە تا ٢٠١٥ لە ئێران یان لەرێگەی ئەو وڵاتەوە براونەتە وڵاتانی كەنداو بە مەبەستی دەستدرێژیكردنە سەریان لە رووی سێكسییەوە و ناچاركردنیان بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری.
لە كاتێكدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو كچانەدا كراوە كە لە تاران، تەورێز و ئاستارا كاری لەشفرۆشییان بە ناچاری پێ ئەنجامدەدرێت، رێكخراوەكانی تاوانی رێكخراو بە زۆر سواڵكەری یان دەستگێڕی بە منداڵانی كۆچبەرەكان و منداڵانی ئێرانی لە شەقامەكانی تاران و شارە جیاوازەكاندا دەكەن.
لە راپۆرتەكە باس لەوەكراوە كە دەستدرێژی سێكسی، توندوتیژی و ماددەی هۆشبەر وەك ئامرازی فشار بەكاردەهێنرێن و ژمارەیەك لە منداڵان لە وەرشەكاندا كاریان پێدەكرێ.
هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە بازرگانانی مرۆڤ كۆچبەرانی ئەفغانی لە كێڵگەكان و بوارەكانی بیناسازیدا بێ ئەوەی رەزامەندییان هەبێت، بە زۆر كاریان پێدەكەن و منداڵانی كوڕی ئەو كۆچبەرانەش لەلایەن خاوەنكارەكانەوە بەرەوڕووی بەكارهێنانی سێكسی وبەرەوڕووی دەستدرێژی سێكسی لەلایەن هێزەكانی ئەمنییەوە دەبنەوە.
لە راپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە كە حكوومەتی ئێران بەمەبەستی رێگریكردن لە بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە رێوشوێنی زۆر كەمی گرتووەتە بەر و ئاماژە بەوەشكراوە كە یاساكان لەو رووەوە بە گوێرەی پێویست نین.
لەو یاسایەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا دەركراوە و قەدەغەی بەكارهێنانی لایەنی لاوازی قوربانییەكان قۆستنەوەیان بە شێوەیەكی خراپ دەكات، باس لەوە دەكات كە ئەگەر بێت و بەمەبەستی لەشفرۆشی، كۆیلایەتی یان هاوسەرگیری بەزۆر هەڕەشە، فشار، هێز یان دەسەڵات بەكاربهێرێت ئەوا هەر یەك لەو تاوانانە ئەگەر هاتوو قوربانییەكە گەیشتبووە تەمەنی یاسایی ئەوا سزاكەی ١٠ ساڵ زیندانی كردن بەسەر تاوانباردا دەسەپێنرێت و ئەگەر هاتوو قوربانییەكە منداڵ بوو ئەوا سزای توانبار لەسێدارەدانە. بەڵام پەیوەست بە بازرگانی كردن بە پێگەیشتووەكانەوە سزاكە بەپێی سزای دەستدرێژی رێژەیی نییە. ئەوە دەزانرێت كە سزاكانی دەستدرێژی لە ئێران بەلەسێدارەدان سزا دەدرێت.
لە راپۆرتەكەدا ئاماری لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە، دادگایی كردن و ئەو كەسانەی سزادراون لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە رانەگەیەنراوە و باس لەوە كراوە حكوومەت بەردەوامە لەوەی قوربانییانی بارزگانی كردن بە مرۆڤەوە باجی ئەو تاوانانە بدەن.
قوربانییانی بیانی تا ئەو كاتەی دیپۆرتی وڵاتەكانیان دەكرێنەوە بە بڕیاری دادگا لە بنكەكانی چاكسازی و شوێنی تایبەتی دەستبەسەركردندا رادەگیرێن، بەڵام ئەم كەسانە هەروەك چۆن لە مافەكانی كۆمەڵایەتیی و یاسایی سوودمەند نابن، بەو جۆرەش بێبەش دەكرێن لەو خزمەتە سنووردارەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێشكەشی دەكەن.
لە راپۆرتەكەدا باس لەوەش دەكرێت حكوومەت بەمەبەستی رێگریكردن لە بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە هەوڵی پێویستی نەداوە و لە سیاسەت و چالاكییەكانیاندا لەبارەی رێگریكردن لە بازرگانی بە مرۆڤەوە شەفاف نین، و لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا هاریكارییەكی ئەوتۆ ناكەن، جەخت لەسەر ئەوەش كراوەتەوە حكوومەتی ئێران هەوڵی دیاری نەداوە بۆ رێگریكردن لەهەریەك لە لەشفرۆشی، گەشتیاری لەشفرۆشی، بەكارهێنانی منداڵ لە رووی سێكسییەوە و كارپێكردنی بەزۆر.